جەرگ سووتان

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا - به‌روار: 2021-12-16-16:36:00 - کۆدی بابەت: 7278
جەرگ سووتان

ناوه‌ڕۆك

جەرگ سووتان چییە؟

هەستکردن بە ئازارێکی بەتینە لەلایەن دایک و باوکەوە بەهۆی مردنی منداڵەکەیانەوە، تێیدا هەستیاری دەگاتە ترۆپک و هەستکردن بە خەمێکی قووڵ و پەژارەیەکی زۆر و بارێکی گران لە ماوەی دوای لەدەست دانی منداڵدا لە دایک و باوکدا ڕوودەدەن، جەرگ سووتان هەرچەندە دەگاتە قۆناغی خەمۆکی و بێ هیوایی بەڵام کاردانەوەیەکی ئاسایی و گشتگیرە بۆ کاتی لەدەست دانی منداڵ، بەو هۆیەوە دایکان و باوکانی جەرگ سووتاو کاتێک بە قۆناغی خەمۆکیدا تێپەڕ دەبن، کاریگەریی زۆریان لەسەر دروست دەبێت، وەک تێکچوونی خەو و خواردن و کەمبوون یان زیادبوونی کێش بەهۆی زۆری خەفەت خواردن و بیرکردنەوەی لە ڕادەبەدەر، کەم بوونەوەی ئارەزوو و خواست و وزە بۆ کردنی کارەکان تەنانەت سادەترین کاریش، تێکچوونی ڕووخسار و دەرکەوتنی هێڵی ڕووخسار، ئەم بارودۆخە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، ڕەنگە هەندێکیان بە ئاسانتر بەسەریدا زاڵببن و بەشێکی دیکەشیان زۆر سەختتر.

دەشێت کەسێک بە لەدەستدانی کەسێکی خۆشەویستی ژیانی کە گرنگترین و بەنرخترینی ژیانی بووە، ڕووبەڕووی هەستی جەرگ سووتان ببێتەوە، چونکە ڕەنگە کەسەکە هەست بە ئەوپەڕی ئازار و هەبوونی پەژارە و بێ دادی بکات، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ جەرگ سووتاندا، لەدەست دانی خۆشەویستان یەکێکە لە گەورەترین لەدەست دانەکان بۆ مرۆڤ کە بریتییە لە لەدەست دانی ئەندامانی خێزان یاخود هاوڕێ نزیکەکان، هەرچەندە ئەم بارودۆخە بە پێی مرۆڤەکان جیاوازە بەو واتایەی لەم کاتەدا ئەگەر کەسی لەدەستدراو یەکێک بوو لە گرنگترین و نزیکترینەکان لە دڵ و دەروون و بیریی کەسی بەرانبەرەوە، ئەوکات ئازارێکی هاوشێوەی جەرگ سووتان هەست پێدەکات.

جەرگ سووتانی دیاریکراو

هەندێک لە دایکان و باوکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ جەرگ سووتان، بەو واتایەی دایک و باوکەکە لە بارودۆخێکدان کە ئاگاداری خراپی و نالەباری تەندروستی منداڵەکەیان یاخود مردنی دیاریکراوی منداڵەکەیانن ئەوکات هەست کردن بە جەرگ سووتانەکە لە پێش کرداری لەدەست دانەکە دەست پێدەکات و لە پاش لەدەست دانەکەش بەردەوام دەبێت، سەرەڕای هەبوونی هەستی ترس و تووڕەیی و خەمۆکی و پەشیمانی، لەم ماوەدا کاتی هەست کردن بە جەرگ سووتان زیاترە بەڵام بە ڕێژەیەکی قبووڵکراوتر و چاوەڕوانکراوترە لە بەرانبەر لەدەست دانی لەناکاودا کە تێیدا هەستکردن بە جەرگ سووتان قووڵتر و بەئازارترە بەهۆی چاوەڕوان نەکردن و ئامادە نەبوون بۆ لەدەست دانەکە.

بەو پێیە پیاوان و ئافرەتان لە لایەنی بەسۆزییەوە جیاوازییان هەیە، هەر بۆیە دایکان و باوکان لە کاتی ڕوودانی مردنی منداڵەکانیاندا کاردانەوەیان جیاواز دەبێت، ئافرەتان هەستیارتر دەبن و سۆز و هەستیان دەردەبڕن و پیاوان زیاتر دەیشارنەوە و لە ناو خۆیاندا قەتیسی دەکەن، بەڵام ڕەنگە بە پێچەوانەشەوە هەبێت و باوکێک بۆ لەدەست دانی منداڵەکەی زۆرتر هەستیارتر بێت و توانای بەرگەگرتن و شاردنەوەی هەستەکانی کەمتر بێت و ئاسانتر دەریان ببڕێت.

