کاکاو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-24-23:57:00 - کۆدی بابەت: 7380
کاکاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاکاو (بە ئینگلیزی: cocoa) یان دەنکی کاکاو بریتییە لە تۆوی ڕووەکی کاکاوی تیۆبڕۆما کە وشککراوەتەوە و بە تەواوی ترشێنراوە، پاشان ئەم هەویرەی کاکاو دەکرێت شل یان نیمچە شل بێت و تۆزی کاکاو (تێکەڵەیەکی نا چەوری) یان کاکاوی نیمچە ڕەقی (چەور) لێ دەردەهێنرێت، دەنکی کاکاو بنچینەی دروستکردنی چۆکلێتە، چۆکلێت ڕاستەوخۆ دەفرۆشرێت بە کڕیار بە شێوەی چۆکلێتی ڕەقی لە قاڵبدراوی پێچراوە کە گونجاوە بۆ خواردنی ڕاستەوخۆ، یان کاکاوی لێ بەرهەم دەهێنرێت یان وەک چۆکلێتی کێک دەفرۆشرێت، کاکاو بۆ دروستکردنی خواردنەوە و تامخۆشکردنی چەندین جۆری خواردنەوەی سارد و گەرم بەکاردێت.

مێژوو

درەختی کاکاو زیاتر لە ٣٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن مێزۆئەمریکییەکانەوە چێندراوە، خەڵکی ئەو ناوچانەی کە کاکاوی لێ چێندراوە بەکاریان هێناوە بۆ دروستکردنی خواردنەوە و زۆرجار لە ئاهەنگەکاندا خواردوویانەتەوە، خەڵکی شارستانییەتی مایا کە شارستانییەکی مێزۆئەمرکییە چۆکلێتییان بە خواردنی خوداوەندەکان داناوە، درەختی کاکاویان بە پیرۆز داناوە، هەروەها کاتێک خاوەنشۆکانیان ناشتووە لە ئەو کەلوپەلانەدا کە کردوویانەتە گۆڕەکەیەوە کاکاویشی تێدا بووە.

پڕۆسەی بەرهەمهێنان

دروێنەکردن

دروێنەکردنی کاکاو دەکرێت لە هەر کاتێکی ساڵدا ئەنجام بدرێت، بەڵام زۆرترین بەری ڕووەکی کاکاو لە کاتی نێوان مانگی تشرینی یەکەم بۆ شوبات و مانگی ئایار بۆ مانگی ئاب کۆدەکرێتەوە، بەرە پێگەیشتووەکان لێدەکرێنەوە و کرۆکەکەیان کە دەنکی کاکاوە لە بەرەکە جیادەکرێنەوە، کە ڕەنگێکی زەردباویان هەیە.

ترشاندن

دوای دروێنەکردن کرۆکەکان بۆ ماوەی ٥ بۆ ٧ ڕۆژ دادەنرێن تاکوو بترشێن، دەبێت پلەی گەرمی شوێنەکەی کە دەنکە کاکاوەکانی تێدا دەترشێنرێت هاوسەنگ بێت، بە درێژایی ئەم ترشانە تامە شیرینەکەی کرۆکی کاکاوەکان نامێنێت، میکرۆبی ناو تۆوکان بە زیادکردنی گەرمی لەناو دەبرێت و تامی کاکاو دەست بە دروست بوون دەکات، دەنکە کاکاوەکان هەڵدەئاوسێن و پڕ دەبن لە شێ، ناوەکەیان ڕەنگی دەگۆڕێت بەرەو سوورێکی قاوەیی باو و بۆنێکی قورس و تیژییان دەبێت، پاشان دەنکە کاکاوەکان لەبەر خۆر یان لە کوورەی وشککەرەوەدا وشک دەکرێنەوە بۆ کەمکردنەوەی شێی ناویان بۆ ٦٪ - ٧٪.

خاوێنکردنەوە و برژاندن و هاڕین

دەنکەکانی کاکاو بە چەندین پڕۆسەی خاوێنکردنەوەدا تێپەڕ دەکرێن بۆ لابردنی هەر پیسییەکی وەک بەرد و تۆز و چڵە دار، پاشان برژاندن دەبێتە هۆی زیادکردنی تام و ترشی و توندی تامەکەی و شێیەکەی کەم دەکاتەوە، هەروەها ڕەنگەکەی تۆختر دەکات و لێکردنەوەی توێکڵەکەی ئاسانتر دەکات، دوای کرداری برژاندن وردکردن بە ئامێر و شەنکردن دەست پێ دەکات، پاشان دەهاڕدرێت و چەورییەکەی لێ جیا دەبێتەوە و هەویرێکی لێ دروست دەبێت کە پێی دەوترێت هەویری چۆکلێت.

