ڕەنگی خۆراک

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-15-14:45:00 - کۆدی بابەت: 7836
ڕەنگی خۆراک

ناوه‌ڕۆك

ڕەنگی خۆراک چییە؟

ڕەنگەکانی خۆراک (بە ئینگلیزی: Food Coloring، بە عەرەبی: ألوان الطعام، ألوان غذائية)، بریتییە لە کۆمەڵێک ماددەی سروشتی و کیمیایی کە بۆ خواردن و خواردنەوەکان زیاد دەکرێت بە مەبەستی گۆڕینی ڕەنگ و بەخشینی سیمایەکی جوان و سەرنجڕاکێشتر، ڕەنگە سروشتییەکان لە ڕووەک، سەوزە و میوەکان دەردەهێنرێن وەک، زەعفەران، توو، گێزەر، هەنار، ترێ و چەوەندەر، هەروەها ڕەنگی سروشتی سەوز کە لە کلۆرۆفیلی ڕووەکەکانی وەک، نەعنا و سپێناخ دەردەهێنرێت، لە کۆندا بەهۆی گرانی نرخی ڕەنگە سروشتییەکان خەڵکی پەنایان بۆ بەکارهێنانی ڕەنگی پیشەسازی بردووە کە لە چەندین ماددەی کیمیایی زیانبەخش پێکهاتوون و زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤ هەبووە، بۆیە باشتر وایە کە ئەم ڕەنگانە لە ماڵەوە بە شێوەیەکی سروشتی دروستبکرێن و دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی زیاد لە پێوستی ڕەنگە پیشەسازییە دەستکردەکان.

جۆرەکانی ڕەنگی خۆراک

ڕەنگی خۆراک بە چەندین شێوە و جۆری جیاواز بەرهەم دەهێنرێت وەک:

  • شل: وەک ئاوێکی ڕەنگدارە.
  • بۆدرە یان تۆز: شێوەیەکی زۆر وردی هەیە و لەگەڵ ئەو خۆراکەی دەتەوێت تێکەڵی دەکەیت.
  • جێڵ (شێوە جەلی): ماددەیەکی خەست و لینجە زیاتر وەک جوانکاری بەکاردێت بۆ شەربەت و ساردەمەنییەکان.

مێژووەکەی

مێژووی دروستکردن و بەکارهێنانی ڕەنگەکانی خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدەی ڕابردوو، بەڵام تا ١٥٠٠ ساڵ پێش زایین تەنها ڕەنگی سروشتی بەکاردەهات، دواتر لە ساڵی ١٨٥٦ زانا (ویلیام هێنری) توانی یەکەم ڕەنگی دەستکرد لە هاوکێشەیەکی کیمیایی بەرهەم بهێنێت ئەویش ڕەنگی وەنەوشەیی بوو، پاشان بەرهەم هێنانی هەموو ڕەنگەکانی ڕەنگی دەستکرد تەشەنەی سەند بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا، بە تێپەڕبوونی کات دەرکەوت ڕەنگە دەستکردەکان چەندین ماددەی کیمیایی و ژەهراوییان تێدایە و لە چەندین وڵاتی جیهان بەکارهێنانیان قەدەغە کرا.

ڕەنگەکان و زیانەکانیان

هەندێک لە ڕەنگەکان زۆرتر بەکاردێن بەراورد بە ئەوانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا زیانێکی زۆریان هەیە:

