سوودەکانی میوە

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-20-17:29:00 - کۆدی بابەت: 7228
سوودەکانی میوە

ناوه‌ڕۆك

میوە

سەوزە و میوە بەشێکی گرنگی تەندروستین، هاوسەنگی کێش ڕادەگرن و بە تەندروستی دەتهێڵنەوە، هەروەها خواردنی بڕێکی تەواو لە سەوزە و میوە ئەرکێکی زۆر گرنگە، بەڵگەکان دەریدەخەن کە سوودێکی تەندروستی بەرچاو هەیە بۆ بەدەستهێنانی لایەنی کەم ٥ جۆر پڕۆتینی هەمەجۆر.

هەر میوەیەک یان 100٪ شەربەتی میوە وەک بەشێک لە گروپی میوە دەژمێردرێن، میوەکان جۆریان زۆرە لەوانەیە نوێبن، بەستووبن، لە قوتوو نراوبن، وشکراوەبن، کووڵاوبن، یاخود بەشێوەی پاڵاوتن هەبن، بەلایەنی کەمەوە نیوەی بڕی پێشنیارکراوی میوە دەبێت لە هەموو جۆرە میوەکانی تێدا بێت، نەک 100٪ شەربەتی میوە بێت، بڕی ئەو میوەیەی کە دەیخۆیت پەیوەستە بە تەمەن، ڕەگەز، بەرزی باڵا، کێش، هەروەها ڕێژەی ئەنجامدانی چالاکیە وەرزشییەکان، بۆ ئافرەتانیش بڕی میوەکە پشتدەبەستێت بەوەی ئەگەر ئافرەتەکە دووگیان بێت یاخود شیردەر بێت.

میوە خواردن سوود بەتەندروستی جەستە دەگەیەنێت، ئەو کەسانەی کە ڕێژەیەکی بەرزی سەوزە و میوە لە خواردنەکانیاندا بوونی هەیە ئەوا لە هەندێک نەخۆشی درێژخایەن دوورن، میوەکان خۆراکی گرنگ دابین دەکەن بۆ تەندروستی و پاراستنی لەش.

سوودەکانی میوە

- سەوزە و میوە سەرچاوەی باشی ڤیتامین و کانزاکانن، لەوانە ڤیتامین B9، ڤیتامین C و پۆتاسیم.
- ئەوان سەرچاوەیەکی نایابی خۆراکە ڕیشاڵەکانن، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی دڵێکی تەندروست و ڕێگەگرتن لە قەبزیی و کێشەکانی تری هەرسکردن، هەروەها ڕژێمێکی بەرز لە ڕیشاڵەکان دەتوانێت مەترسیی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کەم بکاتەوە.
- هەروەها سەوزە و میوە دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی دڵ و هەندێک جۆری شێرپەنجە.
- سەوزە و میوە یارمەتی پێدانی خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ دەدات
- سەوزە و میوە بەتامن و زۆر جۆری جیاوازیان هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژێرت.
- هەروەها سەوزەواتەکان و میوە چەوری و کالۆری زۆر کەمیان تێدایە (بەمەرجێک سوریان نەکەیتەوە)، بۆیە خواردنیان دەتوانێت یارمەتی مانەوەی کێشێکی تەندروست و دڵێکی تەندروست بدات.

سوودە تەندروستیەکانی میوە خواردن:
وەک بەشێک لە ڕژێمێکی تەندروست، خواردنی ئەو میوانەی کە کالۆری کەمیان تێدایە لەجیاتی هەندێک لەو خۆراکانەی کە کالۆری زیاتری تێدایە بەسوودە بۆ ئەوەی کالۆری کەمتر وەربگریت، خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە سەوزەوات و میوە وەک بەشێک لە خۆراکی تەندروست بە گشتی لەوانەیە مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ کەم بکاتەوە، لەوانە خێرایی دڵ و جەڵتەی مێشک، هەروەها خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە وەک بەشێک لە خۆراکی تەندروست بە گشتی لەوانەیە پارێزگاری لە هەندێک جۆری شێرپەنجە بکات، هەروەها زیادکردنی دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی پێدانی ڕێژەی ماددە ڕیشاڵییەکان و پۆتاسیۆم کە ماددەی خۆراکی زۆر گرنگن.

