وشکەساڵی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-13-22:30:00 - کۆدی بابەت: 7185
وشکەساڵی

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی وشکەساڵی

وشکەساڵی بە ئینگلیزی (drought)، ڕووداوێکی کەمبوونەوەی بەردەوامی ئاوی هەڵگیراو یان ئازووقەی ئاوە یان لە کەشدا یان لە ئاوی سەر زەوی یان ئاوی ژێر زەویدا، دەشێت وشکەساڵی چەند مانگێک یان چەند ساڵێک بخایەنێت، یان لەوانەیە دوای کەمتر لە 15 ڕۆژ ڕابگەیەنرێت، وشکەساڵی دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیستەمی ژینگەیی و کشتوکاڵی ناوچە زیانلێکەوتووەکان هەبێت و زیان بە ئابووری ناوخۆیی بگەیەنێت، بێبارانی ساڵانە لە ناوچەی یەکسانبوون لە گۆی زەویدا بە شێوەیەکی بەرچاو شانسی وشکەساڵی و دواتر ئاگر تێبەربوونی دارستانەکان زیاد دەکات، هەروەها ماوەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دەتوانێت کاریگەرییەکانی وشکەساڵی خراپتر بکات بەوەی ڕێژەی بەهەڵمبوونی ئاو خێراتر دەکات، وشکەساڵی خەسڵەتێکی دووبارەی کەشوهەوایە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، هەرچۆنێک بێت ئەم وشکەساڵییە ئاساییانە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە قورستر و پێشبینی نەکراوتر بوون، لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکانی سەر بە تەمەن‌ناسی دار، یان دەوران ناسی پشتڕاستی دەکاتەوە کە کاریگەری گەرمبوونی زەوی لەسەر وشکەساڵی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1900، زۆرێک لە جۆرەکانی ڕووەک، وەک ئەوانەی کە لە خێزانی (کاکتا)ـین گونجاندنێکی بەرگەگریی وشکەساڵییان هەیە وەک کەمبوونەوەی ڕووبەری گەڵا و توێخێکی مێوین بۆ بەرزکردنەوەی توانایان بۆئەوەی بەرگەی وشکەساڵی بگرن، هەندێک جۆری تری ڕووەکەکانی وەکو تۆوی بەخاک سپێردراو لە وشکەساڵی ڕزگاریان دەبێت، وشکەساڵی نیمچە هەمیشەیی ناوچە بایۆلۆجییە وشکەکانی وەک بیابان و سەوزایی بەرهەم دەهێنێت، هەروەها وشکەساڵییە درێژخایەنەکان بوونەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵ و قەیرانی مرۆیی، زۆربەی سیستمە ژینگەییە وشکەکان بە شێوەیەکی سروشتی لە ئاستێکی بەرهەمهینانی نزمدان، درێژخایەنترین وشکەساڵی جیهان کە لە مێژوودا تۆمارکراوه لە بیابانی ئاتاکامای چیللی ڕوویدا لە ساڵەکانی 400، بەدرێژایی مێژوو مرۆڤەکان بەهۆی کاریگەری لەسەر بەردەستبوونی خۆراک و باقی کۆمەڵگاوە وشکەساڵییان بە "کارەسات" سەیرکردووە، مرۆڤەکان زۆرجار هەوڵی ئەوەیانداوە ئەوە ڕوونبکەنەوە کە وشکەساڵی یان کارەساتێکی سروشتییە کە بەهۆی مرۆڤەوە یان لە ئەنجامی هێزەکانی سەرووسروشتەوە دروست دەبێت.

