گۆڕانەکانی منداڵی ١٢ ساڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-02-13-09:43:00 - کۆدی بابەت: 7819
گۆڕانەکانی منداڵی ١٢ ساڵ

ناوه‌ڕۆك

منداڵ لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دووچاری چ گۆڕانێک دەبێت؟

منداڵ لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دووچاری کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەبێت کە دەبێت دایک و باوک پەسەندی بکەن و بیزانن، لەم قۆناغەدا بە ڕووکاری دەرەوەی منداڵە و هەوڵ دەدات لە هەموو چالاکییەکانیدا جیاوازتر لە پێشتر ڕەفتار بکات، بۆ نموونە حەزی لە یاریکردنە بەڵام لەپڕ دەبێتە کەسێکی پێگەیشتووتر. منداڵ لەم تەمەنەدا لە حاڵەتی گۆڕاندایە بۆ نەوجەوانێک، واتە لە منداڵییەوە بەرەو نەوجەوانی دەچێت، بۆیە پێش نەوجەوانیشیان پێ دەگوترێت. 

کاتێک منداڵ بەم تەمەنە دەگات، لەڕووی سۆزدارییەوە دەتوانێت بەباشی لە هۆگربوونی خۆی بە کەسانی دەورووبەر تێبگات، کچان لە ١٢ ساڵی پێدەگەن و کوڕان بەرەو پێگەیشتن دەچن، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕووکەش و ناخییاندا، دایک و باوک دەبێت بزانن کە مێشکی منداڵی ١٢ ساڵ لە گەشەکردندایە، لەبەر ئەمەش توانای داهێنان و چارەسەکردنی بابەتی لۆجیکی هەیە، لەم ماوەیەدا دەبێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ منداڵەکە هەبێت و گفتوگۆی لەگەڵ بکەن، هەروەها لەم تەمەنەدا بەتەواوی کارەمەیی زمان و قسەکردنی گەشە دەکات واتە دەتوانێت بەباشی لە توانج و پەندی پێشینان تێبگات.
یەکێکی تر لە گۆڕانەکان کە ڕەنگە لای ئێوەش ڕوون بێت، گۆڕانی ڕەفتاری منداڵە لە یاریکردنەوە بۆ ئەو وەرزشانەی بەسوودن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە منداڵ گرنگی بە خۆی دەدات و خەریکی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتییە، بە باشی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان تێدەگات.

ڕۆڵی دایک و باوک لە گۆڕانەکانی منداڵی ١٢ ساڵ

بەگوێرەی ئەوەی کە منداڵ لەلایەنی ڕۆحی و دەروونییەوە دووچاری گۆڕان دەبێتەوە، دایک و باوک دەبێت یارمەتی بدەن. لە ڕاستیدا منداڵ دەیەوێت لێرەوە ژیانی سەربەخۆیی خۆی دەست پێ بکات بەڵام بەتەواوی پێنەگەشتووە و لە زۆربەی بڕیارەکاندا بەباشی بڕیار نادات.
بەپێی دەروونناسی منداڵ، منداڵی ١٢ ساڵ کارامەییەکانی خۆی دەناسێت و دایک و باوک تەنها دەبێت یارمەتی بدەن تا کارامەییەکانی بەهێز بکات، یەکێک لەم کارامەییانە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سۆزدارییە کە دەبێت بەباشی گەشەی پێ بدرێت. لەکاتێکیشدا کە کەمتەرخەمی بکرێت لە گەشەدان بەم کارامەییە، منداڵەکە لە قۆناغەکانی دواتریدا ناتوانێت بەباشی هەڵسوکەوت لەگەڵ بابەتە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکاندا بکات. 
لەم قۆناغەدا هەوڵبدەن بە هەموو جۆرێک پاڵپشتی بکەن و ڕێگای ڕاستی نیشان بدەن، منداڵ حەزدەکات سەربەخۆیی هەبێت، یارمەتی بدەن تا لە ژینگەی ماڵەوە و یاساکانی تێبگات.

گەشەی جەستەیی و ڕووکەشی منداڵی ١٢ ساڵ

وەکوو ئاماژەمان پێیدا، منداڵ لەم تەمەنەدا یان پێگەیشتووە یان بەرەو پێگەیشتن دەچێت، نیشانەکانی کچان کە دەگەنە پێگەیشتن وەک: (گەشەی مەمک، سوڕی مانگانە، گەشەی موو). نیشانەکانی کوڕان کە دەگەنە پێگەیشتن وەک: (ئەندامی زاوزێ، گەشەی مووەکان، گڕبوونی دەنگ و ئەوپەڕی گەورەبوونی ماسولکەکانی جەستە و گەشەی مووەکانی ڕووخساریان دەبێت). هەڵبەت دەبێت ئەوەش بزانن کە پێگەیشتن لە ماوەیەکی دیاریکراودا ڕوونادات، ڕەنگە لە هەندێک کچ و کوڕدا زووتر و لە هەندێکی تردا درەنگتر ڕووبدات. 

