ڕامی مالیک

له‌لایه‌ن: - نەهرۆ ستار - به‌روار: 2022-02-05-04:33:00 - کۆدی بابەت: 7757
ڕامی مالیک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕامى سەعید مالیک (بە ئینگلیزی: Rami Malek، بە عەرەبی: رامي مالك)، لەدایکبووى ساڵى ١٩٨١ـیە ئەکتەر و بەرهەمهێنەرێکى ئەمریکییە، بەهۆى ڕۆڵگێڕانى لە زنجیرەی "بەڕێز ڕۆبۆت"ـى تۆڕى "یو ئێس ئەى" ناوبانگێکى زۆرى پەیداکرد، بەو هۆیەشەوە خەڵاتى ئێمیی بۆ باشترین ئەکتەر لە ڕۆڵى سەرەکى وەرگرت. هەروەها بەهۆى ڕۆڵگێڕانیشی لە فیلمى "بۆهیمەین ڕاپسدى" لەساڵى ٢٠١٨ بووە براوەى خەڵاتەکانى ئۆسکار، گۆڵدن گڵۆب و ئەکادیمیای فیلمى بەڕیتانى بۆ باشترین ئەکتەرى سەرەکى، کە یەکەمین ئەکتەرى بەڕەچەڵەک میسڕییە توانیبێتى خەڵاتى ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەرى سەرەکى وەربگرێت، لەساڵى ٢٠١٩، ڕۆژنامەى "تایم مەگەزین" ناوى مالیکی خستە نێو یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتییەکانى جیهانەوە بۆ ئەو ساڵە.

ڕامى لە شارى تۆڕانس، کالیفۆڕنیا لە باوانێکى کۆچبەرى میسڕى لەدایکبووە، لە زانکۆى ئیڤانسڤیڵى ئیندیانا شانۆى تەواوکردووە. لە شارى نیویۆرک دەستى کرد بە کارى شانۆگەری لە شانۆکانى ئەو شارە، دواى ئەوە گەڕایەوە لۆس ئەنجلس و لەوێ بە ڕۆڵى پاڵپشت بەشدار بوو لە فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، لە نێویاندا زنجیرەى جەنگ لە ماڵەوە (٢٠١٥-٢٠١٧) و هەر سێ بەشى زنجیرە فیلمى شەوێک لە مۆزەخانە (٢٠٠٦-٢٠١٤). لە ساڵى ٢٠٢١، وەکو ئەکتەرى سەرەکى لە فیلمى "شتە بچووکەکان" و خراپەکاری سەرەکى لە فیلمێکى جەیمس بۆند بەناوى "کاتى مردن نییە" بەشدار بوو.

سەرەتاى ژیانى

ڕامى سەعید مالیک لە ساڵى ١٩٨١ لە شارى تۆڕانس لە کالیفۆڕنیا لەدایکبووە، دایک و باوکى و خوشکە گەورەکەى لە ساڵى ١٩٧٨ شارى قاهیرەیان بەجێهێشت. ڕامى برایەکى دووانەى هەیە کە بە چوار خولەک لە خۆى بچووکترە و بووەتە مامۆستاى زمانى ئینگلیزی. دایک و باوکى هەوڵیانداوە منداڵەکانیان لەسەر بیر و باوەڕى میسڕی پەروەردە بکەن و هەمیشە پابەند بن پێیەوە، باوکى هەندێک جار شەوانە بەئاگاى هێناوە تاکو بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ خزمەکانیان بکات لە شارى سەمالوت. لەسەرەتادا، ژیانکردن لە ئەمریکا بۆ ڕامى قورس بووە، بەهۆى جیاوازیی کولتوورییەوە و زۆربەى جار خەڵکى بەهەڵە ناوەکەیان دەربڕیوە.

ژیانى پیشەیی

دواى دەرچوونى لە زانکۆ، ڕامى ویستى بچێتە قوتابخانەى شانۆگەریی، هەر بۆیە چووە شارى نیویۆرک، لەوێ لەگەڵ هاوڕێکانى کاریان لەسەر پڕۆژەی شانۆگەری دەکرد، لە کاتى سەردانیکردنى خانەوادەکەى لە شارى لۆس ئەنجلس، ڕامى چاوى بە دەرهێنەر مالی فین کەوت، کە توانى قایلی بکات تاکو لەوێ بمێنێتەوە و بەدواى کارێکدا بگەڕێت لە هۆڵیود، پاش ماوەیەک لەوێ چەند کارێکى دەستکەوت وەکو گەیاندنى پیتزا و درووستکردنى شاورمە و لەفەى شاورمە لە خواردنگەکانى هۆڵیود. پاش ساڵ و نیوێک، ڕامى پەیوەندییەکی لە دەرهێنەر مارا کەیسییەوە پێگەیشت و دواى گفتوگۆکردن گەیشتنە ئەو بڕیارەى کە ڕامى یەکەم ڕۆڵى خۆى لە زنجیرەى کۆمیدی "کچانى گیلمۆر" بگێڕێت. دواى ئەوە، لە نێوان ساڵەکانى ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٥ بە ڕۆڵى لاوەکى بەشداربووە لە فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان.