جەرگ سووتان بەهۆی خۆکوشتنەوە

ئەم جۆرەیان لە مردن و دروستکردنی جەرگ سووتان بۆ دایک و باوک، بە ئازارتر و سەختتر و ئاڵۆزترە، بەهۆی لەدەست دانی منداڵەکەیان و لەهەمان کاتدا سەرزەنشت کردنی خۆیان لەبەرانبەر باش ئاگادارنەبوونی منداڵەکەیان و دروستبوونی هەستی پەشیمانی لەو جارانەی کە گرنگییان پێی نەداوە و جەخت کردنەوە لەسەر لایەنە خراپەکانی دایکایەتی و باوکایەتییان بۆ منداڵەکەیان و بە هۆکار زانینیان بۆ خۆکوشتنی منداڵەکەیان، هەروەها ئەم ئازارە قورستر و دژوارتر بەسەر دایکان و باوکاندا تێدەپەڕێت ئەگەر هاتوو هۆکاری سەرەکی کرداری خۆکوژییەکە دایک و باوک بوون و هیچ هۆکارێکی دیکە بوونی نەبوو.

قۆناغەکانی جەرگ سووتان

قۆناغی نکۆڵیکردن

ئەم قۆناغە بە هەبوونی هەستی بێ هۆشی و شۆکبوون و بێ باوەڕی دادەنرێت، لە قۆناغەدا دایکان و باوکان مردنی ڕۆڵەکەیان ڕەت دەکەنەوە و پێیان قبووڵ ناکرێت.

قۆناغی توڕەیی

لەم قۆناغەدا لەبەر لەدەست دانەکە هەست بە توڕەیی دەکرێت، ڕەنگە ئەم توڕەییەش بە بەتاڵکردنەوەیان لە کەسانی دیکە یان لە خۆیاندا یاخود تەنانەت بە سەرزەنشت کردنی ڕۆڵەکەیان کە بۆچی وا بە زوویی بەجێی هێشتوون، ئارامتر ببێتەوە.

قۆناغی هاوتابوون لەگەڵ ئازارەکەدا

لەم بارەدا دایک و باوک بۆ هاوتا بوون لەگەڵ ئازارەکەیان چەندین گۆڕانکاری دەکەن، کە ئەم گۆڕانکارییانە بە پێی ئایین و کولتوور و بیرکردنەوەی تاکەکان دەگۆڕێت، وەک ڕەش پۆشبوون و گوێ لە گۆرانی نەگرتن و سەیرنەکردنی تەلەڤزیۆن و ئەنجامنەدانی سەیران و گەشت وەک ئامڕازێک بۆ هەبوونی ماتەمینی و دڵتەنگی.

قۆناغی خەمۆکی

لەم ماوەیەدا کەسانی خاوەن ماتەمینی و جەرگ سووتاو دەچنە قۆناغی خەمۆکییەوە، کە تێیدا ئارەزوویان بۆ هەموو شتێک لەدەست دەدەن تەنانەت ئەو شتانەش کە پێشتر هۆکاری دڵخۆشیان بوون، پاشان لە هەمووان دووردەکەونەوە و خواستیان لەسەر تێکەڵبوون و کۆمەڵایەتی بوون نامێنێت و دژی دەوەستنەوە، بەهۆی زۆری بیرکردنەوە و خەفەت خواردنیان توشی کێشە دەبن لە خواردن و خەو و شێوەیاندا، کە ڕەنگە دواتر ئەم گۆڕانکارییانە بارەکە قورستر بکەن.

قۆناغی قبووڵ کردن

لەم قۆناغەدا دایکان و باوکان ڕازی دەبن بەوەی مردنی منداڵەکەیان ڕاستییەکە کە گۆڕانکاری تێدا ناکرێت و سروشتی ژیان و کۆتایی هەموو مرۆڤەکانە، بەو هۆیەوە بە هێواشی هەوڵدەدەن بارودۆخەکە قبووڵ بکەن.


سەرچاوەکان



912 بینین