جۆرەکانی وشکەساڵی

  1. وشکەساڵی کەشناسییانە: ئەم جۆرەی وشکەساڵی کاتێک ڕوودەدات کە ڕێژەی دابارین کەمترە لە ڕێژەی دیاریکراو و ئەم بارودۆخە درێژەدەکێشێت، زۆرجار وشکەساڵی کەشناسییانە پێش جۆرەکانی تری وشکەساڵی ڕوودەدات.
  2. وشکەساڵی کشتوکاڵی: وشکەساڵی کشتوکاڵی کاریگەری هەیە لەسەر بەرهەمهێنانی بەروبووم یان بارودۆخی ژینگەیی، ئەم دۆخەش دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە هەر گۆڕانکاریەک لە ئاستی داباریندا ڕووبدات کاتێک یان ئاودێری زیاد دەکات یان توانای چالاکی خاک لە سیستمی ژینگەیی و داخوران زیاد دەکات کە بەهۆی کەم پلانی کشتوکاڵی و کەمی هەوڵی جدییەوە ڕوویداوە و ‌دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەردەست بۆ بەروبوومەکان.
  3. وشکەساڵی ئاوزانی: ئەم جۆرە وشکەساڵییە کاتێک ڕوودەدات کە ئاوی عەمبارکراو "یەدەگ" لە سەرچاوەکاندا بەردەستە وەکو چینە ئاوکۆکەرەوەکان و دەریاچەکان و عەمارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت بۆ نزمترین ئاستی، وشکەساڵی ئاوزانی زۆر بەهێواشی دەردەکەوێت چونکه ئاوی هەڵگیراو لەخۆدەگرێت کە بەکاردێت بەڵام پڕناکرێتەوە، وەکو وشکەساڵی کشتوکاڵی ئەم جۆرەش دەشێت بە کەمبارانی و زیاتر کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین دەست پێبکات، لەبەرئەوە ئەگەر وشکەساڵی بەردەوام بێت ئەوا بارودۆخ وردە وردە خراپتر دەبێت و وردە وردە کاریگەری لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە زیاددەکات.

هۆکارەکان

کەمی دابارین و بەرزبووەوەی پلەی گەرمی کەش و گۆڕانی کەشوهەوا و پلەی گەرمای زەریاکان و گۆڕانکاری لە جێت ستریم (بایەکی توندە، لە سەرووی عەرزەوە هەڵدەکات و کاریگەری بەسەر ئاوهەوای زەوی‌یەوە هەیە)، و داخوران و چالاکییەکانی مرۆڤ بەهۆی زیادەڕەوی کردن لە کشتوکاڵ و ئاودێری و بڕین و سووتاندنی دارستانەکان و هەروەها گۆڕانکاری لە دیمەنی سروشتییە ناوخۆییەکاندا هەموویان بەشداری لە هۆکارەکانی وشکەساڵییدا دەکەن.

دەرئەنجامەکان

دەتواندرێت کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەم‌ئاوی دەبەشبکرێت بەسەر سێ کۆمەڵەدا، ئەوانیش ژینگەیی و ئابووری و کۆمەڵایەتین.

  • کاریگەرییە ژینگەیەکان: کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی سەر ڕووی زەوی و ژێر زەوی و کەمبوونەوەی ئاستی هەڵقوڵین و ڕژانی ئاو دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی سەر ڕووی زەوی و تەواو وشکبوونەوەی زەلکاوەکان و ئاگرکەوتنەوەی زیاتر و گەورەتر و لەدەستدانی زیندەفرەجۆری و خراپتربوونی تەندروستی درەختەکان و دەرکەوتنی ئافاتی دەغڵودان و نەخۆشکەوتنی درەختەکان.
  • کاریگەرییە ئابوورییەکان: بریتین لە کەمی بەرهەمی کشتوکاڵی و دارستانەکان و ڕاوەماسی و زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی خۆراک و کەمی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی و هەروەها زیانەکانی بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی گەشتوگوزاری ئاو و گواستنەوە و کێشەی دابینکردنی ئاو بۆ کەرتی وزە و پرۆسەکانی تەکنەلۆژیا لە بواری کانزاناسی و کانسازی و کیمیایی و کاغەز و دار و پیشەسازییەکانی خۆراک.
  • کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان: بریتین لە کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان کە دەشێت بەهۆی ئەم دیاردەیەوە بێت "شەپۆلەکانی گەرمای لەڕادەبەدەر"، لەوانەیە ئاوی عەمارکراو سووردار بکات و ئاستی پیسبوونی ئاو زیاد بکات و نرخی خواردن بەرزببێتەوە و بەروبووم بفەوتێن و ئەمەش ببێتە هۆی دروستکردنی فشار لەسەر خاوەن کێڵگەکان و...هتد، ئەمەش ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی وشکەساڵی و کەمی ئاوی خواردنەوه وەکو هۆکارێک ڕۆڵ دەگێڕێت و بۆشایی نێوان وڵاتە گەشەسەندوو و پێشکەوتووکان پڕدەکاتەوە.


سەرچاوەکان

725 بینین