گرنگی باخچەی منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-11-18-15:00:00 - کۆدی بابەت: 7211
گرنگی باخچەی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

باخچەی منداڵان

زۆرێک لە دایکان و باوکان بە بیستنی ناوی باخچەی منداڵان کارمەندەکانیان بیردەکەوێتەوە، یاخود پێیان وایە کە باخچە تەنها شوێنێکە بۆ ئەوەی ماوەی چەند کاتژمێرێک منداڵەکانیان بە کەسانێکی تر بسپێرن و خۆیان بە کارەکانیان ڕابگەن، بەڵام دەتوانین بڵێین باخچە تەنها و تەنها بۆ ئاگاداری کردن لە منداڵەکان نییە، بەڵکو بۆ فێرکردن و لایەنی کۆمەڵایەتی منداڵ زۆر بەسوودە، باشترە منداڵان تا تەمەنی دوو ساڵی لەگەڵ خێزانی خۆیان بن و نزیک بن لێیانەوە، تاکوو هەستی ئارامی دەروونی و وابەستەییە سۆزدارییەکانیان بە شێوەیەکی تەندروست و سروشتی له خێزاندا گەشە بکات، بەڵام لە دوای تەمەنی دوو ساڵی منداڵان پێویستیان بە ئەزموونی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی لەگەڵ هاوتەمەنانی خۆیاندا هەیە، دەکرێت شتانێکی زۆر فێری منداڵ بکرێت لە ڕێگای تێکەڵبوونیان لەگەڵ هاوتەمەنانی خۆیان. 

کاتێک منداڵ حەز بە چوونە باخچە ناکات 

هەندێک کات بەشێک لە منداڵان لە ڕۆژەکانی سەرەتادا حەز لە ڕۆشتن ناکەن بۆ باخچە و نائارام دەبن و دەشڵەژێن، بەڵام ئەگەر مامۆستایانی باخچە یاخود (ڕاهێنەران) هاوکاری منداڵەکان بن و هاوکارییەکی باشیش لە نێوان خێزانەکان و مامۆستاکان هەبێت، ئەوا باخچەی منداڵان دەکرێت ببێتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش و تایبەتمەند لای منداڵان، بۆ خۆشەویست کردنی باخچە لای منداڵان پێویستە سوود له ڕێگای زانستی و تایبەتی وەربگیرێت. وە دوور بێت لە هەرجۆرە ترساندن و هەڕەشە لێ کردنێک، مامۆستایانی باخچە دەبێت وەکوو جێگرەوەی دایک، ئاسایش و ئارامی پێویست بە منداڵ بدەن چونکە منداڵیش پێویستی و کەسایتی تایبەتی خۆی هەیە. بەم شێوەیە باخچەی منداڵان دەبێت بتوانێت پەرە بە ڕەفتارە ڕاستەکانی منداڵ بدات و ڕەفتارە ناڕاستەکانیش چاک بکات، لە بواری گەشەی سروشتی منداڵ لە ڕووی جەستەیی و عەقڵی و سۆزدارییەوە هەنگاوی باش بنێت. 

چی بکەین لەگەڵ ئەو منداڵانەی حەز ناکەن بچنە باخچە

  1. مشتومڕ و زۆلێکردن بەکار مەهێنن، ناتوانین بە زۆر وا لە منداڵەکە بکەین بچێتە باخچە.
  2. ئەو شتانە بزانن کە نیگەرانی دەکات و لێی تێبگەن.
  3. بە یەکجار لەپڕ بە تەنها جێی مەهێڵن.
  4. هەلێکی بۆ بڕەخسێنن تا له دەرەوەی باخچە یاری لەگەڵ هاوڕێکانی بکات.

بەدواداچوونی تەواو بۆ باخچەی منداڵەکانمان

لە باخچەی منداڵاندا مامۆستایان ئەرکێکی زۆر گرنگیان هەیە چونکە بە هەموو شێوەیەک جێگای دایک دەگرنەوە، دەبێت مامۆستا بتوانێت سترێسی منداڵ کەم بکاتەوە و ئارامی پێ بدات و بتوانێت کۆنترۆڵی بکات، لەبەر ئەمەش گرنگە بەدواداچوون بکەین دەربارەی کەسایەتی و چۆنیەتی مامەڵە کردنی مامۆستاکان، تا بزانین تا چەنێک دەتوانن ئەرکەکەی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن و جێگرەوەی دایک بن.

ئەو تایبەتمەندییانەی کە پێویستە باخچەیەک هەیبێت

  1. تەنها ڕاگرتنی منداڵەکە نەبێت، بەڵکو ئاگاداری پێویستییەکانی منداڵەکە بن. 
  2. گەشەی منداڵەکه و بارودۆخی تایبەتی لەبەرچاو بگرن. 
  3. ژینگەیەکی پارێزراو بۆ منداڵەکان دابین بکات. 
  4. بە باشی بیریان کردبێتەوە لە پڕۆگرامەکانی خەو، خواردن، یاری، خۆبەتاڵ کردنەوە، پشوودانی پێویست و ئەو ڕاهێنانانەی کە پێویستن بۆیان و کاریان پێ بکەن.

گرنگی چییە کە منداڵەکانمان بنێرین بۆ باخچە؟ 

لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو منداڵانەی ڕوشتوونەتە باخچە، بە بەراورد بەو منداڵانەی کە نەڕۆشتوونەتە باخچە، دەستەواژەی زیاتر بەکار دەهێنن و پەیوەندییان لەگەڵ کەسانی چواردەوریان باشتر و ئاسوودە ترە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە باخچەیەکی باش کاریگەری زۆری لەسەر گەشەی منداڵان هەیە، ئەو منداڵانەی دەچنە باخچە زەمینەیەک بۆ گەشەی کۆمەڵایەتییان فەراهەم دەبێت، منداڵ زۆر ڕەفتار فێردەبێت کە پێشتر ئەنجامی نەداون لە ماڵەوە، ڕەفتارە نەرێنییەکان یان ئەو ڕەفتارانەی کە پەسەند نین لە کۆمەڵگادا، لە باخچە کەم ڕەنگ دەبن و کاریان لەسەر دەکرێت، هەروەها لە باخچە منداڵ زانیاری زۆر وەردەگرێت لە زۆر بواری جیادا و گەشەی زمانەوانیش گرنگی زۆری هەیە لەم باخچەدا. 

دایکان و باوکان دەبێت ڕەچاوی چی بکەن بەرامبەر منداڵەکانیان؟

باشترە بۆ ئامادەکردنی منداڵ پێش ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی بڕواتە باخچە، ئەوەی بۆ ڕوون بکەنەوە کە لە باخچە چی دەگوزەرێت و بەرچاو ڕوونی پێ بدرێت، باشترە کە ڕۆژێک پێش کاتی فەرمی لەگەڵ منداڵەکە سەردانی باخچەکە بکەن و شوێنەکانی پێ بناسێنن، ئەگەر دایک و باوک خۆی بەرپرس بێت لە هاتووچۆ پێکردنی منداڵەکەی، دەبێت لەکاتی خۆیدا منداڵەکە ببەن و لە کاتی خۆیدا بیگەڕێننەوە، ئەگەر منداڵ لە باخچە چاوەڕوانی دایک یان باوکی بێت و دوابکەون، وادەکات منداڵ هەست بە نیگەرانی بکات و هەست بکات فەرامۆش کراوە.


سەرچاوەکان



3428 بینین