چی کاتێک نیگەرانی گۆڕانەکانی منداڵی ١٢ ساڵ بین؟

پێش هەموو شتێک دەبێت بزانن ئەوەی باسمان کرد بەشێکی بچووکی ژیانی منداڵی ١٢ ساڵە، چونکە بەرەو نەوجەوانی دەچێت بەشێوەیەکی سەیر ڕەوشت و ڕەفتاری دەگۆڕێت. 
لەم کاتەدا ئاگاداری ئەوە بن کە دووچاری نەخۆشی دەروونی نەبووبن، یەکێک لەو نەخۆشییانەش خەمۆکییە کە ڕەنگە تەنانەت دووچاری منداڵیش ببێت. ئێوە دەبێت بە هەر ڕێگایەک بێت پەوەندی لەگەڵ منداڵەکەتان ببەستن تا ئاگاداری لایەنی ڕۆحی ئەو بن، یان مامۆستاکەی ئاگادارتان دەکاتەوە کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و هاوڕێیتییەکانیدا بەباشی ڕەفتار ناکات، لەم کاتەدا دەبێت ئێوە نیگەرانی داهاتووی منداڵە ١٢ ساڵەکەتان بن. یەکێکی تر لەو شتانەی کە دەبێت زۆر گرنگی پێ بدەن و ئاگاداری بن، بێتاقەتی منداڵ لە گەشەی نائاسایی ئەندامەکانە، لەم تەمەنەدا گەشەی نائاسایی ئەندامەکان بەتەواوی ئاساییە، بەڵام ڕەنگە ئەوان بە باشی لەمە تێنەگەن و ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر دوروونیان هەبێت.

لایەنەکانی گەشەی سۆزداری منداڵی ١٢ ساڵ

1. توانای تێگەیشتن و بەکارهێنانی لۆجیک و بڕیاردانی ڕاست لە بارودۆخە جیاوازەکان و کێشەکاندا.
2. توانای تێگەیشتن لە دادپەروەری و یەکسانی.
3. توانای تێگەیشتن لە تێڕوانین و ڕای ئەوانی تر دەربارەی خۆی. 
4. نیگەرانی ڕەوشتی وەکوو خۆشیستنی لەلایەن ئەوانی تر و لەخۆبایی بوون
5. هۆگربوون بە ڕەگەزی بەرامبەر و کارەکانی.
 6. کارامەیی لە وەرزشدا و حەزکردن لێی.

لاساری منداڵی ١٢ ساڵ

زۆرێک لە منداڵان لەم قۆناغەی گەشەدا دووچاری لاساری دەبن کە کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، شێوازی ڕەفتارکردنی ئێوە لەگەڵ منداڵەکە شتە گرنگەکەیە کە دەبێت بزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن. 
هەروەها لەگەڵ ئەوەی لەم تەمەنەدا کەمێک گەشەی منداڵەکەتان بینیوە و لێی دڵنیابوون، بەڵام منداڵ لاساییتان دەکاتەوە و لە حاڵەتێکدا کە هەڵسوکەوتێکی ناڕاستتان ئەنجام دابێت. 

هۆکارەکانی لاساری منداڵ

 • لاساییکردنەوەی هاوڕێ و کاریگەری کەسانی تر لەسەری
 • زۆر چالاکی یان وزەی زۆر
 • نائومێدی و ترس لە خێزان
 • جۆری خۆراک

 لەم کاتەدا چۆن ڕەفتار بکەن؟ 

سەرەتا دەبێت ئارامی خۆتان بپارێزن تا منداڵەکە کەمێک ئارامتر دەبێتەوە. دواتر بە هۆکار و لۆجیکەوە هەڵەکەی پێ بڵێن، هیچ جێگای نیگەرانی نییە چونکە توانای تێگەشتن لە لۆجیکی هەیە و ئەم کارە نەک تەنها دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە لاساریی منداڵەکە، بەڵکوو دەبێتە هۆی متمانە بەخۆبوونی بەهێز ببێت.


سەرچاوەکان



473 بینین