ڕزگارکردنی سەرباز ڕایەن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-22-20:48:00 - کۆدی بابەت: 7351
ڕزگارکردنی سەرباز ڕایەن

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی فیلمەکە

فیلمی ڕزگارکردنی سەرباز ڕایەن (بە ئینگلیزی: saving private Ryan 1998) یەکێک لە باشترین فیلمەکانی هۆڵیوودە و ڕیزبەندی ٢٦ـەمین باشترین فیلمی گرتووە لە ٢٥٠ فیلم لە سایتی IMDB کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی فیلم و خاوەنی ٥ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمێکە لە ژانەری درامی و جەنگی و هەستبزوێن، کە بەرهەمی ساڵی ١٩٩٨ـی وڵاتی ئەمریکایە و کاتەکەی ٢ کاتژمێر و ٤٩ خولەکە، لە دەرهێنانی ستیڤن سپیڵبێرگ و نوسینی ڕۆبێرت ڕۆداتە، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە تۆم هانکس و هەروەها بە بەشداری ئەکتەرانی وەک، تۆم سایزمۆر، مات دەیمن، باری پیپێر، ئادام گۆڵدبێرگ، ڤین دیزڵ، پاوڵ جییەماری، گۆڤانی ڕیبسی.
تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمەکە ٧٠ ملیۆن دۆلار بووە و داهاتەکەی نزیکەی ٤٨٢ ملیۆن دۆلار بووە و بووەتە پڕ فرۆشترین فیلمی ئەو ساڵە، جگە لە خەڵاتی ئۆسکار ٧٤ خەڵاتی دیکەی بەدەست هێناوە.

چیرۆکی فیلم

چیرۆکی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٤ چیرۆکی فەرماندەیەکە بەناوی کاپتن میلەر کە لە جەنگی جیهانی دووەمدایە، فیلمەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کاتێک کە کاپتن میلەر و ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە سەرباز دەیانەوێت بپەڕنەوە و کاتێک لە کەشتییەکە دادەبەزن و دەگەنە کەناری ئۆهاما سەربازە ئەڵمانییەکان هێرشیان بۆ دەهێنن و ژمارەیەکی زۆریان دەکوژرێت، کاپتن میلەر و کۆمەڵێک لە سەربازانی دیکە ڕزگاریان دەبێت، دواتر هەواڵ دەهێنن بۆ کاپتن میلەر چوار برا کە هاتوونەتە ڕیزی سوپاوە و شەڕ دەکەن سێ کەسیان کوژراون لە شەڕدا و تەنها یەکێک لەوان ماوە بەناوی ڕایەن و ئێستا دیار نییە و نازانرێت لە کام سنووری شەڕدایە کە پێویستە بدۆزرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ لای دایکی پاش ئەوەی کە سێ کوڕی دیکەی لەدەست داوە، لەوکاتەدا سەرۆکی سوپای ئەمریکا بڕیار دەدات گروپێک دروست بکات بۆ ڕزگارکردنی سەرباز ڕایەن تاکوو نەکوژرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ لای دایکی و کەمێک لە خەمی ئەو دایکە کەم بکات.

بەرهەمهێنان

لە ساڵی ١٩٩٤ کاتێک کە ڕۆبێرت ڕۆدات بیری لە چوار برای کوژراو دەکردەوە لە شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا بیرۆکەی ئەم فیلمە هات بە مێشکیدا و چەند لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدا و بڕیاریدا کە کاتی ڕوودانی ڕووداوی فیلمەکە لە جەنگی جیهانی دووەمدا بێت، دوای نوسینی سیناریۆی فیلمەکە سیناریۆکەی دایە دەستی مارک گاردۆن ئەویش چیرۆکەکەی بەدڵبوو و بەڵام دوای ١١ جار لە پێداچوونەوەی سیناریۆی فیلمەکە ئینجا بڕیاری بەرهەمهێنانی فیلمەکەیدا و سیناریۆی فیلمەکەی خستە بەردەست تۆم هانکس و ئەویش چیرۆکی ناو فیلمەکەی بەدڵبوو و ستیڤن سپێڵبێرگی وەک دەرهێنەری فیلمەکە هەڵبژارد.

خەڵاتەکان

  • خاوەنی پێنج خەڵاتی ئۆسکارە کە ئەمانەن، براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین دەرهێنەر، باشترین دەنگ، باشترین مۆنتاژ، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین ئیفێکتی دەنگ.
  • هەروەها پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بووە بۆ، باشترین فیلمی ساڵ، باشترین ئەکتەر لە ڕۆڵی سەرەکی، باشترین سیناریۆ، باشترین مۆسیقای ڕەسەن، باشترین میکیاج.
  • براوەی ٢ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین فیلمی ساڵ و باشترین دەرهێنەر، هەروەها براوەی ٧٤ خەڵاتە و پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی ٧٥ خەڵاتی دیکە.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

