منداڵە ١٠ ساڵەکەت باشتر بناسە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-02-13-10:02:00 - کۆدی بابەت: 7820
منداڵە ١٠ ساڵەکەت باشتر بناسە

ناوه‌ڕۆك

منداڵی ١٠ ساڵ چ تایبەتمەندییەکی هەیە؟

منداڵی ١٠ ساڵ لە قۆناغی پێش نەوجەوانیدایە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم ڕێگایە و گەیشتن بە گەورەیی پێویستی بە دایک و باوکان دەبێت، ڕەفتاری منداڵی ١٠ ساڵ ڕەنگە لە کەسێکی ٢٠ ساڵ بچێت و زۆربەی منداڵانی ١٠ ساڵ ئەزموونی پێگەیشتن دەکەن.
دەروونناسی منداڵی ١٠ ساڵ بۆ ڕەگەزی کچ و کوڕ کەمێک جیاوازە، چونکە کچان لە ڕووی جەستەییەوە زیاتر گەشە دەکەن و زووتر پێدەگەن، لەبەر ئەوە لەوانەیە حاڵەت و ڕەفتاریان جیاواز بێت لە کوڕانی ١٠ ساڵ، ئەو گۆڕانانەی بەسەریان دێن دەکرێت ببنە هۆی لەدەستدانی متمانە، ترس و شەرم لە منداڵی ١٠ ساڵدا.
ڕۆڵی ئێوە لە یارمەتیدانی بۆ تێپەڕبوون بەم ڕێگایە و گەیشتن بە پێگەیشت زۆر گرنگە، زیرەکی لە ١٠ ساڵیدا بە ڕادەیەک بەتەواوی پێگەیشتووە کە دەکرێت بە نەوجەوانێک بەراورد بکرێت، دەتوانێت وانە قورسەکانی قوتابخانە تێبپەڕێنێت و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی و کەسانی تر ببەستێت منداڵ لەم تەمەنەدا زیاتر بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و دەتوانێت کارە تایبەتییەکانی خۆی ئەنجام بدات، وەکوو وانەکانی قوتابخانە، پاکوخاوێنی، کارەکانی ڕۆژانە و هەندێک لە کارە سادەکانی ماڵەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە منداڵی ١٠ ساڵ گەشەی کردووە، بەڵام ڕەنگە هەندێک کات ڕەفتاری پێنەگەیشتوانە نیشان بدات، کەواتە ئەگەر منداڵ نەیویست لە دەرەوە و لە شوێنی گشتی باوەشی پێدا بکەن و ماچی بکەن بەڵام بیەوێت لە ماڵەوە ئەم کارانەی لەگەڵدا بکەن، بابەتێکی نائاسایی نییە، کاتێکیش منداڵ لە هەموو کاتەکان سەربەخۆترە، بەڵام هەندێ کات پێویستییان بەوەیە کە گرنگیان پێ بدرێت و ڕێگایان نیشان بدرێ و یارمەتییان بدرێ.

گەشەی ئاشنایەتی منداڵی ١٠ ساڵ

لە ڕووی ئاشنایەتییەوە منداڵی ١٠ ساڵ بە بەراورد بە منداڵی هەشت ساڵ و نۆ ساڵ زیاتر پێگەیشتووە، دەتوانێت پەیوەندییەکی درێژتری لەگەڵ هاوتەمەنەکانی یان گەورەکان هەبێت، بەرەو خوێندنەوەی پەڕتووکی درێژتر دەچێت و تەنانەت ڕەنگە هەندێک کات خۆی چیرۆک بنووسێت. لەم تەمەنەوە باشتر دەتوانێت بیرکاری و بابەتەکانی وەکوو کۆکردنەوە و لێدەرکردن و لێکدان و دابەش شیکار بکات، پێویستی بە سەربەخۆیی زیاترە لە بەرپرسیارێتییەکانی قوتابخانەی و ئەرکەکانی کە زیاتر خۆی ئەنجامیان دەدات و کەمتر داوای یارمەتی لە دایک و باوک دەکات.

