کوژراوی شەڕ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-19-02:25:00 - کۆدی بابەت: 7634
کوژراوی شەڕ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستەواژەی "لە جەنگدا کوژراوە" یان "لە شەڕدا کوژراوە" (بە ئینگلیزی: Killed in action، بە عەرەبی: قتل في معركة). دەستەواژەیەکی ناو زانستی سەربازییە بۆ ئەو مردنانە بەکاردێت کە بەهۆی هێرش و لێدانی دژمنەوە ڕوویانداوە، یان لەکاتی شەڕدا بەهۆی فیشەکی بەرەی خۆیانەوە بە هەڵە کوژراون. ئەو کەسانەی بەهۆی هەڵەی سەربازی، هێرشی تیرۆرستی یان فیشەکی بەرەی خۆیان لەکاتی ئاسایی دەکوژرێن وەک کوژراوی ناو شەڕ هەژمار ناکرێن. زیاتر ئەم دەستەواژەیە بەسەر (هێزەکانی ئاسمانی، زەمینی پێشەوەی جەنگ، هێزەکانی پشتیوانی، هێزی دەریایی) دەسەپێت.

کورتکراوە و نیشانە

کورتکراوەی ئەم دەستەواژەیە لە زمانی کوردیی سۆرانی دەبێتە (ل ش ک) کە بە واتای "لە شەڕدا کوژراوە" دێت، لە زمانی ئینگلیزی کورتکراوەی "Killed in action" دەبێتە (KIA). لە زمانی عەرەبی کورتکراوەی (ق ف م) ئاماژەیە بۆ دەستەواژەی "قتل في معركة". لە زمانی فارسیش بە کورتکراوەی (ک د ن) ئاماژە بە دەستەواژەی "کُشته‌شُده در نَبَرد" دەدرێت.

لەکاتی نووسین، کاتێک ناوی کەسێک ئاماژەی پێ دەکرێت کە لە جەنگدا کوژراوە، لە پاشی نیشانەی () دادەنرێت کە مەبەست لێی شمشێرێکە و نووکەکەی بەرەو خوارەوە، لە کۆندا لەسەر گۆڕی جەنگاوەرەکان شمشێری کەسەکە لە نزیک سەری بەو شێوەیە دانراوە.

دەستەواژەی تر

لەگەڵ بەکارهێنانی دەستەواژەی "لە شەڕدا کوژراوە" دەستەواژەیەکی تر هەیە بەناوی "بەهۆی برینەوە مردووە" یان "died of wounds (DOW)" کە بۆ ئەو سەربازانە بەکاردێت لەدوای برینداربوونیان لە مەیدانی شەڕ، گەیشتوون بە دەرمان و پزیشک بەڵام ڕزگاریان نەبووە و کۆچی دواییان کردووە. بەڵام ئەو سەربازانەی ڕاستەوخۆ بەهۆی بەرکەوتنیان لە شەڕدا دەمرن و هیچ دەرمانێک ناکرێن بە "لە شەڕدا کوژراوە" دادەنرێن.

بەڵام ئەو سەربازانەی لە شەڕدا ون دەبن، بە هەر هۆکارێک بێت، سەرەتا دەخرێنە لیستی "missing in action" یان "ونبووی شەڕ" کە بە کورتکراوەی (MIA) و (و ش) دەناسرێت. بەڵام کاتێک ئەو سەربازە بە هیچ شێوەیەک نەدۆزرایەوە، دەخرێتە لیستی "کوژراوی گریمانەیی شەڕ" یان "presumed killed in action" کە بۆ ئەو سەربازانەیە لە شەڕدا ون دەبن وا دادەنرێت کە کوژراون. ئەمەش بە تایبەت لەو ژینگانەی کە دۆزینەوەی تەرم و جەستەی سەربازەکان زۆر سەختە وەک جەنگی دەریایی و ئاسمانی.

لەناو کورد

لەناو گەلی کورد لە تەواوی جیهان بەو کەسانەی کە لە جەنگدا دەکوژرێن دەوترێت "شەهید". ئەمەش وشەیەکی زۆر پیرۆزە و وشەیەکی کولتوورییە و بەدرێژایی خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی و بەرگری لە مافی خۆی بەکارهێنراوە.


سەرچاوەکان



357 بینین