گوێچکە ماسی

ڕێگای گوێچکە ماسی پڕۆسەیەکی پێشکەوتووی دروستکردنی هەویری چۆکلێتە کە تۆزی کاکاوی لێ دروست دەکرێت بە ئامێرێک کە پێی دەوترێت گوێچکە ماسی (بە ئینگلیزی: conche)، تایبەتمەندییەکانی تام و بۆن و دەرکەوتە بە درێژای پڕۆسەی گوێچکە ماسی گەشەدەکەن، ناوی گوێچکە ماسی لەوەوە هاتووە کە ئەو دەفرەی کە بەکاردێت بۆ هەڵگرتنی چۆکلێتەکە لە شێوەی گوێچکە ماسیدایە، ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە ٤-٧٢ کاتژمێرە بە پشت بەستن بە بەرهەمی خوازراو و جۆری ئامێرەکە، پلەی گەرمی ئەم پڕۆسەیە لە نێوان ٥٥ بۆ ٨٨ پلەی سیلیزیدا، هەروەها لە نزیکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت بۆ دەستکەوتنی تامی خوازراو و هاوسەنگی.

تۆزی کاکاو

تۆزی کاکاو لە ئەنجامی لابردنی چەوریی کاکاو لە هەویری چۆکلێت بە پڕۆسەی هایدرۆلیک دروست دەکرێت، ئەو چەورییەی لە تۆزی کاکاودا دەمێنێتەوە نزیکەی ٨٪ بۆ ٣٦٪، بە پێی پڕۆسەی بەرهەمهێنان دوو جۆری کاکاو دروست دەکرێت کە بریتیین لە:

پڕۆسەی سروشتی

لەم پڕۆسەیەدا تۆزی کاکاو و هەویری چۆکلێت هیچ ماددەیەکی تفتیان تێناکرێت، بە شێوەیەکی سروشتی دەنکی کاکاو تامێکی کەمێک ترشی هەیە، هەروەها ڕێژەی ترشێتی (pH) لە نێوان ٥٫٢-٥٫٨ دایە، کاتێک کە ئەم ڕێژەی ترشێتییە گۆڕانی تێدا ناکرێت بەرهەمێکی تام توندی خوازراو بەرهەم دێت کە بەکاردێت لە دروستکردنی چەندین خواردن و تێکەڵەدا.

پڕۆسەی هۆڵەندی

لەم پڕۆسەیەدا تۆزی کاکاو و هەویری چۆکلێت لە قۆناغی هەویر یان هاڕدراو یان تۆزدا کاریان لەسەر دەکرێت، ئەم پڕۆسەیە پێی دەوترێت هۆڵەندی چونکە یەکەم کەس کە ئەم پڕۆسەیەی پەرەپێداوە پیاوێکی هۆڵەندی بووە بەناوی ڤان هۆتن، لەم پڕۆسەی بە تفتکردنەدا گیراوەیەکی تفت زیاد دەکرێت بۆ هاوسەنکگردنی ترشەکانی ناو کاکاو، زۆربەی ئەو ترشە پێک دێت لە ترشی ئەسیتیک کە هەمان ترشی ناو سرکەیە، یان دەکرێت ئەم تفتە بۆ بەرهەمهێنانی ناوەندێکی کەمێک تفت بێت کە ڕێژەی ترشێتی (pH) لە ٨ بەرزتر بێت، باوترین جۆری تفت کە بەکاربێت بۆ بە تفتکردن بریتییە لە کاربۆناتی پۆتاسیۆم، جگە لەوەی کە ڕێژەی ترشێتی ڕێک دەخات، ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی تۆختر بوونی ڕەنگی کاکاو و زیاتر بوونی بۆن و تامەکەی.

پاراستن

چۆکلێت و کاکاو پێویستە لە پلەی گەرمی ١٨-٢٠ پلەی سلیزی و ڕێژەی شێی کەمتر لە ٥٠٪ دا هەڵبگیرێن، پلەی گەرمی بەرز و گۆڕاو دەبێتە هۆی ئەوەی چەوری کاکاوەکە سەربکەوێتە سەرەوە و ڕەنگی بگۆڕێت بۆ ڕەساسی یان سپی.
ڕێژەی بەرزی شێ دەبێتە هۆی بۆگەن بوونی تۆزی کاکاو، هەروەها تواندنەوەی شەکری ناو کاکاو و نیشتنی لەسەر ڕووەکەی و جیابوونەوەی لە چەورییە سەرکەوتووەکە بەهۆی دەرکەوتە لمییەکەیەوە.


سەرچاوەکان



726 بینین