گەشەی هەڵچوونی منداڵی ١٠ ساڵ

منداڵی ١٠ ساڵی لەناکاو توڕە دەبێت و هەڵدەچێت ئەمەش دەبێتە هۆی گریانی، گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکانیدا ئەم هەڵچوونە دروست دەکات، ڕەنگە پەیوەندی منداڵ لەگەڵتان بگۆڕێت چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا زیاتر هەست بە سەربەخۆیی دەکات، کەواتە پێویستە خۆتان لەگەڵ بارودۆخی ئەودا بگونجێنن، هەروەها دووچاری گۆڕان دەبێت لە شێوەیدا بەتایبەت کە لە تەمەنی پێگەیشتن نزیکە، پێویستە ئێوە هانی بدەن بڕوای بە خۆی هەبێت.

گەشەی کۆمەڵایەتی منداڵی ١٠ ساڵ

خۆشویستن و پەسەندبوون لە کۆمەڵدا لای منداڵی ١٠ ساڵ گرنگە. لەم تەمەنەدا زیاتر هەست بە نزیکی دەکات لەگەڵ دایکی هەروەها هەستێکی زۆر بۆ بوونی دادپەروەری، هەر ئەم هەستەشی وای لێ دەکات لەبری زیاتر سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە چی ڕاستە، سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە چی هەڵەیە و چوارچێوەیەکی ڕەوشتی بۆ خۆی دروست دەکات.
بازنەی کۆمەڵایەتی منداڵەکەتان دەگۆڕێت بۆ نموونە، کچانی ١٠ ساڵ لەگەڵ هاوڕێکانیان زیاتر متمانەیان بەیەکتر دەبێت. باشترە ڕێگە بە منداڵ بدەین سنوورێکی تایبەتی خۆی هەبێت لەگەڵ هاوڕێکانی، منداڵەکان لەم تەمەنەدا بە پەرۆشن بۆ لەبەکردنی جلی گونجاو، گوێ گرتن لە مۆسیقای گونجاو، حەزکردن یان حەز لێنەکردن لە شتێک وەک هاوتەمەنەکانیان، بۆ شێوازی ژیان و ڕەفتارەکانی هاوڕێکانی دەکات بە پێشەنگ و وابەستەبوونی بە دایک و باوکییەوە کەم دەبێتەوە.
لە ١٠ ساڵیدا ڕەگەزی بەرامبەر بۆ منداڵ سەرنج ڕاکێشە، کوڕەکان لەم تەمەنەدا خۆیان بۆ کچان دەسەلمێنن و هەندێک کات دووچاری هەستێکی خۆشەویستی دەبن بۆ ڕەگەزی بەرامبەر کە زوو تێدەپەڕێت، منداڵ لەم قۆناغەدا سەربەخۆتر دەبێت بەڵام وەک هەمیشە پێویستی بە پاڵپشتی و هاندانی ئێوە هەیە، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە ڕووبڕووی گۆڕانێکی گەورە دەبێتەوە وەکوو گۆڕینی قەتابخانەکەی.

خواردنی منداڵی ١٠ ساڵ

ئەو منداڵانەی کە ژەمی ناتەندروستی وەکوو خواردنەوە گازییەکان و خواردنی خێرایان هەبێت بەردەوام دەبن لەسەر ئەو ژەمە ناتەندروستانە و حەزی لێ دەکەن، لە کاتێکدا ئەو منداڵانەی کە ژەمی تەندروستیان هەیە لە بەردەوامیدا چێژ لە خواردنی سەلامەت و تەندروست وەردەگرن.
دەبێت دایک و باوک منداڵەکەیان فێر بکەن لە قوتابخانە خواردن و خۆراکی تەندروست بۆ کڕین هەڵببژێرێت، یان خۆیان خواردن ئامادەبکەن و منداڵ لەگەڵ خۆی بیبات، لەوانەیە منداڵ بە جیاوازی حەزی بۆ خواردن نیشان بدات، ڕۆژێک زۆر لە خواردنێک بخوات و ڕۆژێکی تر تەنیا چەند پارویەک یان هەر نەیخوات.