تۆم سایزۆمۆر و ماددەی هۆشبەر

تۆم سایزمۆر یەکێکە لە ئەکتەرانی فیلمەکە و پێش دەستپێکی وێنەگرتنی فیلمەکە ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان بووە، بەڵام بەهۆی یاسا توندەکەی ستیڤن سپیڵبێرگی دەرهێنەرەوە ئەمەی لێ قەدەغەکرا ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەم ئەکتەرە لە یەکەم ڕۆژی وێنەگرتنی فیلمەکەوە تاکوو کۆتا ڕۆژ بە هیچ شێوەیەک نەچێت بە دەوری ماددەی هۆشبەردا، دەرهێنەرەکە هەموو ڕۆژێکی وێنەگرتن پشکنینی بۆ ئەکتەرەکان دەکرد بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا ئالوودەی هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر نین، چونکە ئەگەر بچووکترین گومان لەسەر هەر یەکێکیان هەبوایە دەری دەکردن و ئەکتەری دیکەی دەهێنایە جێگاکەیان ئەگەر کۆتا ڕۆژی وێنەگرتنیش بوایە.

بەکارهێنانی چەک

هەموو ئەو چەکانەی کە لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە ڕاستین و هی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمن، هیچ جۆرە چەکێکی ناڕاستی بەکارنەهاتووە کە دروست کرابێت لە پلاستیک یاخود کەرەستەی دیکە، بۆیە زۆر بە وریاییەوە ئەم چەکانە بەکاردەهاتن لە فیلمەکەدا و بەهێزییەکەشی لەوەدا بوو کە هەموو ئە جۆرە جیاوازانەی چەکەکان هەمان دەنگی گولـلەیان لەسەر بوو کە لە ڕاستیدا هەبوون، ئەم دەنگانەیان لە ستۆدیۆ تۆمار کردووە و لەکاتی وێنەگرتندا بەکاریان هێناوە، چونکە چەکی ڕاستی بووە نەیانتوانیووە لەبەر ئاسایشی ئەو ناوچەیە تەقەی پێ بکەن.

ڕۆڵی مات دەیمن لە فیلمەکەدا

بەدرێژایی چیرۆکەکە هەموو سەرنج لەسەر ئەوە بوو کە سەرباز ڕایەن بگەڕێننەوە، دەرهێنەر هەوڵیدابوو کە ئەکتەری نەناسراو بەکاربهێنێت لەگەڵ تۆم هانکسدا بۆ دۆزینەوەی سەرباز ڕایەن لە فیلمەکەدا تاکوو بینەر لە ساتی دۆزینەوەی سەربازەکەدا نەزانن کە کامیانە، هۆکاری هەڵبژاردنی مات دەیمنیش بۆ ئەوەی کە ڕۆڵی سەرباز ڕایەن ببینێت بۆ ئەوە بوو کە ئەکتەرێکی نەناسراو و بوو خەڵک نەیدەناسی و  ڕووخسارێکی کلاسیکی ئەمریکی هەبوو کە دەرهێنەر زۆر بە دوای ڕووخسارێکی لەو جۆرەدا گەڕابوو، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوە بوو کە مات دەیمن دوای کۆتایی هاتنی وێنەگرتنی ئەم فیلمە وەک نووسەری فیلمی (Good Will Hunting) خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرت و بەمەش خەڵکی زۆر ناسیان و کاتێک کە فیلمی ڕزگارکردنی سەرباز ڕایەن چووە سینەماوە هەمووان ئاشنا بوون بە ڕووخساری مات دەیمن، هەر بۆیە تەواوی بیروباوەڕی دەرهێنەر لەسەر ئەو بابەتە پێچەوانە بوویەوە.

هەڵبژاردنی ڕۆڵی کەسایەتی کاپتن میلەر

یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی گەورەی ئەم فیلمە هەڵبژاردنی ئەکتەرێکی وەک تۆم هانکس بوو بۆ ڕۆڵی کاپتن میلەر، کە وەک فەرماندەیەکی لەخۆبردوو و نەرمونیان دەردەکەوێت و نواندنێکی زۆر جوان دەکات، هەروەها ڕۆڵگێڕانی لەم فیلمەدا بووە هۆی شانازییەک بۆ تەواوی سوپای ئەمریکا، بەڵام پێش تۆم هانکس دەرهێنەر بە دوو ئەکتەری دیکەی وتبوو وەک هاریسن فۆڕد و مێڵ گیپسن، ئەگەر هەریەکە لەم ئەکتەرانە ئەو ڕۆڵەی بگێڕایە ئەوا کاپتن میلەر کەسێکی توڕەتر و توندوتیژ دەردەکەوت.

