نیویۆرک تایمز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-14-01:29:00 - کۆدی بابەت: 7186
نیویۆرک تایمز

ناوه‌ڕۆك

نیویۆرک تایمز

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز (بە ئینگلیزی: The New York Times) ڕۆژنامەیەکی ئەمریکییە و بنکەکەی لە شاری نیویۆرکە، ڕۆژنامەیەکە خاوەن پێگەیەکی جیهانیی باوەڕپێکراوە و کاریگەرییەکی گەورەی هەیە. ساڵی ١٨٥١ دامەزراوە و زیاتر لە ١٢٠ جار بووە بە خاوەنی خەڵاتی پۆلیتەرز کە زیاترە لە هەر ڕۆژنامەیەکی دیکە. ڕۆژنامەکە خاوەن پێگەی ١٧ـیەم پڕفرۆشترین ڕۆژنامەیە لە ڕۆژێکدا و دووەمی ئاستی ئەمریکایە.

زانیاری گشتی

خاوەنی ڕۆژنامەکە کۆمپانیای نیویۆرک تایمزە، ئەم خێزانە لە ساڵی ١٨٩٦ـەوە خاوەندارێتی ڕۆژنامەکە دەکەن، ئارسەر ئۆکس سولزبێرگەری کوڕ بەڕێوبەری کۆمپانیا و ئارسەر گرێگ سولزبێرگەر بڵاوکەرەوەی ڕۆژنامەکەیە کە هەردوو نەوەی چوارەم و پێنجەمی خێزانەکەن.

ڕۆژنامەکە بە (خانمە خۆڵەمێشەییەکە)ـش دەناسرێت و زۆرینەی کات وەک یەکەمین سەرچاوەی زانیاری باوەڕپێکراوی ئەمریکی لەلایەن دەوڵەتانی دیکەوە وەردەگیرێت.

یەکەمین ڕۆژنامەی لە ڕۆژی ١٨/٩/١٨٥١ بەناوی نیویۆرک دەیلی تایمز بڵاوکردەوە کە ئەوکات لەلایەن هێنری گارڤێس ڕیمۆند و جۆرج جۆنزەوە دروستکرابوو و لە چوار پەڕەدا بڵاودەکرایەوە، پێش دروستکردنی ڕۆژنامەکە ڕایمۆند جێگری پارێزگاری نیویۆرک بوو، لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا بڕیاردرا بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکە لە هەموو ڕۆژێکدا جگە لە ڕۆژانی یەکشەممە.

ساڵی ١٨٥٧ ناوی گۆڕا و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، بەڵام لە کۆتایی سەدەی نۆزدە شکستێکی گەورەی هێنا و ئەوکات لەلایەن (ئەدۆڵف ئۆچ)ـەوە کڕدرایەوە لە ساڵی ١٨٩٦، کە توانی پەرەی پێ بدات و گەورەتری بکات و چەندین بنکەی دیکەی بۆ دروست بکات. بەوشێوەیە ئەو کۆمپانیایە بەردەوامە لە خاوەندارێتی ڕۆژنامەکە هەتاوەکوو ئەمڕۆ و لە ساڵی ١٩٦٧ کە گەیشتە لوتکە بڕیاردرا بە نووساندنی بە کۆمپانیای نیویۆرک تایمزەوە.

کڵێشە

کۆمپانیای نیویۆرک تایمز خاوەنی ڕۆژنامەیەکی دیکەیە بەناوی "بۆستن گڵۆب" لەگەڵ ٢٠ ڕۆژنامەی دیکە و کۆمەڵێک گۆڤار و کەناڵی تەلەڤزیۆنی و وێستگەی ڕادیۆ، جیا لەمە کۆمەڵێک پشکی لە کارگەی دروستکردنی ڕۆژنامەدا هەیە، هەروەها خاوەنی نیویۆرک تایمزی نێودەوڵەتییە بەناوی "ئینتەرناشیۆناڵ نیویۆرک تایمز" کە لە ساڵی ٢٠١٣ ناوەکەی گۆڕا، پێشتر بە ناوی "ئینتەرناشیۆناڵ هیرالد تێربیۆن" بڵاوکراوەکانی پەخش دەکرد.

