عومەری کوڕی خەتتاب

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-20-01:23:00 - کۆدی بابەت: 7315
عومەری کوڕی خەتتاب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عومەری کوڕی خەتتاب (بە عەرەبی: عمر بن الخطاب) دووەم جێنشینی ئیسلام و یەکێکە لەو دە هاوەڵەی پێغەمبەر ﷺ کە مژدەی بەهەشتی پێدراوە، ناوی تەواوی عومەری کوڕی خەتتابی نوفەیلی کوڕی قوڕەشی عەدەوییە، سیازدە ساڵ لە دوای ڕووداوەکەی ساڵی فیل لەدایکبووە، هەروەها وتراوە بە سی ساڵ پێش وەحی و پێغەمبەرایەتی لەدایکبووە، کەسێکی بەهێز و چاونەترس و بوێر بووە، خوێندەواری هەبووە، شێوە و ڕووخساری سپی و ڕێک بووە و باڵابەرز و کەڵەگەت بووە، لە ڕۆیشتن و قسەکردندا خێرا بووە، بەشێکی ژیانی لە سەردەمی جاهیلی و نەفامیدا بەسەربردووە و هەمیشە وتوویەتی "ئەوەی لە نەزانی و جاهلیدا نەژیابێت، ئەوا بەهای ئیسلام نازانێت"، لە مێژووی ئیسلامیدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە، تایبەنمەندی و کەسایەتی و پێگەی عومەری کوڕی خەتتاب لەلای موسڵمانان باڵاو و مەزنە، خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و ئازا و بەشكۆ بووە،  دادپەروەر و مافپەروەر بووە، کەسێکی دانا و ژیر و بە بەزەیی میهرەبان بووە.

موسڵمانبوون و هەڵوێستەکانی لە ئیسلامدا

ـ موسڵمانبوونی: عومەر پێش موسڵمانبوونی دژایەتییەکی سەختی ئیسلامی کردووە، چەند گێڕانەوەیەک هەیە لەسەر ڕووداوی موسڵمانبوونەکەی، بەڵام ڕاستترینیان ئەوەیە کە پێغەمبەر ﷺ لە خودا پاڕاوەتەوە و فەرموویەتی: (اللهم أعزَ الاسلام بٲحب هذین الرجلين ٳلیك، بأبی جهل بن هیشام، أو بعمر بن الخطاب، قال احبهما الیه عمر) واتا: "خودایە ئیسلام بە باشترینی ئەم دوو پیاوە سەربخە، عەمڕو کوڕی هیشام کە ئەبوو جەهل بوو یان عومەری کوڕی خەتتاب، وترا کە باشترینیان عومەر بووە"، بە سێ ڕۆژ  دوای موسڵمانبوونی عومەر، حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب مامی پێغەمبەر ﷺ بەهەمان شێوە موسڵمانبوو، موسڵمانبوونی حەمزە و عومەر و ئاشکرا کردنی باوەڕەکەیان، بوونە هێز و پاڵپشتی بۆ موسڵمانان.

ـ کۆچکردنی بۆ شاری مەدینە: لە کاتی کۆچکردنی موسڵمانان لە شاری مەکەوە بۆ شاری مەدینە، بەشێک لە موسڵمانان لە ترسی قوڕەیش و بێباوەڕان بە نهێنی کۆچیان دەکرد، بەڵام عومەر بە ئاشکرا و بەبێ هیچ ترسێک چووە لای کەعبەی پیرۆز و بانگەوازی کرد بە بێباوەڕەکانی قوڕەیشی وت "کێ لە ئێوە دەیەوێت جەرگی دایکی بۆی بسووتێت، و مناڵەکانی بێباوک بن، خێزانی بێوەژن بێت، با دوای من بکەوێت"، هەروەها بەپێی گێڕانەوەکانی زانایانی ئیسلامی عومەری کوڕی خەتتاب بەشداری لە هەموو جەنگە ئیسلامییەکانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ کردووە و هەمیشە لەکاتی جەنگ و نەهامەتییەکان ماڵ و سامانی بەختکردووە و یارمەتی سووپا و موسڵمانانی داوە.

ـ هەڵوێستەکانی لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق: یارمەتیدەر و ڕاوێژکاری سەرەکی ئەبوبەکری سدیق بووە و هاریکاری کردووە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بەتایبەتی لە بەرپەرچدانەوەی هەڵگەڕاوەکانی ئاینی ئیسلام و جەنگی ڕەددە، بەهۆی شەهیدبوونی بەشێک لەو هاوەڵانەی کە قورئانی پیرۆزیان لەبەربوو، عومەر پێشنیاری بۆ ئەبوبەکر کردووە کە قۆرئانی پیرۆز کۆبکاتەوە.

