ڕێگاکانی گرنگیدان بە خود

له‌لایه‌ن: - سۆز عطا - به‌روار: 2021-11-09-01:12:00 - کۆدی بابەت: 7135
ڕێگاکانی گرنگیدان بە خود

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گرنگیدان بە خود بریتییە لە ڕەفتاری ژیرانە کە کەسێک دەیکات بۆ تەندروست بوونی لایەنی جەستەیی و مێشکیی و هەستیی، بۆ نموونە خەوتن بە ڕادەی پێویست یاخود خواردن بە شێوەیەکی تەندروست و ئەم ڕەفتارانە بە پێی شێوازی ژیانی کەسەکان دەگۆڕێت.

هەموو ڕێگەکانی ئارامکردنەوەی دوودڵی، ناتوانن یارمەتیدەر بن بۆ تاکێک ئەگەر خۆی ویستی نەبێت گرنگی بە خۆی بدات، بۆ نموونە کرداری مێدتەیشن یان تێڕامانی قووڵ (Meditation) هیچ کاریگەرییەکی باشی نابێت ئەگەر بەشی پێویست لە ڕۆژێکدا نەخەویت، هەروەها وەرزشکردن یەک جار لە ژیانتدا هیچ سوودێکی نابێت ئەگەر بەردەوام نەبیت لەسەری و خشتەیەکی خواردنی تەندروستت نەبێت، هەر بۆیە پێویستە سەرەتا گرنگی بە پێویستییە سەرەتاییەکان بدرێت پاشان چالاکییەکانی ئارامکردنەوەی دوودڵی کاریگەر دەبن.
گرنگیدان بە خود، کردارێکی فرە چەشنی مەبەستداری تێکەڵکراوە لە ڕێچکەی بەهێز, بۆ زیادبوونی تەندروستبوون و باشتربوونە.
گرنگیدان بە خود گرنگە بۆ بنیادنانی بەرگەگرتنی ئەو دوودڵی و پەستانە دەروونییانەی لە ژیاندا هەن و ناتوانرێت کەم بکرێنەوە, کاتێک مرۆڤ هەنگاو دەنێت بۆ گرنگیدان بە مێشک و جەستەی واتە دەیەوێت خۆی تەرخان بکات بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز ژیان بکات، هەرچەندە زۆر لە خەڵکی پێیان وایە کە گرنگیدان بە خود لاوەکییە و کارێکی لە پێشینە نییە تاکوو ئەنجام بدرێت، لە ئەنجامدا تووشی پەرێشانی و ماندوویەتی دەبن و ناتوانن ڕووبەڕووی ئاستەنگە مسۆگەرەکانی ژیان ببنەوە.

پێنج خاڵ بۆ گرنگیدان بە خۆت

گرنگیدان بە لایەنی جەستەیی 

پێویستە گرنگی بدرێت بە لایەنی جەستەیی ئەگەر مرۆڤ ویستی چوستی و چالاکبوونی هەبێت، چونکە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان جەستە و مێشکدا هەیە، کاتێک گرنگی بە جەستە دەدرێت ئەوکات مرۆڤ باشتر لە خۆی دەڕوانێت و هەستی بەرانبەر خۆی باش دەبێت.
گرنگیدان بە لایەنی جەستەیی، ڕێژەی خواردن و خەوتن و ڕادەی چالاکبوون و هەبوونی وزە لە کردنی کارەکاندا دەگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەرمانی پزیشکی هەبوو، ئەوا خواردن و وەرگرتنیان لە کاتی خۆیدا و سەردانکردنی پزیشک و دانانی خشتەیەکی تەندروست، ئەمانە هەموویان بەشێکن لە گرنگیدان بە خود.
بۆ زانینی ڕێژەی گرنگیدانت بە خۆت، ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:

  • ئایا ڕێژەی پێویست لە ڕۆژێکدا دەخەویت؟
  • ئایا ڕێژەی پێویست خواردن دەخۆیت، بەبێ زۆرخۆری و کەمخۆری؟
  • ئایا بە پێی پێویست وەرزش دەکەیت؟
  • ئایا گومان لە هەبوونی کێشەیەکی تەندروستی دەکەیت؟

گرنگیدان بە لایەنی کۆمەڵایەتی

کۆمەڵایەتی بوون کلیلی گرنگیدانە بە خود، هەرچەندە زۆرجار قورسە کات بۆ هاوڕێکانت دابین بکەیت بەڵام لات ئاسایی بێت پەیوەندییەکانت فەرامۆش بکەیت کاتێک زۆر سەرقاڵیت و گەرموگوڕ نیت لەگەڵیاندا، پەیوەندی ڕاست و نزیک و دڵسۆزانە لایەنی دەروونی بەرەو باشبوون دەبات، باشترین ڕێگە بۆ گەشەکردن و پاراستنی پەیوەندییە نزیکەکان ئەوەیە کە کات و وزە دابنرێت بۆ دروستکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەوانی تردا.
ژمارەیەکی دیاریکراوی کاتژمێر نییە کە پێویستە تەرخان بکرێت بۆ هاوڕێکان یان کار لەسەر پەیوەندیەکان بکرێت، چونکە هەموو کەسێک پێداویستی کۆمەڵایەتی جیاوازی هەیە، کلیلەکە ئەوەیە کە بزانیت پێویستییە کۆمەڵایەتیەکانی خۆت چین بۆ دانانی کاتی پێویست لە خشتەکەتدا بۆ بنیادنانی ژیانێکی کۆمەڵایەتی گونجاو.