گەشەی جەستەیی منداڵی ١٠ ساڵ

منداڵان لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا گەشەی جەستەییان جیاوازە، هەندێکیان باڵایان بەرزترە بەراورد بە ئەوانی تر، هەندێکیشیان گەشەیەکی زۆریان تێدا نابینرێت، بەو پێیەی کە کچان لە کوڕان زووتر بە تەمەنی پێگەیشتن دەگەن، دەبێت دایک و باوک ئامادەیان بکەن بۆ گۆڕانە جەستەییەکانی ئەم قۆناغە، تەنانەت ڕەنگە هەندێک لە کچانی ١٠ ساڵ سوڕی مانگانەیان دەست پێ بکات، دایک و باوک دەتوانن بە گفتوگۆکردن منداڵەکان ئامادەبکەن بۆ ئەم گۆڕانانە.

کێشەکانی منداڵی ١٠ ساڵ

ئەگەر منداڵە ١٠ ساڵەکەتان ئەم کێشانەی خوارەوەی هەبێت، دەبيت لە ڕێگای پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنین و بەدواداچوونی بۆ بکرێت تا چارەسەر دەکرێت:

1. یاری نەکردن لەگەڵ هاوتەمەن و هاوپۆلەکانی، ئەنجامنەدانی کارو یارییە بەکۆمەڵەکان.
2. جێبەجێ نەکردنی یاساکانی یارییەکە کە دانراوە یان یاساکانی قوتابخانە.
3. حەزی زۆری بۆ یاری شەڕەنگێزانە و نواندنی ڕەفتاری شەڕەنگێزی.
4. توند و بێ بەزەیی بێت لەگەڵ هاوڕێکانی و دەورەبەری و ئاژەڵەکانیش.
5. چێژ وەربگرێت لە ئاژاوە نانەوە.
6. تۆڵەکردەوە لە کاری ئەوانی تر.
7. هەستکردن بە خەمۆکی و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵ.
8. تێنەگەیشتن لە پەیوەندی و هۆکارەکان لەو شتانەی کە دەیانبینێت، بۆ نموونە لە بێتاقەتی مامۆستاکەی لەبەر نەنووسینی ئەرکەکانی تێنەگات.
9. کێشەی هەبێت لە خوێندنەوە و شیکاری بیرکاری.
10.  کێشەی هەبێت لە نووسیندا.
11. نەتوانێت شتێک هەڵبدات یان کەم توانایی لە گرتنەوەی ئەو شتانەی بۆی هەڵدەدرێ.
12. هەبوونی بیرکردنەوە و ڕەفتاری ڕاڕایی کە لەلایەن دەورووبەرییەوە پەسەند ناکرێت.

شێوازی هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەکاتی بوونی کێشەیەک لە ڕەفتار یان دەروونی منداڵ

1. دایک و باوک دەبێت هەوڵ بدەن لە بەرامبەر منداڵە ١٠ ساڵەکەیان کۆنتڕۆڵی خۆیان لەدەست نەدەن و توڕە نەبن، چونکە توڕەیی پەستانی دەروونی دەخاتە سەر منداڵ و دەبێتە هۆی نیگەرانکردن.
 
2. نابێت یەکتر تاوانبار بکەن لەسەر پەروەردەکردنی منداڵ و یەکتر تۆمەتبارکردن کێشە لە خێزاندا دروست دەکات، هەروەها کێشە ڕەفتاری و دەروونییەکە ئاشکرا ناکات بەڵکوو خراپتری دەکات.
 
3. توندوتیژی و سزای جەستەیی یان بچووککردنەوەی دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشە لە ڕەفتار و دەروونی منداڵەکەدا.
 
4. دەبێت دایک و باوک ڕەفتارە ئەرێنی و تایبەتمەندییەکانی منداڵەکەیان هان بدەن و دەست خۆشی لێ بکەن.

5. چوونە لای پزیشک و ڕاوێژکردن بە پزیشکی دەروونی منداڵان بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی منداڵ و چاودێریکردنیان


سەرچاوەکان



464 بینین