زەروو

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-12-20-15:00:00 - کۆدی بابەت: 7327
زەروو

ناوه‌ڕۆك

زەروو چییە؟

زەروو یان زاروو یان زالوو (بە ئینگلیزی: leech)، بە یەکێک لە جۆرەکانی کرمەکان هەژماردەکرێت، کە پەیوەندی بەهێزی هەیە لەگەڵ کرمی زەوی، نزیکەی زیاتر لە ٦٥٠ جۆری هەیە کە لە ڕووی قەبارە و نشینگە و شێوازی خۆراکیانەوە جیاوازن، لە نشینگەی جیاوازدا دەژین، وەک گۆم و زەلکاو و ڕووبارەکان، هەندێکی دیکەیان نووساون بە درەختەکانەوە لە نێو دارستانەکاندا بەڵام بەهۆی پیسبوونی ئاو و بڵاوبوونەوەی گاز و لە ئەنجامدا لەدەستدانی نشینگەکانیان، لە ئێستادا ژمارەیان کەمبووتەوە بەتایبەتی ئەو جۆرانەی کە لە بواری پزیشکیدا بەکاردەهێنرێن.

سوودەکانی

سەرەڕای ئەوەی زەرووەکان پێست دەبڕن و خوێنەکەی دەمژن بەڵام تەواوی ئەم پڕۆسەیە بێ زیانە، چونکە زەروو ماددەیەکی بێهۆشکەر دەردەدات کە دەبێتە هۆی سڕبوونی جێگەکە، بەهۆیەوە خوێنەکە دەردەکات بەبێ هیچ ئاستەنگێک، هەروەها کرمە زەرووەکان هەردوو ماددەی بێهۆشکەر و مەیاندن دەردەدەن کە لە بواری پزیشکیدا بەکاردێت بۆ بێهۆشکردن و بەکاردێت بۆ ڕشتن و لابردنی خوێن، ئەم ڕێگایە زۆر دێرینە کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ پێش زایین و وەک چارەسەری هەموو نەخۆشییەک بەکاریان هێناوە وەک مایەسیری و سەرئێشە و خەمۆکی، هەتا ئێستاش وەک چارەسەر بەکاردێت و بە ئامێرێکی پزیشکی ناودەبرێت، هەروەها هەندێک لە خەڵکی وەک گیانەوەرێکی ماڵی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و ڕێگەی پێدەدەن کە خوێنیان بمژێت.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی زەرووەکان لە ٣٤ پارچە پێکهاتووە، ڕەنگی جیاوازی هەیە و دەکرێت قاوەیی یان ڕەش بێت، زۆرینەی جۆرەکانیان سێ شەویلگەیان هەیە کە هەموویان پڕن لە ددانی بچووک و تیژ و توانای بڕینی پێستی ئەستووریان هەیە تەنانەت پێستی ئەسپی دەریاش، قەبارەکەی بە گوێرەی جۆرەکەی جیاوازە، بۆ نموونە درێژی هەندێکیان دەگاتە نزیکەی ٤٠ سم بەڵام زۆرینەیا لە نێوان ٠.٧-٧.٦ سم دەبن.

خۆراک

ڕێکخستنی جەستەی زەرووەکان نزیکەی لە ٣٢ پارچە پێکهاتووە و کۆئەندامی هەرسیان زۆر لە مرۆڤەوە نزیکە، بە زۆری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مێشک بەکاردێت، زۆرینەی خۆراکیان بریتییە لە خواردن و مژینی خوێن، واتە خوێنمژن و توانای کونکردن و بڕینی پێستی زۆرینەی گیانەوەرەکانیان هەیە، وەک مەمکدار و باڵندەکان و خشۆکەکان و ماسییەکانە، هەندێکیشیان ماددە شیبووەوەکانی ڕووەکەکان دەکەن بە ژەمی خۆراکی، یاخود دەکرێت مێروو و کرمی دیکە بخۆن، ئارەزووی زەرووەکان بۆ خواردن زۆر بەرزە و دەتوانن بڕێکی زۆر لە خوێن بمژن کە ٥ هێندەی قەبارەی جەستەی خۆی بێت و لە کاتی هەستکردنی بە تێربوون لەسەر ڕووی پێستی خانە خوێیەکەی دووردەکەوێتەوە، هەروەها دەتوانن بۆ ماوەی ساڵێک بە بێ خۆراک بمێننەوە.

زۆربوون

زەروو یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە هەردوو ئەندامی نێرینە و مێینەی هەیە واتە نێرەموکە و بۆ زۆربوون پێویستی بە هاوبەش نییە، بەڵكو خۆی بە تەنها هێلکە دروست دەکات، هەروەها ژمارەیەکی زۆر هێلکە بەرهەم دەهێنێت، دەکرێت لە نیو جەستەیدا هەڵیبگرێت یاخود لە قۆزاخەیەکدا دایدەنێت، هەندێک لە جۆرەکان دەکرێت تەمەنیان بگاتە ١٠ ساڵ.


سەرچاوەکان



1184 بینین