ڕێنوێنی بۆ گۆڕینی دایبی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-07-22:29:00 - کۆدی بابەت: 7126
ڕێنوێنی بۆ گۆڕینی دایبی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتێک منداڵێک دایبییەکەی پیس بووە دەبێت بیگۆڕیت و پاکی بکەیتەوە و دایبییەکی نوێی بۆ هەڵگریت، بەڵام منداڵ ناسکە و پێویست دەکات هەنگاو بە هەنگاو بزانیت کە دەبێت چۆن دایبی منداڵەکەت بگۆڕیت تاکوو زیانی پێ نەگات.

هەنگاوەکانی گۆڕینی دایبی منداڵ

هەنگاوی یەکەم 

دەستەکانت بە باشی بشۆ و ئەگەریش لە شوێنێک بوویت ئاو و سابوونی لێ نەبوو دەستەکانت بە شتێک بسڕە و هەرگیز بە دەستی پیسەوە دایبی منداڵەکەت مەگۆڕە و هەمیشە پێش پاککردنەوەی منداڵەکەت وادابنێ کە دەستەکانت پیسە.

هەنگاوی دووەم 

دایبییە نوێیەکە ئامادە بکە بۆ منداڵەکەت و منداڵەکەت لەلای خۆتدا دابنێ و جێگیری بکە و دڵنیابە لەوەی کە ئەو شوێنەی منداڵەکە تێیدا ڕاکشاوە تەواو پاکوخاوێنە.

هەنگاوی سێیەم 

لەم هەنگاوەدا بە هێواشی دایبییە کۆنەکە لە منداڵەکە بکەرەوە و ئاگاداربە کە پیسی ناو دایبییەکە نەکەوێتە سەر زەوییەکە، قاچەکانی منداڵەکەت بەرز بکەرەوە و دایبییە کۆنەکە بسڕە پێیدا سەرەتا تاکوو هەموو پیساییەکە بە تەواوی بە دایبییەکەدا بلکێت ئەگەر پیسایی کردبوو و ئینجا ڕایکێشە لە ژێریدا.
کاتێک دایبییە پیسەکە دەردەهێنیت لەوانەیە منداڵەکە دەست بدات لە دایبیەکە یان جەستەی خۆی و دەستی پیس ببێت دەبێت بە تەواوی ئاگاداربیت کە منداڵەکەت دەست نەدات لە دەمی و ڕووخساری تاکوو دەستی پاک دەکەیتەوە و دەیشۆیت.

هەنگاوی چوارەم

کلێنسی تەڕ بەکارمەهێنە بۆ منداڵەکەت چونکە زیانی هەیە بەڵکوو منداڵەکەت بشۆ یاخود پارچە پەڕۆیەکی نەرم و پاک بهێنە و ئاوی شلەتێن دابنێ لەلای خۆتدا و پەڕۆکە بکە بە ئەو ئاوەدا و منداڵەکەی پێ پاک بکەرەوە و دواتر وشکی بکەرەوە، ئەگەر منداڵەکەت کوڕە ئاگاداربە کە کاتی پاککردنەوە کە سەرمای دەبێت زوو میز دەکات و میزەکە هەڵدەدات، وە ئەگەریش منداڵەکەت کچ بوو هەرگیز لە خوارەوە بۆ سەرەوە پاکی مەکەرەوە واتە لەناوچەی کۆمییەوە بەرەو ناوچەی ئەندامی زاوزێی مەڕۆ چونکە پیسی ناوچەی کۆمی دەچێتە ئەندامی زاوزێی و تووشی هەوکردنی دەکات، زۆر گرنگە پشتی منداڵەکەشت بەباشی پاک بکەیتەوە چونکە زۆرجار پیسایی تاکوو پشتی منداڵەکە دەڕوات، دواتر دڵنیابە لەوەی کە تەواوی جەستەی منداڵەکەت پاکە و هیچ پیساییەکی پێوە نەماوە و پاشان منداڵەکەت وشک بکەرەوە و ئەگەر کرێمێکی تایبەتی سووتانەوە یاخود خورانی هەیە بۆی بەکاربهێنە و لێی بدە.