بۆ هەڵسەنگاندنی چاودێرییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆت، ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکە:

  • ئایا کاتێکی تەواوت هەیە بۆ بینینی هاوڕێکانت؟
  • چی دەکەیت تاکوو پەیوەندییەکانت لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت پتەوتر بکەیت؟

گرنگیدان بە مێشک

شێوازی بیرکردنەوە و ئەو شتانەی مێشکیان پێوە سەرقاڵ دەکرێت کاریگەرییەکی زۆری لەسەر باشبوونی جەستە هەیە، گرنگیدان بە مێشک ئەو شتانە دەگرێتەوە کە یارمەتی مێشک دەدەن بیرتیژ بمێنێتەوە، بۆ نموونە وەک مەتەڵ یاخود فێربوونی ئەو بابەتانەی کە چێژێکی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت، ڕەنگە کتێبێک یاخود فیلمێک هانی مێشکت بدات تا بەرەو پێش بچێت و زیندوو ببیتەوە بۆ گەشەکردن.
گرنگیدان بە مێشک ئەو شتانەش دەگرێتەوە کە وادەکەن مێشک بە تەندروستی بمێنێتەوە بۆ نموونە هەوڵدان بۆ نەرمبوون لەگەڵ خۆت و قبووڵ کردنی خۆت کە وادەکەن لەگەڵ دەروونت یەکانگیر بیت و هەست بە ئاشتی بکەیت لە ناختدا

لێرەدا هەندێک پڕسیار هەن کە دەبێت ڕەچاو بکرێت لە پڕۆسەی گرنگیدان بە مێشکدا:

  • ئایا چالاکییە گرنگەکان دەکەیت کە دەروونییانە هانت دەدەن؟
  • ئایا شتانێکی ئەرێنییانە و چالاکانە دەکەیت کە سوود بگەیەنێت بە مێشکت و دەروونت ئارام بکەنەوە؟

گرنگیدان بە لایەنی ڕۆحی

توێژینەوەکان دەریان خستووە ئەو شێوازی ژیانەی ئایین و کردارەکانی دیکەی ئارامکردنەوەی لایەنی ڕۆحییان تێدایە، شێوازی ژیانێکی تەندروستترن، پەروەردەکردن و گرنگیدان بە ڕۆح، بە هەر شێوازێک بێت، یارمەتیدەر دەبێت کە مانایەکی قووڵتر بۆ شتەکان بدۆزیتەوە، بۆ نموونە وەک نوێژکردن، تێڕامان، یاخود شوێن کەوتنی ئایینێکی ئاسمانی کە یارمەتیدەر دەبن لە تێرکردنی ڕۆح.

گرنگیدان بە لایەنی هەست و سۆز

گرنگە مرۆڤ شارەزاییەکی تەندروستی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەستە ناخۆشەکاندا، وەک توڕەیی و خەم و دڵتەنگی، گرنگیدان بە لایەنە هەستییەکان ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە کە یارمەتی درک پێکردن و ناسینەوە و دەربڕینی هەستەکان دەدات بە ڕێگەیەکی سانا، ئەگەر لە ڕێی گفتوگۆبێت لەگەڵ خێزان یان هاوڕێی نزیک دەربارەی چۆنییەتی هەستکردن، یاخود کات تەرخانکردن بۆ کردنی ئەو چالاکییانەی کە خۆشی و چێژ دەبەخشن و هەستە ناخۆشەکان کەم دەکەنەوە.

بۆ هەڵسەنگاندی ڕێژەی گرنگیدان بە هەستەکان، ئەم پرسیارانە لە خۆت بکە:

  • ئایا ڕێگەیەکی تەندروستت هەیە بۆ دەربڕینی هەستەکانت؟
  • ئایا ئەو چالاکییانە دەکەیت یارمەتیدەرن بۆ نوێ بوونەوەی هەستە باشەکانت؟

گرنگیدان بە خود یەک ڕێچکە نییە کە لەسەر هەمووان جێبەجێ ببێت، چونکە هەر مرۆڤێک پلانی گرنگیدانی بە خۆی جیاواز دەبێت بە پێی شێوازی ژیانی، بۆ نموونە پلانی قوتابییەکی کۆلیج کە زۆر سەرقاڵە و مێشکی ماندووە, شپرزەیی لەلایەنی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکات و ئەوکات زیاتر دەتوانێت گرنگی بە لایەنی جەستەیی خۆی بدات.
ئەگەر هەست دەکەیت لایەنێکی ژیانت فەرامۆش کردووە ئەوا پێویستە پلانێکی بۆ دابنێیت تا بیگۆڕیت بەرەو باشتر, ناکرێت هەموو شتێک لە یەک کاتدا چارەسەر بکرێت، بەڵکو پێویستە هەنگاوی بچووک و گرنگ بنرێت بۆ باشتربوون و گرنگیدان بە خود بکرێتە بەشێکی پێویست و گرنگی ژیان و بە لاوەکی دانەنرێت.


سەرچاوەکان

3841 بینین