کەربەلا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-20-01:57:00 - کۆدی بابەت: 7317
کەربەلا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارێزگای کەربەلا (بە عەرەبی: کربلاء، بە ئینگلیزی: Karbala) شارێکی عێراقییە، دەکەوێتە ناوچەی فوراتی ناوەندەوە لە عێراق، ڕووبەرەکەی نزیکەی 52,865 کیلۆمەتر دووجایە، خاکەکەی بەردەڵان نییە و هیچ گڵ و بەردێک لەسەر ڕووی خاکەکەی بوونی نییە، کەشوهەوای ناوچەکە بیابانییە بە هاوین گەرم و وشکە، بە زستان ساردە و ڕێژەی باران بارینی مامناوەندە، لەڕووی کارگێڕییەوە کەربەلا دابەش بووەتە سەر دوو بەش، کەربەلای نوێ کە هاوچەرخە و تەلار و شەقامی مۆدێرنی تێدا بنیاتنراوە و شوێنەکانی پان و بەرینە، کەربەلای کۆن پارێزگاری لە مێژووی دێرینی کردووە ناوچە و گەڕەکەکانی کۆن و تەسکە، کەربەلا بەسەر پێنج شارۆچکە دابەشکراوە ئەوانیش: کەربەلا و عەین ئەلتەمەر و نەخیب و جەدوەل غەربی و توەیڕج.

شوێنی جوگرافی

کەربەلا بە دووری 105 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری بەغدادەوە، سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتی سعودیە، لە باشوورەوە شاری نەجەف و لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە شاری حللە دەوریان داوە، هەروەها لە باکووری ڕۆژئاواوە پارێزگای ئەنبار نزیکێتی، چەند ڕووبار و جۆگەلەیەکی ڕووباری فوڕاتی تێیدا تێپەڕ دەبێت گرنکترینیان ڕووباری حوسێینیە کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوه لە شارەکە.

مێژووی شاری کەربەلا

ـ چەند بۆچوونێک هەیە لەسەر واتای ناوی کەربەلا، هەندێک دەڵێن وشەی کەربەلا لە دوو وشە وەرگیراوە بەناوی "کور بابل" کە واتای "کۆمەڵەی گوندەکانی بابلە" هەندێک لە پسپۆڕان واتایەکی ڕاستتر پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن کەربەلا لە دوو بڕگە پێکهاتووە "كرب و بلاء" واتای نەهامەتی و بەڵایە.
ـ شاری کەربەلا بەهۆی نزیکی لە شار و شوێنەواری بابلی دێرین، یەکەمین ناوەندی شوێنی نیشتەجێبوون بووە لە شارستانیەتی دۆڵی دوو ڕووبار، هەروەها بەهۆی ستراتیجی شوێنی جوگرافییەوە پردی بەیەک گەیاندنی وڵاتانی شام و عێراق و ناوچەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی بووە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی کلدانییەکان، کەربەلا پەرستگا و شوێنی پەرستشی خوداوەندەکانی کلدانییەکان بووە.
ـ کەربەلا لە ساڵی 61ی کۆچی (680ی زایینی) مێژوویەکی گرنگی تۆمار کردووە، جەنگی نێوان شوێنکەوتوانی ئیمام حسێنی کوڕی عەلی و شوێنکەوتوانی موعاویەی کوڕی ئەبوو سوفیان ڕوویداوە، ئەو جەنگە کاریگەری زۆری بەسەر بیروباوەڕ و هزری شوێنکەوتوانی ئیمام حسێن بەجێهێشت، بووە سێمبولی زۆرێک لە خاوەن ڕێبازی شیعەکان، ساڵانە یادکردنەوە و ئەو جەنگە و شەهیدکردنی ئیمامی حسێن دەکەنەوە، یادەکە بووەتە بۆنەیەکی ئاینی تایبەت بە خۆیان، ڕۆژی دەی موحەڕەمی هەموو ساڵێکی کۆچی بە هەڵگیرسانی شەڕەکە دیاریکراوە و پێیدەوترێت "عاشووڕا"، لەو ڕۆژەدا بە ملیۆنان کەسی خاوەن ڕێبازی شیعەکان سەردانی مەزارگەکانی کەربەلا دەکەن و بە شین و گریان ئەو یادە دەکەنەوە.
ـ لە ساڵی 1920 شێخ و مەڕجەعییەکانی شارەکە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە بەرهەڵستیکردن و ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و داگیرکاری ئینگلیز بۆ عێراق.

دانیشتوان 

بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئاینی ئیسلامن، و لەسەر ڕێبازی شیعە مەزهەبن، لە گرنگترین شارەکانی عێراقە کە چەند مەزار و مەنزڵگەیەکی ئاینی گرنکی شیعەکانی تێدایە، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2016 لە عێراق ژمارەی دانشتوانکەی نزیکەی 900,000 کەس بوو، هەروەها کۆمەڵێک هۆز و عەشیرەتی ناوداری عەرەبی دانشتووی شارەکەن.

ئابووری پارێزگای کەربەلا

ـ کەرتی گەشت و گوزار: شاری کەربەلا لە دیارترین ناوەندە ئیسلامییەکانە لە عێراق، بەهۆی بوونی گۆڕ و مەزاری چەند کەسایەتییەکی دیاری شیعەکان نموونەی مەزاری ئیمام حسێن و ئیمام عەباس و چەند پیاوچاکێکی تری ئەو ڕێبازە، شارەکە بووەتە ناوەندێکی گەشتیاری گرنگ لە عێراق، بەتایبەتی لە بۆنە و یادە گرنگەکانی وەکوو عاشوورا و چلەی ئیمام حسێن و موحەڕەم، ساڵانە ملیۆنان گەشتیار سەردانی شارەکە دەکەن.

ـ کەرتی کشتوکاڵ: لەدوای کەرتی گەشت و گوزار، کشتوکاڵ دووەمین سەرچاوەی داهاتی شارەکەیە، بەهۆی تایبەتمەندی و بەپیتی خاکەکەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کەربەلا ناودارن و گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ هەموو عێراق، بەتایبەتی بەرهەمی خورما کە شارەکە چەندان بێستان و ڕەزی بایەخداری خورمای تێدایە و عێراق پێشەنگە لە بەرهەمهێنانی، هەروەها گەنم و جۆ و برنج و چەند جۆرێک میوە و سەوزەش بەرهەمدەهێنرێت.

ـ کەرتی پیشەسازی: کارگە و کارخانە ناوخۆییەکانی کەربەلا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی ئابووری عێراق و دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هاونیشتمانیان، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی و جەنگەکانی عێراق ئەو کەرتە سست و لاواز بووە، گرنگترین ئەو کارگانە بریتین لە کارگەی چیمەنتۆی کەربەلا و کارگەی خشت و تورمستۆن، و کارگەی خواردنەوە گازییەکان و بەرهەمە لەقوتونراوەکان و چەندانی تر.


سەرچاوەکان



1765 بینین