سامەڕا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-27-16:25:00 - کۆدی بابەت: 7406
سامەڕا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

شارۆچکەی سامەڕا (بە عەرەبی: سامراء) (بە ئینگلیزی: Samarra) دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە، شاری تکریت کە ناوەندی پارێزگاکەیە لەباکوورەوە دەوری داوە، لە بەشی ڕۆژئاواوە  ڕوومادی و لە ڕۆژهەڵاتەوە بەعقووبە دەوریانداوە، بە دووریی 125 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای بەغدادەوە دوورە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 4,504 کیلۆمەتر دووجایە، کەشوهەوای ناوچەکە بە هاوین گەرم و وشکە، بە زستانیش کەشێکی ساردی هەیە، لە ڕووی کارگێڕییەوە شارۆچکەی سامەڕا سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە.

مێژووی سامەڕا

ـ بنیاتنانی: لەلایەن جێنشینی عەباسییەکانەوە "موعتەسەم بیللا" لە ساڵی 221ی کۆچی بەرامبەر بە 835ی زایینی بنیاتنراوە کردوویەتی بە پایتەختی عەباسییەکان کە ماوەی 58 ساڵ وەکوو پایتەختی عەباسییەکان ماوەتەوە.
ـ واتای ناوەکەی: چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە لەسەر واتای ناوی سامەڕا، پسپۆڕان پێیان وایە کە کورتکراوەیە بۆ دێڕی "سر من رأى" کە بە واتای "کاتێک دەیبینیت دڵخۆش دەبیت، لە سەردەمی عەباسییەکان بەهۆی خۆشگوزەرانی دانیشتوانەکەیەوە وایان پێی دەگوت، بەڵام لە دوای جەنگ و کاولکارییەکانی مەنگۆلی و سەفەوییەکان پێیان دەگوت "ساء من رأی" کە بە واتای "کاتێک دەیبینیت هەست بە خراپی و بێزاری دەکەیت، هەندێکی تر لە زمانناسان پێیان وایە کە بنچینەی ناوەکە لە ئاشووری و بابلییەکانەوە وەرگیراوە کە لە و شەی سۆمۆرۆم یاخود سۆرمارتا وەرگیراوە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵات و فەرمانڕواییە مێژووییەکان: لە سەردەمی مەنگۆلی و سەفەوییەکان ناوچەکە دووچاری کاولکاریی و خاپوور بوون بووتەوە و زیانی زۆری بەرکەوتووە، بە پێچەوانەوە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان گرنگی بە شارەکە دراوە و دووبارە بووژاوەتەوە چەندان شونی گرنگی تێدا بنیاتنراوە.
ـ داگیرکاری ئەمریکا ساڵی 2003: شارۆچکەی سامەڕا لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین داگیرکاری ئەمریکایان ڕەتکردەوە و ڕووبەڕوویان بوونەوە، دوای چەند جەنگێکی سەخت لەلایەن دانشتواەکەیەوە، ئەمریکا توانی شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات.
ـ بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە دوای داگیرکاری ئەمریکا: دوای داگیرکارییەکانی ئەمریکا، لەنێوان سوننە و شیعەکان جەنگ و ململانێی تایفی دروستبوو، بە تایبەتی دوای تەقاندنەوە و خاپوورکردنی مەزاری دوو ئیمامەکەی تایبەت بە شیعەکان.
ـ داگیرکاری هێزە توندڕەوەکانی ساڵی 2014: لە 5ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 ناوچەکە لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵکراو دوای دوو ساڵ لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە ڕزگار کرا. 

دانیشتوان 

بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بەشی هەرەزۆریان پەیڕەوی ڕێبازی سوننەن سەر بە هۆز و عەشیرەتەکانی دلێم و جبوور و سەوامرەن، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2013ی عێراق ژمارەی دانشتوانکەی نزیکەی 190,000 کەسن.