هەنگاوی پێنجەم

لەم هەنگاوەدا قاچەکانی منداڵەکەت بەرز بکەرەوە و دایبییە نوێیەکە بخەرە ژێرییەوە و ئەگەر منداڵەکەت کوڕە سەرەتا ئەندامی نێرینەی بەرەو خوارەوە بهێنەوە تاکوو کاتی میز کردنی ئەگەری ئەوەی کە میزەکە بێتە دەرەوە ڕوونەدات، ئەگەر منداڵەکەت تازە لەدایک بووە و هێشتا ناوکەکەی نەکەوتووە دەبێت وریا بیت کە دایبییەکە بەسەر ناوکی منداڵەکەدا نەبەیت، دواتر بە چەسپەکەی دایبیەکە ببەستە و ئاگاداربە کە زۆر توند نەبێت کە ئازاری بدات و زۆر شلیش نەبێت کە میز و پیساییەکە بێتە دەرەوە.

هەنگاوی شەشەم

ئەگەر منداڵەکەت دەستی داوە لە پیساییەکەی دەستی بشۆ و دواتر دایبیە پیسەکە لاببە و بیکەرە سەتڵی خۆڵەکەوە و هەرگیز بەجێی مەهێڵە لە ژوورەکەدا چونکە ئەگەری زۆرە منداڵەکە دەستی بۆ ببات و بیکات بە دەمیدا.

چەند کاتژمێر جارێک دەبێت دایبی منداڵ بگۆڕدرێت؟

کاتێک کە دایبییەکە بە تەواوی تەڕ بووە یاخود کە منداڵەکە خۆی پیس کردووە دەبێت بەخێرایی دایبیەکەی بگۆڕیت، کەواتە دەبێت هەر ٢ بۆ ٣ کاتژمێر جارێک دایبی منداڵەکە بگۆڕیت.
کاتێک منداڵەکەت خەوتووە دایبییەکەی مەگۆڕە با خەوەکەی تێک نەچێت، بەڵام کاتێک لەخەو هەستا خێرا و بەبێ دواکەوتن بیگۆڕە.

چەند ڕێنماییەک بۆ گۆڕینی دایبی منداڵەکەت

  • لەکاتی گۆڕینی دایبییەکەیدا با ئەو ژوورە تاریک نەبێت چونکە زۆرجار بە جوانی پاک ناکرێتەوە منداڵەکە، دەبێت بە جوانی سەیری بکەیت تاکوو شوێنێکی پیس بەجێ نەهێڵیت، هەروەها لە تاریکیدا ئەگەری شت کەوتن بەسەریدا یاخود پێوەدانی مێرووەکان بە منداڵەکەوە هەیە بە تایبەت کاتێک کە منداڵەکەت هەستیارترین بەشی جەستەی ڕووتە.
  • ئەگەر منداڵەکەت هەستیاری هەیە بە دایبییەکە بۆی بگۆڕە و یاخود ئەگەر هەستیاری نییە و خۆی دەسوتێتەوە ئەوا زوو زوو پاکی بکەرەوه و مەهێڵە زۆر بە تەڕی و پیساییەکەوە بمێنێتەوە، وە کرێمی دژە سووتانەوە و هەوکردنی بۆ بەکاربهێنە لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا هەرگیز بەبێ پرسی پزیشک هیچ کرێمێک و دەرمانێک بەکارمەهێنە بۆ منداڵەکەت.
  • زۆر گرنگە ئەو شوێنەی کە منداڵەکەتی لێ پاک دەکەیتەوە شوێنێکی تەخت بێت و لێژ و بەرز نەبێت، چونکە منداڵ دەجووڵێت و ئەگەری کەوتنی لەو کاتەدا زۆرە، هەروەها دەبێت ئەو شوێنەی منداڵەکەی لەسەر دادەنێیت زۆر پاکوخاوێن بێت.
  • کاتێک لە ماڵەوە دەچیتە دەرەوە ئەگەر بۆ شوێنێکی زۆر نزیکیش بێت و یاخوود کاتێکی زۆر کەمیشت پێ بچێت با دایبی زیادەت پێ بێت بۆ منداڵەکەت چونکە لەوانەیە تەنها چەند خولەکێک دوای چوونە دەرەوەتان خۆی پیس بکات، نابێت منداڵەکە بەو پیسییەوە بمێنێتەوە تاکوو دەگەڕێنە ماڵەوە.
  • دایبی منداڵەکەت با قەبارەی خۆی بێت و گونجاو بێت نە گەورە و نە بچووک بێت.
  • کاتێک منداڵەکەت پاک دەکەیتەوە ڕووخۆشبە لەگەڵیدا و قسەی بۆ بکە و بە چاو بۆی پێبکەنە و هەرگیز وەڵامدانەوەیەکی ناشرینت نەبێت بۆی بەوەی کە خۆی پیس کردووە و بۆنی ناخۆشە، تاکوو دەتوانیت یاری بۆ بکە و ختووکەی بدە.


سەرچاوەکان



3676 بینین