قالۆنچەکان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-09-13:42:00 - کۆدی بابەت: 7541
قالۆنچەکان

ناوه‌ڕۆك

قالۆنچەکان

قالۆنچە یان قالۆنچکە (بە ئینگلیزی: beetle)، جۆرێکی مێرووەکانە، بە یەکێک لە بەهێزترینی مێرووەکان دادەنرێت، دەتوانێت لە ژینگە و بارودۆخێکدا بژی کە مێرووەکانی دیکە تیایدا لەناودەچن، نزیکەی نیو ملیۆن جۆری جیاوازی هەیە، بۆ نموونە تەنها لە بەریتانیا نزیکەی ٤٠٠٠ جۆری هەیە، هەندێک لە جۆرەکان تەنها لە ئاودا دەژین و ماوەیەکی زۆر کورتخایەن دەتوانن لە وشکانیدا بمێننەوە، بە گشتی قالۆنچەکان مەترسیدا نین و زیان بە مرۆڤ ناگەیەنن، بەڵام دەکرێت زیانبەخشبن بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی و بڕێکی زۆریان لەناوببەن، چونکە هەندێک لە جۆرەکان توانای هەڵکۆڵینی گەڵا و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان هەیە، هەندێک لە قالۆنچەکان بە شەودا چالاکن، مێینەی ئەم جۆرانە جۆرێک ڕووناکی لە جەستەیانەوە دەردەکەن، بۆ ئاگادارکردنەوە و ڕاکێشانی سەرنجی نێرینەکانیان.

شێوەی دەرەوەی

جەستەیەکی پتەوی پێکەوە پەیوەستی هەیە، بە بەرگێکی بەهێز ڕووپۆشکراوە، بەهۆیەوە بە خێرایی وشک دەبێتەوە و دەتوانێت بەرگەی لێدان و پەستانخستنە سەری زۆر بگرێت، قالۆنچە دوو جووت باڵی هەیە، ئەو جووتەیان کە لە پێشەوەن زۆر پتەو و ئەستوورە هیچ کات بۆ فڕین بەکاری ناهێنێت، بەڵکو بۆ پاراستن و شاردنەوەی جووتە باڵەکەی دواوەیەتی، هەستی بۆنکردنی قالۆنچەکان زۆر پەرەسەندووە، بە هۆیەوە لە مەودایەکی دوورەوە دەتوانێت هەست بە بوونی قالۆنچەی دیکە بکات، یاخود بۆ پەیداکردن و دۆزینەوەی خۆراک بۆ خۆی و بێچووەکانی سوودی لێ دەبینێت، قالۆنچە دوو چاوی گەورەی هەیە، هەندێک لە جۆرەکانیشی دەکرێت چاوی سێیەمیان هەبێت لە سەر سەریان، بەڵام هەستی بینینیان پەرەسەندوو نییە و پشتی پێ نابەستن، وە هەر بڕێکی ڕووناکی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروست دەکات، ناتوانێت شتەکان بە ڕوونی ببینێت تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە لە نزیکیدا بێت، قەبارەی قالۆنچەکان بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت، هەندێکیان دەکرێت بە ڕادەیەک بچووکبن کە بە کونی دەرزییەکدا تێپەڕبن، لە کاتێکدا جۆرە گەورەکانی وەک قالۆنچە گەورەکانی ئەمریکا دەکرێت درێژییەکەیان بگاتە ١٥ سم، ئەم جۆرە گەورانە دوو شاخیان هەیە و بە هۆیەوە شێوەیان وەک گیانەوەرێکی دڕندە و مەترسیدارە، بەڵام لە ڕاستیدا قالۆنچەکان بە مرۆڤەوە نادەن و گازناگرن.  

خۆراک

ئەو جۆرانەی کە زیانبەخشن دەکرێت کەلوپەلەکانی ناوماڵ بخۆن، وەک ئەوەی هەندێک لە کرمۆکەکان تەختە و پێویستییەکانی ناوماڵ دەخۆن کە لە تەختە و درەخت دروستکراون، بەڵام هەموو جۆرەکان بەم شێوەیە زیانبەخش نین، بۆ نموونە قالۆنچەی سوور و ڕەشی لەچاڵنەر بەهۆی بۆنکردنەوە جێگەی تەرمی مشک و باڵندە و هەر گیانەوەرێکی مردووی دیکە دەدۆزنەوە، چاڵیان بۆ هەڵدەکەنن و پاشماوەکەی تێدەخەن و دایدەپۆشن، بەشی پێویستی خۆیان دەخۆن، دواتر هێلکەیان لەسەر دادەنێن بۆ ئەوەی کرمۆکەکانیان سوود لە پاشماوەکە ببینن، هەندێک لە جۆرەکانی دیکە مێرووە زیانبەخشەکان دەخۆن، ئەمانە جوتیارەکان بەکاریاندەهێنن بۆ خاوێنکردنەوەی کێڵگەکانیان لە مێرووە زیانبەخشەکان، هەندێک لە جۆرەکان دەکرێت قوماش بخۆن، بۆیە لە ماڵەکان یان لە جێگەیەک کە قوماشی لێبێت دەکرێت ببنە هۆی مەترسی، بە تایبەتی فەرش بە بێ ئەوەی کەس بیبینێت.