گرنگی و پێگەی سامەڕا لەڕووی ئابوورییەوە لە عێراقدا

کەرتی پیشەسازی

چەندین کارگە و کارخانە و وێستگە لە سامەڕا بوونیان هەیە، زورترین بەرهەمی ناوخۆیی و هەلی کاریان بۆ دانیشتوانەکەی دابین کردووە، گرنگترینیان:
- کارگەی دروستکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی سامەڕا: ئەم کارگەیە لە ساڵی 1959 لەسەر بنەمای پەیماننامەیەکی هاریکاریی ئابووری لەنێوان یەکێتیی سۆڤیەت و عێراق دامەزراوە، کۆنترین کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نزیکەی 350 جۆر لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابیندەکات، لە ماوەی گەمارۆدانی ئابوورییەکەی عێراق ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییە سەرەکییەکان بۆ دنیشتوان و لە ئێستادا هەلی کاری بۆ 3000 کارمەند ڕەخساندووە و لە کارکردن بەردەوامە.
- وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا: سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی سەرەکی کارەبا بوونیان هەیە لە ناوچەکە، ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دابینکردنی کارەبا بۆ پاێزگاکانی سنوورەکە.
- بەنداوی سامەڕا: بەنداوێکی ئاوییە لە ساڵی 1955 لەسەر ڕووباری دیجلە بنیاتنراوە، لە ڕۆژئاواوە بە دەریاچەی سەرسارەوە بەندە، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گلدانەوەی ئاوی باران و دابینکردنی سەرچاوەی ئاوی و کارەبا، هەروەها بە مەبەستی پاراستنی شارەکانی باشووری سامەڕا لە لافاو بنیاتنراوە. 

کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوارە مێژوویی و ئاینییەکانی

سامەڕا چەند شوێنەوارێکی مێژوویی و ئاینی بایەخدا لەخۆدگرێت، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق سەردانی شارەکە دەکەن، بە تایبەتی گەشتیاری ئاینی کە گەورەترین پشکیان بەرکەوتووە، گرنگرین ناوچە گەشتیارییەکان ئەمانەن: 
- منارە و مزگەوتی مەلوییە: ئەو شوێنەوارەی کە وێنەکەی لەسەر دراوی 250 دیناریی عیراقییە، لەنێوان ساڵانی 234 -237ی کۆچی لەلایەن خەلیفە موتەوەکلی عەباسی دروستکراوە، یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە دێرینەکانی ‎عێراق و دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای سەڵاحەدینەوە، لە 21 دەرگا پێکهاتووە و شێوازێکی لوولپێچی وەرگرتووە، لە خشت و کەرپووچ و گڵ و گەچ دروستکراوە، بەرزییەکەی 52 مەترە، لەسەر دوو بناغەی لەسەریەکی چوارگۆشەیی دروستکراوە، بناغەی یەکەمیان 3 مەتر بەرزە لەسەر ڕووبەری 33 مەتر چوارگۆشەیە و بناغەی دووەمیان 1,2 مەتر بەرزە و ڕووبەرەکەی بچووکترە، لەسەر ئەم دوو بناغەیە بینایەکی شێوە لولپێچی 5 نهۆمی دروستکراوە لەگەڵ زیادبوونی بەرزیەکەیدا تیرەکەی بچووک دەبێتەوە، هێمای گەشتیارییە لە عێراق، سەرەڕای هەموو جەنگ و هێرشەکانی ڕابردووی سەردەمی مەنگۆلییەکان و سەفەوییەکان، بە بەرزی وەک جوانترین منارەی جیهان ماوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی گرنگی پێنەدان و شەڕەکانی عێراقەوە زیانی بەرکەوتووە و  مەترسی لە ناوچوون و ڕووخانی لەسەرە.
- مەزاری دوو ئیمامەکە: مەزارێکی تایبەتی ئیسلامییە، گۆڕی عەلی هادی و حەسەن عەسکەری لەخۆگرتووە کە دوو کەسایەتی زۆر گرنگن بۆ شیعەکان، بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نۆی زایینی، دوو جار خاپوور کراوە، لە ساڵی 2006 لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی قاعیدەوە تەقێندرایەوە، لە ساڵی 2007 هێرشێکی تری کراوەتە سەر بە تەواووی خاپوور کراوە و لەناوچووە، دووبارە بنیاتنراوەتەوە گومەز و دەرگاکانی لە ئاڵتوون دروستکراون و لە ئێستادا ساڵانە بە ملیۆنان سەردانیکەری هەیە بەتایبەتی پەیڕەوانی شیعەکان.
- مەزارگەی موعتەسەم: مەزارگەی موعتەسەم بیللای خەلیفەی عەباسییەکانە، ئەم مەزارگەیە کۆمەڵێک گۆڕی خەلیفەکانی عەباسی لەخۆگرتووە، شێوازی بنیاتانی گومەزەکەی ناوازەیە، شێوەی هەشتگۆشەیی وەرگرتووە.


سەرچاوەکان



1099 بینین