دووزخورماتوو

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-27-23:05:00 - کۆدی بابەت: 7719
دووزخورماتوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

دوزخورماتوو یان خورماتوو یاخود دووز (بە عەرەبی: طوزخورماتو، بە ئینگلیزی: Tuz Khurmatu)، ناوچەیەکی فرەنەتەوەییە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە، لە دوای ئەوەی حیزبی بەعس چەند گۆڕانکارییەکی لە دابەشبوونە کارگێڕییەکانی عێراق دروست کرد، لە ساڵی 1976 ناوچەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، کە پێشتر شارۆچکەکە سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو، لە ئێستادا لەڕووی کارگێڕییەوە لە چوار ناحیە پێکهاتووە کە بریتین لە ئامرلی، بەستاملی، سلێمان بەگ و یەنگیجە، دووزخورماتوو دەکەوێتە باشووری هەرێمی کوردستانەوە و لە ناوچە جێناکۆکەکانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق.
لە ڕووی ئاودێرییەوە ڕووباری "ئاوەسپی" شارەکەی کردووە بە دوو بەشەوە، ئەم ڕووبارە لە بەرزاییەکانی سەنگاوەوە دروست بووە، لە نزیک چیای حەمرین لەگەڵ سەرچاوەی "عوزێم" یەکدەگرن. 

واتای ناوەکەی

زمانناسان و پسپۆڕانی زمان لەسەر واتای ناوەکەی سێ بۆچوونیان هەیە، بۆچوونی یەکەم بریتییە لەوەی کە ڕەچەڵەکی ئەم ناوە کوردییە، لە دوو بڕگە پێکهاتووە، خورما ـ توو، بڕگەی یەکەمی مەبەستی خورمایە بڕگەی دووەمی میوەی تووە، لە ڕابردوودا ئەو ناوچەیە بە میوەی "توو" بەناوبانگ بووە، تووی ئەم ناوچەیە بە جۆرێک بووە کە بە ئەندازەی خورما قەبارەکەی گەورە بووە، بۆچوونی دووەم لەسەر واتای ناوەکە بریتییە لەوەی کە ڕەچەڵەکی ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی تورکی یان تورکمانی کە لە زمانی تورکی"طوز" بە واتای خوێیە، و خورماتوویش واتای میوەکانی خورما و تووە، لە ڕابردوودا ناوچەکە ڕەز و بێستانی ئەو میوانەی زۆر تێدا بووە و بەرهەمێنەری خوێیش بووە، بۆچوونی سێیەم پێیان وایە ڕەچەڵەکی ناوەکە دگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووری و لەو سەردەمەدا ناوی "خێر مەتی" بووە و بەپێی کات گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووە بە خورماتوو.
بەڵام پسپۆڕانی زمانی کوردی بۆچوونێکی تر پشتڕاست دەکەنەوە، پێیان وایە خورماتوو بە واتای نەوەی خوورییەکان دێت کە لە چیای زاگرۆس نیشتەجی بوونە، لە سەردەمی عوسمانییەکان لە ئەنجامی بە تورککردنی ناوچەکە عوسمانییەکان پێشگری "تووزی" ـیان بۆ ناوەکە زیاد کردووە و ڕەچەڵەکی ناوەکە هەر کوردییە. 

پێکهاتەی دانیشتوان 

دانیشتوانی ئەم ناوچەیە فرەنەتەوەن، لە کورد و عەرەب و تورکمان پێکهاتوون، بەپێی خەمڵاندنی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2014ـەی عێراق ژمارەی دانیشتوانی 119هەزار کەسن، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی دووز پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و زۆریک لە تورکمانەکان پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن، ژمارەیەکی دیاریکراو لە پەیڕەوانی کاکەیی لە شارۆچکەکە بوونیان هەیە.

مێژووی ناوچەکە

دووز ناوچەیەکی دێرینە هەربۆیە خاوەن مێژوویەکی کۆنە، هەندێک لە پسپۆڕانی مێژوو و شوێنەوارناسان مێژووەکەی دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان لە دۆڵی دووڕووبار.
لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و داگیرکردنی عێراق لەلایەن عوسمانییەکانەوە، ئەم ناوچەیە بووە شوێنی تورکمانی و تورکی هاوردەی ناوچە تورکییەکان، چونکە لەو سەردەمەدا شوێنێکی ستراتیجی بووە وەکوو وێستگەیەکی سەرەکی سەر ڕێگای بەغداد و ئیستەنبووڵ بووە.
لە سەدەی ڕابردوودا خورماتوو هاوشێوەی گوندێکی بچووکی سەر بە کەرکووک بووە، پاشان بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان و گەشەسەندنی، خورماتوو کراوە بە ناحیە و لە ساڵی 1951 بە فەرمی بووەتە شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای کەرکووک، لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس، چەند بڕیارێک دەرکرا بە گۆڕینی دیمۆگرافیا و شوێنی کارگێڕی چەند شارۆچکەیەکی سەر کەرکووک، دووزخورماتوو یەکێک بوو لەو شارانە، لە سەرژمێرییەکانی سەدەی ڕابردوو ڕێژەی کورد لە دووزخورماتوو نزیکەی 50% بووە، بۆیە وەکوو هەوڵێک بۆ تەعریب کردنی شارۆچکەکە خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، چەندین عەرەبی هاوردە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە لە ناوچەکە نیشتەجێکران.

ململانێ و ناکۆکییەکانی دووزخورماتوو

ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان لەنێوان هێزە کوردییەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دروست بووە، هۆکار و سەرچاوەی کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی سیاسی و ئەمنی و سنووری ناوچەکە، لەدوای داگیرکردنی تکریت و ڕاگەیاندنی جەنگی دژی داعش کێشەکان زیاتر بوون.


سەرچاوەکان



810 بینین