باشترین کات بۆ خواردنی میوە

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە خواردنی میوە لە دوای نیوەڕوان دەتوانێت سوودی زیاتر ببەخشێت وەک لە خواردنی میوە بە بەیانیان، هەندێکیتر جیاواز دەڵێن، گوایە باشترین کات بەیانیانە لەگەڵ خواردنەوەی پەرداخێک ئاو، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە پێشنیاری ئەوە بکات کە خواردنی میوە لە بەیانیان یان پاشنیوەڕۆدا ئەوە بگۆڕێت کە چۆن میوە کاریگەری لەسەر تەندروستی کەسێک هەبێت، بیردۆزی پشت خواردنی میوە لە پاش نیوەڕۆدا لەسەر ئەو بیرۆکەیە دروست بووە کە خواردنی سووکە ژەمێکی شەکر بەرز لەو ماوەیەدا دەتوانێت ئاستی شەکری خوێن بەرز بکاتەوە و سیستەمی هەرسکردن بەئاگابێنێت، هەرچەندە هەر کاربۆهیدراتێک کە لە خواردندا بوونی هەبێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، و کاتەکانی ڕۆژیش کاریگەری لەسەر ئەوە هەیە، هەروەها سیستەمی هەرس هەمیشە ئامادەکراوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هەرسکردن لە هەر کاتێکی ڕۆژدا، لەکاتی هەڵبژاردنی سووکە ژەمێک بۆ دوای نیوەڕوان، ئەوا میوە باشترین هەڵبژاردەیە، چونکە میوە ڕێژەیەکی بەرزی ماددەی ڕیشاڵی و کاربۆهیدراتی تێدایە کە مانای ئەوەیە کاتێکی زیاتری دەوێت بۆ هەرسکردن، وەک لەو کاربۆهیدراتانەی کە لە خواردنی ئاسایی دەستت دەکەوێت وەک نانی سپی، هەروەها میوە وا لە خەڵکی دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێری بکات و دوور بکەوێتەوە لە خواردنی سووکە ژەمە ناتەندروستەکان.

هەروەها میوەکان مەودایەکی فراوانی ڤیتامین و کانزا و سوودەکانی تەندروستی دابین دەکەن، وەرگرتنی میوە لەگەڵ چەورییەکی تەندروست یان پڕۆتین دەتوانێت هاوسەنگی و وزەی بەردەوامتر دابین بکات، دەتوانیت چێژی زیاتر وەربگریت لەخواردنی میوەکە ئەگەر لەگەڵ بڕێکی کەم گوێز و ئەڤۆگادۆ تێکەڵی بکەیت بۆ بەدەستهێنانی ژەمێکی سووکی پڕ لە ماددەی خۆراکی.

دوور بکەورەوە لە خواردنی میوە پێش خەوتن

بەگشتی، خواردنی ژەمێکی قوورس لە کاتژمێرەکانی پێش خەوتن دەتوانێت سوڕی خەو بشێوێنێت، بەتایبەت خواردنی سووکە ژەم لە شەودا، هەروەها سووکە ژەمی وەک میوە کەمتر ئەبێتە هۆی تێکدانی سوڕی خەو بەبەراورد بە خواردنەکانی دیکە، بەتایبەتی خواردنە قوورسەکان، بەگوێرەی دامەزراوەی نیشتیمانی تایبەت بە خەوتن، خواردنی هەندێک خۆراک پێش خەوتن دەتوانێت خەوتنت تێکبدات بەهۆی پرۆسەی هەرسکردنی جەستەوە، بۆیە ئەوان پێشنیاری دوورکەوتنەوە لەو خواردنانە دەکەن کە شەکری زۆریان تێدایە پێش خەوتن، چونکە ئەمانە دەتوانن ببنە هۆی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی وزە بە شێوەیەکی خێرا، هەروەها ئەوەشیان گووتووە کە خوادنی مۆز پێش خەوتن پۆتاسیۆم دابین دەکات و ڕێگری لە ئازاری قاچ دەکات، لەگەڵ ئەو میوانەی کە ڕێژەی مەگنیسیۆمیان بەرزە وەک مۆزی گەییو، قەیسی، خورما، کە ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ هێمنکردنەوە و خەوێکی باشتر.