زۆربوون

پەرەسەندنی قالۆنچەکان بە شێوەیەکی گشتی هاوشێوەی پەپوولە و پەروانەکانە، کە بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕێت، یەکەم قۆناغی هێلکەیە، دوای ئەوەی هێلکەکە هەڵدێت کرم یان کرمۆکەی لێ دەردەچێت، پاشان ئەم کرمۆکەیە کاتێک گەشەدەسێنێت تۆڕێک بە دەوری خۆیدا دروستدەکات، پاشان لە ناویدا دەبێت بە مێروویەکی بچووک، ئەم مێرووە بە بێ خواردن و جووڵە دەمێنێتەوە هەتا دەگاتە ئەو قۆناغەی تێیدا جەستەی گەشەی تەواو ئەنجام دەدات، پاشان قۆناغی چوارەم و لەکۆتاییدا دەبێت بە قالۆنچەیەکی پێگەیشتوو.

جۆرە سەرەکییەکانی

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە قالۆنجەکان هەیە، کە لە نشینگەی جیاوازدا دەژین، وەک قالۆنچەی پەتاتە و قالۆنچەی شاخ درێژ و قالۆنچەی هەرقل و قالۆنچەی کەرکەدن، لێرەدا تەنها باسی باوترین جۆرەکانی ماڵان دەکەین:

  • خاڵخاڵۆکەی ڕەنگدار: بە ڕەنگی زۆر و جیاواز دەبینرێت، وەک سوور و سەوز و پرتەقاڵی، کە خاڵی ڕەشی تێدایە، قەبارەیەکی بچووکی هەیە و ناتوانێت مێرووەکانی دیکە بخوات.
  • قالۆنچەی ڕەش: هاوشێوەی ناوەکەی ئەم قالۆنچەیە ڕەنگەکەشی ڕەشە، تاکە جێگەی پەسەندی ماڵەکانە، بە ژمارەیەکی کەمیش بوونی نییە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆریان لە ماڵەکاندان، جۆرێکی قالۆنچەکانە کە ژمارەکەی جڵەو ناکرێت، حەزی لە ڕۆشناییە و ڕووناکی ناوماڵەکان سەرنجی ڕادەکێشێت.
  • قالۆنچەی زەمینەیی: قەبارەیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ ڕەنگێکی ڕەش، مرۆڤ ناگەزێت بەڵام پێویستە لە جێگەکەیدا نەبێت، بە مەبەستی پاراستنی پاکوخاوێنی.
  • قالۆنچەی فەرش: لەسەر فەرش و جێگە شێدارەکاندا دەژی و ڕەنگی ڕەشە، بۆیە ئەگەر نەجووڵێت دەتوانێت خۆی بشارێتەوە لە چاوی مرۆڤەکان و هەستی پێ نەکرێت، هەروەها لە نزیک گوڵەکاندا دەمێنێتەوە، چونکە ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە شیلەی گوڵ.
  • قالۆنچەی برنج: دوو شاخی بەرز و دەمێکی درێژەوەبووی هەیە، ڕەنگی لە نێوان ڕەش و قاوەیدایە، هۆکاری ناوەکەی بەهۆی نشینگەکەوەیەتی، چونکە تەنها لە ئەو جێگانەدا دەبینرێت کە دانەوێڵەی تێدایە، دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشە بۆ جێگەی هەڵگرتنی دانەوێڵەکان.

شێوازی ڕزگاربوون لە قالۆنچەکان و دوورخستنەوەیان

  • خاوێنکردنەوەی بەردەوام، چونکە قالۆنچەکان لە جێگەی زبڵ و خاشاکدا کۆدەبنەوە.
  • بەکارهێنانی دەرمانی لەناوبردنی (قڕپێکەری) مێرووەکان، کە هەندێکیان زۆر کاریگەرن و ڕاستەخۆ دەبنە هۆی کوشتنیان.
  • هەڵگرتنی کاڵا و شمەکەکان لە جێگەیەکی پارێزراو، کە قالۆنچەکان نەتوانن پێی بگەن.
  • داخستنی پەنجەرەکان، بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەیان.
  • چاودێریکردنی دۆڵابەکان، بۆ جڵەوکردنیان لە ئەگەری ئەوەی قالۆنچەکان بچنە ناویەوە.
  • بەکارهێنانی سرکە بە پرژاندنی بە ئەو جێگانەی کە دەکرێت قالۆنچەی تێدابێت، یاخود بەکارهێنانی ترشی یوریک بەتایبەتی لە باخچە گەورەکاندا.


سەرچاوەکان



783 بینین