دیاریکردنی کەسایەتی لە ڕێگەی ڕەنگی دڵخوازەوە

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-24-13:49:00 - کۆدی بابەت: 7883
دیاریکردنی کەسایەتی لە ڕێگەی ڕەنگی دڵخوازەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە ساڵی 1940 پزیشکێکی سویسری بە ناوی "ماکس لووچەر" شێوازێکی نوێی لە لێکدانەوە و دیاریکردنی جۆری کەسایەتییەکان داهێنا، ئەویش دیاریکردنی کەسایەتی تاکەکان بوو لە ڕێگەی ئەو ڕەنگانەی کە ئارەزووی دەکەن، ئەو پزیشکە بۆی دەرکەوت ئەو کەسەی کە ئارەزووی ڕەنگێکی دیاریکراوی هەیە، بەو واتایەی ڕەنگێکی لە ڕەنگەکانی تر زیاتر لەلا پەسەندترە پەیوەندی بە باریی دەروونی و هەست و سۆزی کەسەکەوە هەیە، لە ئێستادا بەو زانستە دەوترێت "سایکۆلۆجیای ڕەنگەکان" یاخود "چارەسەرکاریی ڕەنگەکان" سەر بە زانستەکانی وزەیە. 

گرنگی ڕەنگەکان لە ژیانی مرۆڤدا

ڕەنگەکان لە ژیانی مرۆڤەکاندا ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە، لەڕووی دەروونییەوە کاریگەری دەکەنە سەر هەست و سۆز، بیر و هزر، کاردانەوەکان و هەڵبژاردەکانی ژیانی تاکەکان.
هەر ڕەنگێک کۆمەڵێک تایبەتمەندى خۆى هەیە، بە پێى ئەو ڕەنگانەى کەسێک پەسەندی دەکات دەتوانیت زۆر لایەنى کەسایەتیی بدۆزیتەوە، ڕەنگەکان کاریگەریی دەکەنە سەر بارى دەروونى، ڕێژەی ئەم کاریگەرییە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بەند و پەیوەستە بە کولتوور، ڕەگەز، تەمەن، تایبەتمەندیی کەسایەتییەکە و یادەوەریی ڕابردووی کەسەکەوە، ئەو ڕەنگە دەبێتە وێنەدانەوەی کەسایەتییان، لێکدانەوەی کەسایەتی بەپێی ڕەنگەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و جێگیر نییە، مەرج نییە هەموو تایبەتمەندییەکانی واتای ڕەنگێک لە هەموو کەسێکدا هەبێت.

چۆن ڕەنگی دڵخوازت دیاری دەکەیت؟

زۆر کەس بە لەبەرچاوگرتنی ناسنامە و پێگە و ڕەگەز و تەمەن و کولتوور ئەو ڕەنگە هەڵدەبژێرێت کە لەگەڵ خودی خۆیدا گونجاوە و زیاتر لە کەسایەتییەوە نزیکە.
پلەی تێری و تۆخی و کاڵی ڕەنگەکان زۆرن، بۆیە لەوانەیە قورس دەرکەوێت، تاک نەزانێت چی ڕەنگێکی لەلا پەسەندە، بۆیە پێویستە لەسەرەتادا جۆری ڕەنگەکە دیاری بکەیت، واتا ڕەنگە ساردەکان یاخود گەرمەکان زیاتر لەلای تۆ پەسەندن، ڕەنگە ساردەکان هەموو پلەکانی ڕەنگی شین و مۆر و سەوز لەخۆدەگرێت، ڕەنگە گەرمەکانیش ڕەنگی سوور و زەرد و پرتەقاڵی لەخۆدەگرێت.
تەمەن و ڕەگەز ڕۆڵیان هەیە لە هەڵبژاردنی ڕەنگدا، گەنجان و ژنان ڕەنگە ساردەکان و ڕەنگی کاڵ و گەش هەڵدەبژێرن، لە کاتێکدا پیاوان ڕەنگە گەرمەکانیان زیاتر لەلا پەسەندترە.
لە ڕەنگی پۆشاک و دیزاینی ماڵ و شتومکەکانت دەزانیت ئارەزووی چی ڕەنگێک دەکەیت، چونکە هەندێک کات خۆڕسکانە و بێ بڕیاردانی پێشوەخت ڕەنگێکی دیاریکراو لە هەڵبژاردنی جلوبەرگ و شتومەکەکانتدا زاڵ و زیاترە.

ڕەنگی شین

ڕەنگی شین ئاماژەی ئارامی و ئاسوودەییە، ئەم ڕەنگە بە زەریا و دەریاکانەوە پەیوەستە، توێژەران لێکدانەوە بۆ کەسایەتی ئارەزوومەندی ئەم ڕەنگە دەکەن بەوەی کە کەسێکی لەسەرخۆ و هێمنە، کەسێکە جێگەی متمانەیە لە زۆر بواردا لێهاتووە و پشتی پێدەبەسرێت، هزر و ڕوانینەکانی قوڵە و دوور دەڕوانێت، بەهێزە و متمانەی بەخۆیەتی، کەسێکی دوورەپەرێز و گۆشەگیرە لە هەمان کاتدا کەسێکی خۆگونجێنەرە لەگەڵ بارودۆخەکانی ژیان زوو ڕادێت، تا ڕادەیەک لە مامەڵەکردنیدا ڕەچاوی هەست و سۆزی کەسی بەرامبەری دەکات.

