چەمچەماڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-03-18:26:00 - کۆدی بابەت: 7735
چەمچەماڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شارۆچکەی چەمچەماڵ (بە عەرەبی: جمجمال، بە ئینگلیزی: Chamchamal) دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانییەوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 3,733 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە ڕووی کارگێڕییەوە ناوچەکە سەر بە هەرێمی کوردستانە، لە ڕابردوودا چەمچەماڵ لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1976 حیزبی بەعس گۆڕانکاریی لە دیمۆگرافیا و سنووری کەرکووک ئەنجام دا، چەند ناوچەیەکی لێ دابڕا، لەو کاتەوە شارۆچکەی چەمچەماڵ کرایە سەر پارێزگای سلێمانی.

شوێنی جوگرافی

شارۆچکەی چەمچەماڵ دەکەوێتە ڕوژئاوای پارێزگای کەرکووک و هەولێرەوە، لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ ناحیەی سەنگاو، لە ڕۆژهەڵاتەوە ناوچەی بانی مەقان دەوریداوە، هەروەها لە باکوورەوە لەگەڵ زنجیرە چیاکانی هەنجیرە و دەربەندی بازیان هاوسنوورە، چەمچەماڵ لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان پاریزگای کەرکووک و سلێمانییە، ناوچەکە بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە بە شێوەیەکی خێرا پەرەیسەندووە، بە تایبەتی لە بەشی ڕۆژئاواوە زیاتر گەشەیسەندووە و فراوان بووە.

پێکهاتەی دانیشتوان

دانیشتوانی چەمچەماڵ کوردن و پەیڕەوی ڕێبازی سوننەی ئایینی ئیسلامن، ژمارەیان نزیکەی 100هەزار کەسن، زۆرێک لە هۆز و عەشیرەتە ناودارەکانی کورد نیشتەجێی چەمچەماڵن نموونەی: شوانی، جاف، کاکەیی، هەمەوەندی، جەباری و زەنگەنە.

مێژووی چەمچەماڵ

ـ بە دووریی ١٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی چەمچەماڵەوە، شوێنەواری مێژوویی گوندی "چەرمۆ" دۆزراوەتەوە، کە یەکەمین شاری کشتووکاڵییە لە مێژوودا، مێژووی بنیاتنانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 ساڵ پێش زایین ڕووبەرەکەی 12,000 بۆ 16,000مەتر چوارگۆشەیە.
ـ ناوچەکە لە سەردەمی سەلجووقییەکان بە ناوی "سوڵتان ئاباد" ناسرا بوو.
ـ چەندین بەڵگەی مێژوویی و شوێنەواری دۆزراوەی چەمچەماڵ مێژوویان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان.
ـ پێش داگیرکاریی دەسەڵاتی عوسمانییەکان چەمچەماڵ بەشێک بووە لە میرنیشنی بابان و سەر بە خاکی سلێمانی بووە.
ـ لە ساڵی 1851 و داگیرکردنی عێراق لەلایەن عوسمانییەکانەوە، چەمچەماڵ وەکوو گوندێکی بچووک دانراوە دواتر کراوە بە ناحیە.
ـ لە ساڵی 1922 دوای دامەزراندنی عێراق، لەلایەن بەریتانییەکانەوە چەمچەماڵ کراوە بە شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای کەرکووک.
ـ لە ساڵی 1976 دەسەڵات و حکوومەتی حیزبی بەعس چەند گۆڕانکارییەکی لە سنوور و ناوچەکانی سەر بە پارێزگای کەرکووک کرد، لە ئەنجامدا ناوەندی شارۆچکەی چەمچەماڵ کرایە سەر پارێزگای سلێمانی

گرنگی چەمچەماڵ

چەمچەماڵ شوێنێکی جوگرافی ستراتیجی هەیە، چونکە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە بە شارەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق نموونەی کەرکووک، بۆیە شوێنەکەی بایەخێکی ئابووری و سیاسی مەزنی هەیە، هەروەها خاکەکەی دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی.
دوایین زانکۆی حکوومی لە هەرێمی کوردستان لە  چەمچەماڵ دامەزراوە، زانکۆی چەرمۆ لە 4ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2014 دامەزراوە، لە سێ کۆلێج و 15 بەش پێکهاتووە. 

واتای ناوی چەمچەماڵ

لەسەر ناوی چەمچەماڵ چەند بۆچوونێک هەیە، ڕاستترینیان بریتییە لەوەی کە وشەی "چەمچەماڵ" لە "چەم" و"چەم" و "ماڵ" پێکهاتووە، بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا ناوچەکە بە شیو و چەمی ئاو ناودار بووە و ڕەز و بێستانی ماڵەکانیش لە دەوری چەمەکان بووە.


سەرچاوەکان



1545 بینین