تا لە ساڵى ٢٠١٥، سام ئیسماعیلى دەرهێنەر لە نێوان ١٠٠ ئەکتەردا بۆ ڕۆڵگێڕانى کەسایەتیی سەرەکى لە زنجیرەى "بەڕێز ڕۆبۆت"، ڕامى هەڵبژارد. سام ئیسماعیل بیرى لە دووبارە نووسینەوەى کەسایەتییەکان و چیرۆکى زنجیرەکە دەکردەوە، بەڵام دواى بینینی ڕۆڵگێڕانى ڕامى، وەک خۆى دەڵێت "ڕۆڵگێڕانەکەى چاوەکانمى کردەوە بەرامبەر کەسایەتیی ڕاستەقینەى ئێڵیەت". ئەوە بوو لە ٢٤ـى حوزەیرانى ٢٠١٥ زنجیرەى دراما و سایکۆلۆژیی بەڕێز ڕۆبۆت لە تۆڕى "یو ئێس ئەى" بە ڕۆڵگێڕانى ڕامى مالیک پەخشکرا، ڕۆڵگێڕانەکەى ڕامى دەنگدانەوەیەکى گەورەى لەسەر ئاستى بینەران، ڕەخنەگران و ڕۆژنامە جیهانییەکان لێکەوتەوە، هەر بەهۆى ئەو ڕۆڵگێڕانەشیەوە لە ساڵى ٢٠١٦ خەڵاتى ئێمى بۆ باشترین ئەکتەرى سەرەکى زنجیرەیەکى تەلەفزیۆنی وەرگرت.

فیلمى "دڵى نەخۆشی باستور" یەکەمین فیلمى ڕامی بوو کە وەکو ئەکتەرى سەرەکى بەشدار بێت تێیدا، فیلمەکە لە مانگى ئەیلولى ٢٠١٦ پەخشکرا و دەنگدانەوەیەکى باشى لێکەوتەوە، لە ساڵى ٢٠١٨ ڕامى ڕۆڵى فرێدری مێرکورى گێڕا لە فیلمى "بۆهیمەین ڕاپسدى". فیلمەکە لە ٢٣ـى تشرینی یەکەمى ٢٠١٨ پەخشکرا و سەرکەوتنێکى گەورەى لە بۆکس ئۆفیس بەدەستهێنا، کە زیاتر لە ٩٠٠ دۆلارى ئەمریکی لە سەرانسەرى جیهان بەدەستهێنا لەکاتێکدا تێچووەکەى نزیکەى ٥٠ ملیۆن دۆلار بوو. فیلمەکە بووە شەشەمین پڕداهاتترین فیلمى ئەو ساڵە و پڕداهاتترین فیلمی میوزیکی لە مێژوودا، ڕامى خەڵاتى گۆڵدن گڵۆبى بۆ باشترین فیلمى درامى، خەڵاتى ئۆسکارى بۆ باشترین ئەکتەرى نێر لە ڕۆڵى سەرەکى و خەڵاتى بافتاى بۆ باشترین ئەکتەرى سەرەکى بەدەستهێنا.

ڕامى بۆ خۆئامادەکردنى بۆ ڕۆڵى مێرکورى، چووە لەندەن و لەوێ وانەى فێربوونى پیانۆ و گۆرانى وتنى خوێند. بۆ چەندین کاتژمێر، وانەکانى مێرکورى دەخوێند لەنێویاندا ڤیدیۆى کۆنسێرتەکەى لە یوتوب کە زیاد لە هەزار جار سەیرى کردووە تاکو بە نایابترین شێوە ئامادەبێت بۆ ڕۆڵەکەى لە فیلمەکەدا.

ژیانى تایبەتی

ڕامى بە زۆرى خۆى لە چاوپێکەوتنەکان دەدزێتەوە، لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا باسى حەزى خۆى کردووە بۆ ئەوەى بە نەناسراویی بمێنێتەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارناهێنێت. لە ساڵى ٢٠٠٩، ڕامى لەگەڵ براکەى ماڵەکەیان گواستەوە بۆ گەڕەکى "لۆرێل کانیۆن" لە لۆس ئەنجلس. لە چاوپێکەوتنێکدا لە خەڵاتەکانى بافتاى ٢٠١٩، ئاماژەى بەوە دا کە بەدواى خانوویەکدا دەگەڕێت لە شارى لەندەن، دواى ئەوەى خۆشەویستییەکى زۆرى بۆ شارەکە لەلا درووست بووە. ڕامى لە ساڵى ٢٠١٨ـەوە لە پەیوەندیی خۆشەویستیدا بووە لەگەڵ خانمە ئەکتەر، لوسى بۆینتن کە لە فیلمى " بۆهیمەین ڕاپسدى"، پێکەوە ڕۆڵیان گێڕا.


سەرچاوەکان



539 بینین