تایبەتمەندیی کچی ١٣ ساڵ و چۆنییەتی ڕەفتارکردن لەگەڵیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-02-00:46:00 - کۆدی بابەت: 7469
تایبەتمەندیی کچی ١٣ ساڵ و چۆنییەتی ڕەفتارکردن لەگەڵیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کچان کاتێک دەچنە تەمەنی هەرزەکاریییەوە، گۆڕانکاری جەستەیی و دەروونی زۆرییان بەسەردا دێت، تێگەیشتن لە کچێکی ١٣ ساڵ و زانینی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا یارمەتیدەرە تاکوو بتوانیت لێی تێبگەیت.

زمانی قسەکردنی کچی ١٣ ساڵ

  • ئەگەر کچێکی ئەو تەمەنە پێی باشترە لەجێی قسەکردن بە تەلەفۆن بە نامە قسە بکات پێت سەیر نەبێت و ئاسایی بێت بەلاتەوە، چونکە کچان لەم تەمەنەدا لەوانەیە پەیوەندییەکانیان کەمتر ببێتەوە و بەڵام هەر خۆشەویستییان بۆت هەیە.
  • کچان لە ١٣ ساڵیدا باشتر دەزانن کە چۆن و لە چ کاتێکدا پێویستە قسە بکەن و هەروەها وردە وردە حەزیان لێیە کە جگە لە قسەکردنی ئاسایی بە زمانی جەستە و تۆنی دەنگیشیان قسە بکەن.

چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا لەڕووی قسەکردنەوە

  • بەدوای هەلێکی گونجاودا بگەڕێ بۆ قسەکردن و خۆتی لێ نزیک بکەرەوە.
  • ڕێگای نوێ بدۆزەرەوە بۆ پەیوەندی بەستن لەگەڵ کچە ١٣ ساڵەکەتدا لەجێی ئەوەی کە بپرسیت ئەمڕۆت چۆن بوو؟ خۆت دەستپێشخەری بکە و باسی ڕۆژەکەتی بۆ بکە، ئەمە وادەکات ئەویش ڕووداوی ڕۆژەکەیت بۆ باس بکات.
  • بیسەرێکی باش بە بۆی، ئەگەر کچەکەت ویستی قسەت لەگەڵدا بکات واز لە گرنگترین کارت بهێنە و بە دڵ گوێی بۆ بگرە. 

گەشەکردنی جەستەیی کچی ١٣ ساڵ

زۆرینەی کچان لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەگەنە تەمەنی هەرزەکاری، بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە گۆڕانی زۆر دێت بەسەر جەستەیاندا وەک گەورەبوونی مەمکەکان، فراوانبوونی حەوز و زیادبوونی موی جەستە و پێستی چەور و زیپکە و کەوتنە سوڕی مانگانە.

چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا لەڕووی گۆڕانکاری جەستەییەوە

  • کاتێک لە ماڵەوە کارێکت بۆ دەکات ئەگەر کارێکی کەمیش بێت دەست خۆشی لێ بکە و هانی بدە یارمەتیت بدات لەکاری دیکەدا.
  • سنوورێک دابنێ بۆ بەکارهێنانی کەرەستە ئەلیکترۆنییەکان و مەهێڵە بەردەوام ئەوانە بەکاربهێنێت چونکە لەوانەیە بەهۆی تەمەنەکەیەوە بە هەڵە بەکاری بهێنێت.
  • فێری بکە کە متمانەی بەخۆی بێت و هەرگیز لەلای ئەودا گلەیی لە جەستە و ڕووخساری خۆت مەکە و بەردەوام مەڵێ من ناشرینم قەڵەوم و زیپکەم هەیە، چونکە ئەویش چاو لە تۆ دەکات بە تایبەت لەم تەمەنەیدا کە لە ڕووی جەستەییەوە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە.

ڕەفتاری کچەکەت لە لایەنی سۆزدارییەوە لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا

لەوە تێبگە کە کچەکەت هەندێک جار پێوێستی بەوەیە کە بە تەنها بێت و نەیەوێت بێتە ناو کۆمەڵگەوە بۆیە زۆری لێ مەکە.

چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کچەکەتدا لەڕووی سۆزدارییەوە

  • کاتێک دەتانەوێت لە ماڵەوە بڕیارێک بدەن لەسەر شتێک پرس بە کچەکەت بکە کە ڕای خۆی هەبێت ئەمە بەلایەوە زۆر گرنگ دەبێت.
  • دڵنیایی بکەرەوە کە ئەو گۆڕانکارییانەی لە جەستەیدا ڕوویداوە بەشێکی ئاساییە لە ژیانیدا کە هەموو کچێک پێیدا تێپەڕدەبێت و نابێت شەرمی لێ بکات.


سەرچاوەکان



552 بینین