ڕۆژنامەکە هەریەک لە بابەتەکانی وەرزش و سیاسەت و ئابووری و خێزان و هەواڵی گشتی و گەشت و هونەر و هەلی کار لەخۆ دەگرێت، ڕۆژانی یەکشەممەش "نیویۆرک تایمز مەگەزین" و "نیویۆرک تایمزی ڕیڤیوی کتێب" بڵاودەکاتەوە، ساڵی ٢٠١٦ـش بەشی ئەلیکترۆنیی ئیسپانیی ڕۆژنامەکەی کردەوە.

نیویۆرک تایمز نزیکەی ١١٥٠ ڕۆژنامەنووس لەخۆدەگرێت، لە ١٦ کتێبخانەی نیویۆرک و ١١ـی شارە گەورەکانی ئەمریکا بوونی هەیە. لەگەڵ هەبوونی لە ٢٠ کتێبخانەی وڵاتان و بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرنگترین پایتەختەکانی جیهان.

فرۆش

ڕۆژانە فرۆشی ڕۆژنامەکانی دەگاتە ملیۆنێک و ٨٦٥ هەزار و ٣١٨ کۆپی، هەروەها توانیویەتی بگاتە ملیۆنێک و ٩٤ بڵاوکردنەوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بە %٢٠ لە ساڵی ٢٠١٥.

بابەتەکان

بەدرێژایی مێژووی چەندین دەیە و سەدەی، ڕۆژنامەکە زۆر بابەتی گەندەڵی و گرنگ و جیهانیی لەخۆگرتووە، وەک دەرخستنی بەڵگەی گەندەڵی ولیام مارسی تۆیدی یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی ئەمریکی و دەرکردنی لە کارەکەی.

لەگەڵ هەریەک لە ڕووداوەکانی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا و نووقمبوونی کەشتی تایتانیک و قەیرانی ئابووری جیهانیی ١٩٢٩ و جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و جەنگی کۆریا و جەنگی مافی مرۆڤ لە ئەمریکا.

جیا لەوانە ڕۆژنامەکە بەهۆی پێگەکەیەوە جەنگی بەدەستهێنانی زۆرێک لە مافەکانی ئەمڕۆی ڕۆژنامەگەری کردووە، لە ماوەی جەنگی کۆریاش کەیسێکی گرنگی بردەوە و چەندین بەڵگەی سیاسی بڵاوکردەوە دەربارەی پەیوەندی ئەمریکا بە جەنگی ڤێتنام لە ماوەی ١٩٤٥ بۆ ١٩٦٧.

ئامانجی ڕۆژنامەکە

کورتەی ئامانجی ڕۆژنامەکە کارکردنە بە ویستی ئەدۆڵف ئێچ کە لە ساڵی ١٩٣٥ کۆچی دوایی کردووە، کە بریتیە لە : "کارکردن بۆ بەرژەوەندی گشتی بەبێ گوێدان بە بەرژەوەندییە کەسی و حیزبی و جیاوازییەکان"، هەروەها کار بۆ دەرخستنی باشترین بیرۆکەکانی وڵات دەکات و بە دادگەری هەموو بیروبۆچوونەکان کۆدەکاتەوە و بەبێ جیاکاری بڵاویان دەکاتەوە.

خەڵاتەکان

نیویۆرک تایمز هەتاوەکوو ساڵی ٢٠٢١ بووەتە خاوەنی ١٣٢ خەڵاتی پۆلیتەرز، کە ئەمە زۆرترین ژمارەی بردنەوەی ئەم خەڵاتەیە لە ئاستی جیهان، یەکەمین خەڵاتیشی لە ساڵی ١٩١٨ بەدەست هێناوە.


سەرچاوەکان



726 بینین