خواردنی میوە بە گەدەی بەتاڵ

هەندێک کەس لەو باوەڕەدان کە خواردنی میوە لەسەر گەدەیەکی بەتاڵ سوودی تەندروستی زیاتر دابین دەکات، ئەم بیردۆزە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خواردنی میوە لەگەڵ ژەمەکاندا کرداری هەرس خاودەکاتەوە، و خواردنەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گەدەدا دەمێنێتەوە، ئەمەش دەبێیە هۆی دروسبوونی غازات، ئاوساوی، هەرسکردنێکی نا ئاسوودە، لەکاتێکدا ئەوە ڕاستە کە میوە دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی کرداری هەرس، چونکە میوە بە ماددە ڕێشاڵییەکان دەوڵەمەندە، کە پڕۆسەی بەرەوپێچوونی خۆراک بۆ هەرسکردن خاودەکاتەوە، ئەمەش شتێکی خراپ نییە، چونکە ڕیشاڵە ماددەکان بەشێکی گرنگە لە هەموو ڕژێمێکی تەندروستی و تەندروستی دڵ و هەناو بەرز دەکاتەوە، هەروەها هەرسکردنی هێواشتر یارمەتیدەرە تاکوو بۆ ماوەیەکی زیاتر هەست بە تێری بکەیت. 

تەنانەت ئەگەر میوەکە بۆ ماوەیەکی نائاسایی لە گەدەدا بمێنێتەوە، ئەوا میوەکە بەهۆی توانای گەدە بۆ ڕێگریکردن لە بەکتریا بە هیچ شێوەیەک لە گەدەدا خراپ نابێت، هەروەها زۆرینەی زیندەوەرە میکرۆسکۆبیەکان (بەچاونەبینراو) ناتوانن گەشە بکەن بەهۆی هەبوونی ترشێتی گەدە، هەروەها لەکاتی بوونی هەر کێشەیەکیش لە سک و گەدەدا دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت.

لە چ کاتێکدا میوەخواردن بۆ کێش دابەزاندن بەسوودە

لەکاتێکدا کە بە گشتی کاتێکی دیاریکراو نییە کە باشترین کات بێت بۆ خواردنی میوە بۆ ئەو کەسانەی کە ئامانجیان کەمبوونەوەی کێشیانە، چونکە میوە ڕێژەیەکی بەرزی ماددە ڕیشاڵییەکانی تێدایە و یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ماوەیەکی درێژ هەست بە تێری بکات، بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەساڵی ٢٠١٧ ئەنجامدراوە دەرکەوت ئەو خواردنانەی کە ماددەی ڕیشاڵییان زۆرتر تێدایە دەتوان ببنە هۆکاری کەم خواردنی مرۆڤ، چونکە وەرگرتنی کالۆری کەمتر دەبێتە هۆی لە دەستدانی کێش، هەروەها ئەو کەسانەی کە ئامانجیان لە دەستدانی کێشە، دەتوانن سوود لە پلانی بەکارهێنانی میوە وەربگرن، خواردنی میوەی خۆراکی و کەم کالۆری پێش ژەمێک لەوانەیە وا لە مرۆڤ بکات هەست بە تێری بکات و بۆیە وا دەکات کە کەمتر زیادەڕۆیی بکات لە کاتی نان خواردن، هەروەها خواردنی میوە لە پاڵ ژەمێک دەتوانێت یارمەتی کەسێک بدات کە کەمتر خواردنی کالۆری بەرز بخوات، لە هەر کاتێکی ڕۆژدا، بۆیە سووکە ژەمەکانت بە خواردنی میوە پڕ بکەرەوە چونکە باشترین ڕێگایە بۆ دابەزاندنی کێش.


سەرچاوەکان



1950 بینین