ڕەنگی سوور

ئەو کەسانەی ئارەزوویان لە ڕەنگی سوور هەیە کەسایەتییەکی بەهێز و کراوەیان هەیە، زۆر هەستیارن، کەسانێکن کە لە پێشەنگی و ڕابەرایەتیدا زۆر لێهاتوون و توانای ئەوەیان هەیە کە کاریگەری بکەنە سەر دەوروبە، کەسانێکی گەشبین و سەرنجڕاکێش و بوێرن، ئارەزووی سەرکێشی و ئەنجامدانی کاری نوێ دەکەن و هەستی ڕکابەرایەتیان بەرزە، زۆر ڕاشکاون بێ دوودڵی بۆچوون و سەرنجەکانیان دەخەنەڕوو و کەسێکن زوو لە بارەی شتەکانەوە بڕیار دەدەن.
هەروەها تا ڕادەیەک کەسێکی ڕۆمانسی و هەستیارن، هیچ ڕق و کینەیەک لەدڵیاندا بۆ بەرامبەریان نییە. 

ڕەنگی زەرد

ڕەنگی زەرد پەیوەستە بە خۆرەوە، ئەو کەسانەی کە ئەم ڕەنگەیان لەلا پەسەندە، کەسانێکی چالاک و ڕووخۆشن، هەمیشە لە هەوڵی فێربوونی شتی نوێدان و خەیاڵکردن و وێناکردنیان فراوانە، هەستی یارمەتیدان و هاریکاری کەسانی تر زۆر لایان باڵایە، بەڵام هەندێک کات شەرمن و گۆشەگیرن،
ئەو کەسانەی کە ئارەزووی بەکارهێنان و پۆشینی ڕەنگی زەرد دەکەن تا ڕادەیەک زیرەک و بەهێزن، کەسایەتیییەکی پڕاکتیکیان هەیە و تێڕوانینێکی گەشبینانەیان هەیە بۆ ژیان و کەسێکی ئەرێنین، ئارەزوومەندانی ئەم ڕەنگە هەمیشە دەیانەوێت ببنە جێی سەرنجی کەسی بەرانبەر و هەستی ناوبانگبوونیان هەیە. 

ڕەنگی سەوز

ئارەزوومەندانی ئەم ڕەنگە تایبەتمەندن بەوەی کە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ سروشت و ئاژەڵان و منداڵان هەیە، کەسانێکی کۆمەڵایتین و هاوڕێیان زۆرە و ڕووخۆشن، لە بڕیاریەکانیان پشت بە هەست و سۆز دەبەستن، لایەنی نەرێنیان ئەوەیە کە زۆر ڕاڕا و نیگەرانی شتەکانن هەر ئەم تایبەتمەندییەش هۆکاری ئەوەیە کە زۆر شت پەسەند نەکەن، یاخود ئەرکەکانیان بە کەسانی تر بسەپێرن.

ڕەنگی پرتەقاڵی

پرتەقاڵی لە ڕەنگە گەرمەکانە، تایبەتمەندی ئەو کەسانەی کە ئەم ڕەنگەیان لەلا پەسەندە کەسانێکی ڕاستگۆن، هەمیشە ئارەزوویان لە گۆڕانکارییە و زۆر چالاک و بوێرن، ڕەنگێکە سەرنجی بەرانبەر ڕادەکێشێت و هەستی گەنجی و نوێبوونەوە دەبەخشێت.

ڕەنگی ڕەش

ڕەنگی ڕەش ڕەنگی شانازی و هێز و دەسەڵاتە، ئەو کەسانەی ئارەزووی ئەم ڕەنگە دەکەن هەستی متمانە بەخۆبوونیان بەرزە، کەسێکی سەربەخۆن و کاریزمایەکی بەهێزیان هەیە و خاوەن هەڵوێستن، بە ئاسانی لەگەڵ کەسانی تر پەیوەندی دروست ناکەن، کەسێکی خۆسەپێنەر و بوێر و کاریگەرن، لەڕووی سایكۆلۆجییەوە ڕەنگی ڕەش مرۆڤ دوردەخاتەوە لە فشاری دەروونی و كاریگەری دەرەكی، ڕەنگێكە كە پارێزگاریت پێدەبەخشێت.

ڕەنگی سپی 

ڕەنگی سپی هێمای ئاشتی و سەربەخۆییە، پەسەندکردنی ئەم ڕەنگە دەرخەری ئەوەیە کە تۆ کەسێکی سەربەخۆ و ڕێکخەریت، لۆجیکانە بیر دەکەیتەوە، تێڕوانین و پێشبینییەکی زۆرت هەیە بۆ کەسی بەرانبەر، کەسێکی کە بە دانایی و ژیرییوە بڕیار دەدەیت و تێڕوانینت بۆ ژیان ڕاستەقینەییە.


سەرچاوەکان



2478 بینین