بەدیعە دارتاش

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-19-22:01:00 - کۆدی بابەت: 7855
بەدیعە دارتاش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەدیعە عەبدوڵڵا حەسەن (بە ئینگلیزی: Badia Hassan) خانمەئەکتەر و شانۆکارێکی کوردە. ساڵی ١٩٦٨ وەک یەکەمین ژنی کورد دەچێتە بەغداد بۆ خوێندن لە بەشی شانۆ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغداد. دوای تەواوکردنی پەیمانگە لە ١٩٧٢ دەبێتە مامۆستای بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی. خاوەنی چەندین زنجیرە و شانۆیی بەناوبانگە و کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە لەنێو هونەری کوردیدا.

ژیان

بەدیعە عەبدوڵڵا لە ساڵی ١٩٤٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خانمە شانۆکارێکی کوردە. باوکی شیوعی بووە و هەر لە منداڵییەوە بە منداڵەکانی وتووە نزیکی سیاسەت نەکەونەوە بەهۆی ئەوەی هیچ سوودێکی لێ نابینن، بەڵام وەک خۆی دەڵێت باوکی کەسێکی زۆر ڕۆشنبیر بووە بەهۆی ئەوەی شیوعی بووە. لە ١٩٦٨ وەک یەکەم ئافرەتی کورد دەچێت لە بەغدا بەشی شانۆ لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغداد دەخوێنێت و دەبێتە دەستپێکی کارە ھونەرییەکانی، ساڵی ١٩٧٢ دوای تەواوکردنی پەیمانگا وەک مامۆستا لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی دادەمەزرێت. ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە گەشەسەندن و پەرەپێدانی شانۆیی لە سلێمانی، لە ١٩٨٠ کاتێک پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی دادەمەزرێت دەبێت بە یەکەم مامۆستای پەیمانگاکە، ماوەی ٢٣ ساڵ مامۆستا دەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٢ دەبێت بە سەرپەرشتیاری گشتیی سەرجەم پەیمانگا ھونەرییەکانی کوردستان، ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بە فەرمی نازناوی یەکەم ئافرەتی شانۆکاری کورد وەردەگرێت، لە بەردەم پارکی ئازادی شاری سلێمانی پەیکەرێکی ڕێزلێنانی بۆ دروستکراوە.

بۆچی ناسناوی دارتاشی هەیە؟

سەبارەت بە نازناوی دارتاش كە كەی‌ و چۆن بووە ناسناوی، ئەو دەڵێت: "وشەی دارتاشم لەلا زۆر پیرۆزە، لەبەر چی، بە ڕەحمەت بێ بەڕێوەبەرێکی ئافرەتمان ھەبوو لە ئامادەیی کچانی سلێمانی، ست درەخشانی شێخ حەفید، من ناوم بەدیعە عەبدوڵڵا حەسەن، مامۆستایەکی تریش ناوی بەدیعە مەحوی بوو، دراوسێمان بوو، ھەردووکمان جێگری ست درەخشان بووین، ڕۆژێکیان گوتی: بەدیعە. ھەردووکمان گوتمان بەڵێ.! گوتی: بەدیعە دارتاش تۆ ناڵێم، بەدیعە مەحوی دەڵێم. لەوساوە نازناوی دارتاش بەسەرما بڕا".

لە ڕووی ئایینییەوە

ئەو دەڵێت: "ڕەمەزانان زۆر زۆر باشم، کاتەکانی تر باشم بەس لە خۆم ڕازی نیم، عیبادەتە ئاساییەکانم ھەیە، لە نوێژە فەرزەکان و تەسبیحات. ھەمیشە دەڵێم خودایە سەربەرزی نێو کۆمەڵگەم بکەی، زۆرجار خەڵوەتم ھەیە و دەچمە خەڵوەتەوە بۆ دوعا کردن و دەگریم. بەردەوام قورئان دەخوێنمەوە، دەیانجار، بیست جار، زیاتر خەتمی قورئانی پیرۆزم کردووە".

ژیانی تایبەتی

بەدیعە دارتاش سەرەڕای تەمەنی زۆری بەڵام هاوسەرگیری نەکردووە، ئەو دەڵێت: "باوەڕم بە قسمەت و نسیبە، بەخوا بە دەست خۆم نەبووە، خۆشم لەو مرۆڤانە نەبووم ھەوڵ و ھەڵپەم بۆی ھەبێت، ئەگینا ئەوەندەی من لەگەڵ پیاواندا ھاوڕێ بووم، لەگەڵ کچاندا وا نەبووم، بەڵام پەشیمانیش نیم، ژیانی خۆمم زۆر خۆشدەوێت. بێگومان ھونەر ھۆکار بوو، بەڵام ھونەر بۆشاییەکی گەورەشی لە ژیانمدا پڕ کردەوە".

بەرھەمەکان

  • شانۆنامەی (نەفرەت) (١٩٦٩)
  • شانۆیی (کۆتایی زۆرداری) (١٩٧٥)
  • پێنج شانۆی منداڵان (وەرگێران)
  • چەندین توێژینەوەی ھونەری لەبواری شانۆ
  • بەشداریکردن لە دەیان فیلم و زنجیرەی تەلەڤژیۆنی
  • (یادەوەریەکانم لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی (پەرتوک)(ژیاننامە)


سەرچاوەکان



901 بینین