پێگەی عومەر لە ئیسلامدا

- یەکێکە لەو دە هاوەڵەی کە مژدەی بەهەشتی پێدراوە، بەهۆی دادپەروەرییەوە نازناوی فاڕوقی پێدراوە، واتا ئەو کەسەی بە دادپەروەریی جیاكاری دەکات لەنێوان هەق و ناهەق.
ـ لە چەند هەڵوێستێکدا وتە و گوفتارەکانی تەواو هاوتا بووە لەگەڵ فەرمایشت و ئایەتەکانی خودای گەورە نموونەی ئایەتی 125 لە سوڕەتی البقرة {وَاتَّخِذُوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى} کاتێک پێغه‌مبه‌ر ﷺ ته‌وافی ده‌كرد ئیمامی عومه‌ر پێیگوت: ئەی پێغەمبەر ﷺ ئه‌مه‌ مه‌قامی ئیبراهیمی باوكمانه‌؟ پێغه‌مبه‌ر ﷺ فه‌رمووی: به‌ڵی، وتی بیكه‌ین به‌ نوێژگه‌؟ فه‌رمووی به‌ڵی، بۆیە خودای گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند: مه‌قامی ئیبراهیم ئه‌و شوێنه‌ بکەن به‌ موصه‌ڵاو نوێژگه‌، مه‌به‌ست له‌ مه‌قام ئه‌و به‌رده‌یه‌ كه‌ پێغەمبەر ئیبراهیم ده‌چووه‌ سه‌ری بۆ دروستكردنی كه‌عبه‌، هەروەها لە بارەی حیجابەوە پێشنیاری بۆ پێغەمبەر ﷺ کردووە کە خانمان و خێزانەکان با حیجاب بپۆشن، لە پاش ئەو پێشنیارەی ئایەتی حیجاب و خۆداپۆشینی ژنان دابەزی. 

سەردەمی خیلافەتی عومەر 

عومەری کوڕی خەتتاب لە 23ی ئابی ساڵی 634ی زایینی بەرامبەر بە 22ی مانگی جەمادی دووەمی ساڵی 13ی کۆچی لە دوای کۆچی دوایی ئەبوبەکری سدیق دەسەڵاتی گرتەدەست، عومەر سیاسەتدارێکی دانا و ژیر بووە، توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ پێشهات وڕووداوی موسڵمانان زور باشبووە، لە ماوەی دەسەڵات و فەرمانڕەواییدا دادپەروەری لەنێو موسڵمانان لە لوتکەدا بووە، هەمیشە کەسێکی حەقبێژ و مافپەروەر بووە، جیاوازی لە نێوان کەسدا نەکردووە، لە سەردەمی عومەر بانگەوازیی ئیسلام بە زۆر ناوچەی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

گرنگترین دەستکەوتەکانی لە سەردەمی فەرمانڕەواییدا

ـ یەکەم کەس بوو ڕۆژژمێری کۆچی دانا و کۆچکردنی پێغەمبەری ﷺ بۆ مەدینە کردە سەرەتای ڕۆژژمێرەکە، ئەو ساڵنامەیە بووە ڕۆژژمێرێکی تایبەت بە موسڵمانان.
ـ  دانانی "عەسعەس" واتا دیاریکردنی کەسی تایبەت بۆ پاسەوانی و چاودێریکردن لە شەواندا.
ـ دانانی دراوی تایبەت بە موسڵمانان.
ـ سیستمی شورای دانا کە بە ڕاوێژکردن و تاوتوێکردن کەسی شیاو بۆ خەلافەت و دەسەڵات دیاریدەکرا.
ـ فەتحی میسڕ و عێراق و هەموو وڵاتانی شام و بەیتولمەقدەسی کرد، و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی فارس و مەجووسییەکان.
ـ بنیاتنانی چەند شارێکی نوێ چەشنی کوفە و بەسڕە لە عێراق.
ـ بە فەرمانی ئەبوبەکری سدیق هەموو قورئانی پیرۆزی کۆکردەتەوە.
ـ ڕوودانی چەند جەنگێک گرنگترینیان: جەنگی قادسیە لە 14ی کۆچی، ڕزگارکردن و فەتحی قودس لە 16ی کۆچی، ڕوودانی جەنگی نەهاوەند.
ـ یەکەم کەس بوو بۆ نوێژی تەراویحی ڕەمەزان موسڵمانانی لە مزگەوت کۆکردووەتەوە.
ـ باجی لەسەر هاوئاینانی تری ئیسلام نموونەی مەسیحییەکان کەمکردووەتەوە و مافی پەرستشە تایبەتییەکانی پێداون. 

شەهیدکردنی

لە ساڵی 644ـی کۆچی دوای حەجکردنی عومەر و گەڕانەوەی بۆ شاری مەدینە، لە کاتی پێشنوێژیکردنی نوێژی بەیانی بۆ موسڵمانان، لەلایەن "ئەبوو لوئلوئەی مەجووسی" بە خەنجەرێکی ژەهراوی بریندارکرا، هاوەڵەکان ویستیان بکوژەکە دەستگیر بکەن، بەڵام بەهەمان خەنجەر سیازدە هاوڵی تری شەهید کرد و پاشان خوێشی کووشت، عومەر لە پاش سێ ڕۆژ لە بریندارکردنی لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، و پێش ئەوەی  کۆچی دوایی بکات پرسی بە خاتوو عائیشەی خێزانی پێغەمبەر ﷺ کرد کە لە تەنیشت ئەبوبەکری سدیق و پێغەمبەر ﷺ لە ماڵەکەی ئەودا بنێژرێت، خاتوو عائیشەش ڕازی بوو، لە ڕۆژی یەکی موحەڕەمی ساڵی 24ـی کۆچی بەخاکسپێردرا، ماوەی فەرمانڕەوایی عومەر دە ساڵ بوو، لە پاش ئەو بەپێی شورا و هاودەنگی موسڵمانان عوسمانی کوڕی عەففان وەکوو سێیەم جێنشینی ئیسلام هەڵبژێردرا. 


سەرچاوەکان



9694 بینین