قەلەڕەش

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-12-22-13:30:00 - کۆدی بابەت: 7347
قەلەڕەش

ناوه‌ڕۆك

قەلەڕەشەکان

قەلەڕەش (بە ئینگلیزی: crow)، باڵندەیەکە کە لە کۆمەڵەی ڕاوکەرەکاندا پۆلێندەکرێت، لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتووە، وەک هۆکارێک بۆ ئەوەی شێوازی ناشتنی مردوو ڕوونبکاتەوە، چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە دەگاتە زیاتر لە ٤٠ جۆر، نشینگەکەی زۆرینەی ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەگرێتەوە، بە تایبەتی وڵاتە عەرەبی و ئەورووپییەکان، هەندێکیشان لە دارستانەکانی ئەمریکای باکووردا ژمارەیان زۆرە کە ئەو جۆرانە لە نێو دارستانەکاندا ژیانکردنیان بۆ پەسەندە و لەوێ خۆراک بەدەست دەهێنن، لە کاتێکدا هەندێک جۆری دیکەیان لە ناوچە ساردەکاندا دەژین، دەنگی قەلەڕەش پیێ دەوترێت قیڕاندن، لەبەر ئەوەی دەنگەکەی ناخۆشە بۆیە کاتێک خەڵکی دەیبیستن هەست بە ترس و دڵتەنگی دەکەن، هەروەها لەبەر ڕەنگەکەشی کە ڕەشە بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ڕقیان لێی بێت و لێی بترسن، جگە لە ئەم لایەنە خراپانەی قەلەڕەشەکان سوودیان هەیە بۆ جوتیارەکان و هاوکاریانن لە خاوێنکردنەوەی زەوی کێڵگەکان لە نەخۆشی زیانبەخش، لەهەمان کاتدا مێرووە زیانبەخشەکانیش دەخۆن و لەناویان دەبەن.

شێوەی دەرەوەی

قەلەڕەش یەکێکە لە ئەو باڵندانەی کە تایبەتمەندە بە ڕەنگی ڕەش، قەبارەکەی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە قەلەڕەشی ئەمریکی قەبارەی دەگاتە ٤٥ سم، جۆرێکی دیکە هەیە کە پێی دەوترێت قەلەڕەشی ماسی، ئەم جۆرەیان قەبارەی دەگاتە ٤٨ سم و نشینگە بنەڕەتییەکەی ناوچە شێدارەکانە، بەڵام جیاواز لە قەبارەکەیان، کێشی قەلەڕەشەکان ناگاتە بڕی گەورە و لە نێوان ١٦-٣٥٠ گم دەبێت، واتە بە شێوەیەکی گشتی باڵندەیەکی قەبارە مامناوەندە.

خۆراک

قەلەڕەش وەک ئاماژەمان پێدا باڵندەیەکی ڕاوکەری دڕندەیە، باڵندەیەکی گۆشتخۆرە و هەرجۆرێک لە ئەو گیانەوەرانەی دیکە کە لە نشینگەکەیدا هەن ڕاویاندەکات و دەیانکات بە ژەمی خۆراکی، وەک مەمکدارەکان و خشۆکەکان و وشکاوەکییەکان و باڵندەکانی دیکەش، هەروەها هەندێک جۆرەکانی هێلکەش دەخوات لەگەڵ کرم و ئەو مێرووانەی کە لە کێڵگەکاندا هەن و هەندێک جۆری دیکەیان جەستەی مرۆڤ و زبڵ و پاشماوەی خۆراکەکان دەخۆن، بەڵام کاتێک مێروولە دەخۆن لە جەستەی مێروولەکاندا ماددەیەک هەیە کە پێی دەوترێت ترشی فۆلیک دەبێتە هۆی دروستکردنی دۆخێکی هاوشێوەی شەکرەی خوێنی مرۆڤ و هەندێک جار دەبێتە هۆی مردنی قەلەڕەشەکە.