گرتەی کەنارەکانی ئۆماها

بودجەی تەرخانکراو بۆ دروستکردنی ئەم فیلمە نزیکەی ٧٠ ملیۆن دۆلار بووە کە ١١ ملیۆنی تەنها بۆ چەند خولەکی سەرەتای فیلمەکە خەرجکراوە، ئەم چەند خولەکەی کەناراوەکانی ئۆماها کاری زۆری لەسەر کراوە تاکوو لە ڕاستی بچێت، دەرهێنەر لەجێی سوود وەرگرتن لە وێنەگرتن بە کامێرا لە دوورەوە و بە ستاند کامێرای دەستی بەکارهێناوە تاکوو تەواوی وردەکاری دەربخات، هەروەها نزیکەی ٤٠ کیسە خوێنی دەستکردی بەکارهێناوە و نزیکەی ١٥٠٠ ئەکتەر لەم چەند خولەکەدا نواندنیان کردووە کە زۆربەیان سەربازی ئێرلەندی بوون و لەم ژمارەیەش ١٠٠ کەسیان تەنها بۆ تەقینەوەکان و کەوتنە ناوەوەیان بۆ شەپۆلەکان تەرخان کرابوون، وە ٢٠ بۆ ٣٠ کەس لەو ئەکتەرانە کەسانی کەمئەندام بوون کە پێشتر لە جەنگدا دەست یان قاچێکیان لەدەست داوە تاکوو ڕۆڵی ئەو کەسانە ببینن کە لەو گرتەیەدا دەست یان قاچێکیان لەدەست دەدەن.

ڕۆڵی ڤین دیزڵ لە فیلمەکەدا

ڤین دیزڵ ئەکتەرێکی دیار و ناسراوی ناو فیلمە ئەکشنەکانە، لەوکاتەدا کە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمی ڕزگارکردنی سەرباز ڕایەن بوون ڤین دیزڵ لە فیلمی (Strays) وەک ئەکتەر و نووسەر و دەرهێنەر بەشداربوو تاکوو سەرنجی زۆری سینەماکاران و دەرهێنەران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، دوای ئەوەی دەرهێنەر ئەم فیلمەی بینی سەرسام بوو بە تواناکانی ڤین دیزڵ و بڕیاریدا کە کەسایەتییەکی نوێ بۆ ناو فیلمەکە بهێنێت و جێکردنەوەی ئەم کەسایەتییە لەم فیلمەدا کاتێکی زۆری خایاند، ڤین دیزڵ تا ڕادەیەک بەناوبانگ بوو ئەوکاتە بەڵام دوای بەشداریکردنی لەم فیلمەدا ناوبانگی زۆر زیاتر بوو. 

ڕاهێنانی ئەکتەرانی فیلمەکە

لەنێوان تیمی بەرهەمهێنەرانی فیلمەکەدا کەسێک بە ناوی (دێڵ دای) کە سەربازێکی کۆنی سوپای ئەمریکا بوو وەک ڕاوێژکارێکی سەربازی لە تیمی بەرهەمهێنەراندا بوو و یارمەتیدەری دەرهێنەر بوو و بەو ئەزموونەی کە هەیبوو لە سوپادا بۆ زیاتر ڕاهێنان بە سەربازەکان، هەموو ئەکتەرانی ناو فیلمەکە کە ڕۆڵی سەرباز دەگێڕن بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە کەمپێکی سەربازیدا بوون و  وەک سەربازێک ڕفتاریان لەگەڵ دەکرا و هەمان ڕاهێنانیان پێ دەکرا و هەمان خواردنی سەربازەکانیشیان دەخوارد.

وێنەگرتن

بە هۆی ڕێگریکردن لە وێنەگرتنی لە کەناراوەکانی نۆرماندی دەرهێنەر کەناراوەکانی بالینسکێری بەکارهێنا لە ئیرلەندا چونکە زۆر هاوشێوەی ئۆماهای نۆرماندی بوو و چەند خولەکی سەرەتای فیلمەکە لەوێدا وێنەی گیراوە.

شارە وێرانبووەکە

شاری وێرانبووەکەی ناو فیلمەکە لە شارێکی بچووکدا وێنەی گیراوە بە ناوی هاتفیڵد کە نزیکی شاری لەندەنە و دروستکردنی تەواوی ئەو خانووە ڕووخاو و شارە وێرانبووە نزیکەیی ٤ مانگی خایاندووە.

جلەکان

تەواوی جلی ئەکتەرانی ناو فیلمەکە بەتایبەت بۆ ئەم فیلمە دووراوە بە هەمان دیزاینی ئەو سەردەمە.

مۆنتاژ

ئەم فیلمە کۆتا فیلمە کە بە شێوەیەکی دەستکرد و بەبێ بەکارهێنانی ئامێری دیجیتاڵی و ئامێری پێشکەوتوو خەڵاتی ئۆسکاری بردەووە بۆ باشترین مۆنتاژ.

دیاری فیلمەکە

دەرهێنەر ئەم فیلمەی بە دیاری بەخشی بە باوکی کە لە جەنگی جیهانی ئەمریکادا بەشداری کردووە.

خەڵاتی ڕێزلێنان

تۆم هانکس بۆ ڕۆڵگێڕان لەم فیلمەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە کە پێشتر هیچ کەسێک ئەم خەڵاتەی پێ نەبەخشرابوو.


سەرچاوەکان



1154 بینین