  • ڕەنگی شین: زۆرینەی کاتەکان ئەم ڕەنگە لە دروستکردنی شیرینییەکاندا بەکاردێت، لە چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پزیشکیدا هاتووە کە ئەم ڕەنگە دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجەی مێشک و گورچیلە و زۆرترینیان توشبوونە بە شێرپەنجەی مێشک چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە.
  • ڕەنگی سوور: ئەم ڕەنگە لە شەربەت و خواردنەوە گازییەکاندا بەکاردێت، لە ڕووی پزیشکییەوە سەلمێنراوە کە ئەم ڕەنگە کاریگەری لەسەر میزەڵدان دروستدەکات و هۆکارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی میزەڵدان.
  • ڕەنگی سەوز: ئەم ڕەنگە بۆ خواردنەوە گازییەکان و ماددەکانی بواری جوانکاری بەکاردێت وەک دەرخستنی ئەوەی بەرهەمەکە سروشتییە، بەڵام لە ڕووی پزیشکییەوە سەلمێنراوە کە ئەم ڕەنگە هۆکارە بۆ دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان و دروستبوونی وەرەم.
  • ڕەنگی زەرد: ئەم ڕەنگە بۆ زۆرێک لە خۆراکەکان بەکاردێت بەتابیەت بۆ خواردنی منداڵان تا سەرجیان ڕابکێشێت، بەڵام لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان ئەویان دەرخستووە کە ئەم ڕەنگە هۆکارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی لیکەڕژێنەکان.
  • ڕەنگی کەرەمێڵ: ئەم ڕەنگە زیاتر لە خواردنەوە گازییەکان و ساردەمەنییەکاندا بەکاردێت، زۆرترین زیانی هەیە چونکە بە ڕێگای گەرم کردن و سووتاندنی شەکر دروست دەکرێت دواتر ماددەی ئامۆنیای تێکەڵ دەکرێت و لە ئەنجامدا ماددەیەکی ژەهراوی بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان دروست دەکات و هۆکارە بۆ دروستبوونی گرێی شێرپەنجەیی.

چۆن ڕەنگی خۆراک بە سروشتی دروست بکەم؟

دروستکردنی ڕەنگی خۆراک بە شێوەیەکی سروشتی کارێکی گران نییە و دەتوانیت لە ماڵەوە ئەنجامی بدەیت بە بەکارهێنانی جۆرەها میوە و سەوزەوات و هەر ڕەنگێکت بوێت دەتوانی بەدەستی بهێنیت، ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی دروست ناکات و ڕەنگ و تامێکی خۆشتری هەیە:

  • ڕەنگی زەرد: بۆ دەستکەوتنی ڕەنگی زەرد دەتوانیت زەعفەران بەکاربهێنیت، زەعفەرانەکە دەکرێتە کەمێک ئاوەوە تا دەبینیت کە ئاوەکە ڕەنگی زەردی گرتووە دواتر دەپاڵێورێت و ئاوەکەی بەکاردێت بۆ خواردن و خواردنەوەی مەبەست.
  • ڕەنگی پرتەقاڵی: ئەگەر دەتەوێت ڕەنگی پرتەقاڵی بە شێوەیەکی سروشتی دروست بکەیت پێویستە چەند گێزەرێک بدەیت لە تێکەڵکەر و کەمێک ئاوی تێبکەیت، پاشان دەیپاڵێویت و ئاوەکەی بەکاردێنیت کە ڕەنگێكی جوانی هەیە.
  • ڕەنگی سەوز: سپێناخ باشترینە بۆ بەدەست هێنانی ڕەنگی سەوز، پێویستە بە جوانی بشۆرێتەوە و لە تێکەڵکەرێک بدرێت و بڕێکی کەم ئاوی تێبکرێت پاشان بپاڵێورێت و بەکاربهێنرێت.
  • ڕەنگی سوور: بۆ بەدەست هێنانی ڕەنگی سوور دەتوانیت چەوەندەر بەکاربهێنیت، سەرەتا چەوەندەرە دەشۆێتەوە و وردی دەکەیت پاشان دەیکەیتە تێکەڵکەرێک و دواتر ئاوەکەی دەپاڵێویت و بەکاریدەهێنیت.
  • ڕەنگی مۆر: بۆ بەدەست هێنانی ڕەنگی مۆر پێویستە چەند گەڵایەک لە کەلەرمی مۆر لەگەڵ ئاودا لە مەنجەڵێکدا بکوڵێنیت، پاش ئەوەی ڕەنگی ئاوەکە گۆڕا هەڵیدەگریت و لە کاتی پێویستدا بەکاری دەهێنیت.
  • ڕەنگی شین: ئەگەر دەتەوێت ڕەنگی شین بەدەست بهێنیت کەمێک لە ئاوی کەلەرمەکە کە ڕەنگی مۆرە لەگەڵ کەمێک سۆدە تێکەڵ بکە بەم شێوەی ڕەنگی شینت دەست دەکەوێت.


سەرچاوەکان



768 بینین