یەکگرتن و زۆربوون

بە گشتی قەلەڕەش حەز ناکات لە ناوچە و نشینگە بنەڕەتییەکەی دوور بکەوێتەوە، بەڵام هەندێکیان بە بەردەوامی بە شوێن جێگەی گەرمتردا دەگەڕێن، کاتێکیش وەرزی زۆربوونیان دێت قەلەڕەشە نێرینەکان هێلانەیەک دروست دەکەن کە بەرزی جێگەکەی لە نێوان ٥-١٩ م دەبێت، لە بونیادنانی هێلانەکەدا پارچەی قوماش و قژ و ڕیشاڵی ڕووەکی بەکاردەهێنێت، دواتر مێینەکە ٤ هێلکە دادەنێت، هەندێکجاریش دەگاتە ٦ دانە، پاشان دەیپارێزێت و لەسەری دەنیشێت بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ، دواتر بێچووەکان هەڵدێن، لەم کاتەدا کە مێینەکە بێچووەکان دەپارێزێت، نێرینەکە دەڕوات بۆ گەڕان بە دوای خۆراک بۆ مێینە و بێچووەکانیش، هەروەها کاتێک تەمەنی بێچووەکان دەگاتە ٦٠ ڕۆژ دەگەنە قۆناغی پشتبەخۆبەستن و خۆراکی خۆی بەدەست دەهێنێت، جووتە قەلەڕەشەکان کە نێرینە و مێینە یەکگرتووەکانن بە کۆمەڵەی جیاواز و پێکەوە دوور لە ئەو پێگەیشتووانە دەمێننەوە کە تەنهان.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

شایەنی باسە، قەلەڕەش لە زۆرینەی باڵندەکانی دیکە جیاوازترە و ئاستی زیرەکی زۆر بەرزە، هەموو کێشە و قەیرانەکانی خۆی چارەسەر دەکات، دەوترێت کە قەلەڕەش بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ مرۆڤەکان سەیریان دەکات و لەدوای یەکجار سەیرکردن هیچ کاتێک ڕووخساری مرۆڤەکە لەیادناکات، حەز و خواستێکی زۆری بۆ شمەک و کاڵای درەوشاوە و بریسکەدار هەیە، ئەمەش سەلمێنراوە کاتێک کە هێلانەی هەندێک لە قەلەڕەشەکان کاڵا و پارچەی درەوشاوەی تێدا دۆزراوەتەوە، هەروەها ئەم باڵندەیە تایبەتمەندە بە چاونەترسییەکەی کە باڵندەیەکی بەهێزە و ترسی لە باڵندە ڕاوکەرەکانی دیکە نییە، وەک هەڵۆ و باز و جۆرەکانی دیکە، کاتێک قەلەڕەشێک توشی نەخۆشییەک دەبێت لەلایەن قەلەڕەشەکانی دیکەوە دەکوژرێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە نێویاندا و کاتێکیش یەکێکیان دەمرێت ئەوا هەموو ئەندامانی دیکەی کۆمەڵەکە لە دەوروبەری دەوەستن وەک پرسە و دەربڕینی هاوخەمی، جگە لە ئەمانەش قەلەڕەشەکان بە ئەوە ناسراون کە تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە، کاتێک یەکێکیان زیانی پێدەگات کۆدەبنەوە و پێکەوە هاوشێوەی گیانەوەرێکی دڕندە بە هێزەوە هێرش دەکەنە سەری و دەیکوژن، هەندێکیشان ڕێگە بە چوونە ناوەوەی هەندێک لە مێروولەکان دەدەن بۆ ناوەوەی جەستەیان یاخود بۆ نێو پەڕەکانی، بۆ ئەوەی مێروولەکان ببنە هۆی لەناوبردنی مشەخۆرەکان و پاکبوونەوەی لە بەکتریا و میکرۆبەکان، هەروەها قەلەڕەشەکان لە کاتی فڕیندا توانای یاریکردنیشیان هەیە و ١٥-٣٣ بڕگەی جیاوازی دەنگ دەزانن، لە هەندێک لە کلتوورەکاندا قەلەڕەش هێمای بەختێکی باشە لەکاتێکدا لە هەندێکی دیکەدا مانای بەختی خراپ دەگەیەنێت.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • قەلەڕەشی ئەمریکی
  • قەلەڕەشی باکووری ڕۆژئاوایی
  • قەلەڕەشی ڕەش
  • قەلەڕەشی کارون کرو
  • قەلەڕەشی ئوستوڕالی
  • قەلەڕەشی هاوای
  • قەلەڕەشی مەکسیکی
  • قەلەڕەشی فلوریس کرو
  • قەلەڕەشی بچووک
  • قەلەڕەشی ماسی
  • قەلەڕەشی گەرما


سەرچاوەکان



1185 بینین