دیمەشق

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-06-23:40:00 - کۆدی بابەت: 7937
دیمەشق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دیمەشق (بە ئینگلیزی: Damascus، بە عەرەبی: دمشق)، پایتەختی سوریا و کۆنترین پایتەختی جیهانە، هەروەها بە پێی چەند سەرچاوەیەکی تر چوارەم پیرۆزترین شاری ئیسلامە، ئەم شاره لە وڵاتی سوریا بە شام ناسراوە و هەروەها ناونراوە شاری یاسمین، دیمەشق ناوەندێکی گەورەی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات و جیهانی عەرەبییە، ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە لە ساڵی 2019دا بە 2,079,000 کەس خەمڵێنرا.

مێژووی شارەکە

شاری دیمەشق یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان کە بە بەردەوامی خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە، یەکەم جێگیربووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایینی، هەروەها لە ساڵی 661 تا 750 بە پایتەختی خەلافەتی ئەمەوی هەڵبژێردرا، دوای سەرکەوتنی خێزانی دەسەڵاتداری عەباسی بارەگای دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ شاری بەغداد گواسترایەوە، دیمەشق بەدرێژایی سەردەمی عەباسییەکان گرنگی خۆیی لەدەستدا، تەنیا بۆئەوەی لە سەردەمی ئەیوبی و مەملوکدا گرنگییەکی بەرچاو بەدەست بهێنێتەوە، شارەکە لە ئێستادا بارەگای حکومەتی وڵاتی سوریایە.

دانیشتوانی شارەکە

ژمارەی دانیشتوانی شاری دیمەشق لە ساڵی 2011دا 1,711,000 کەس بوو، دیمەشق گەورەشارێکی قەرەباڵغە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی بە 5 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، بەگشتی ڕێژەی گەشەی شاری دیمەشق لە خودی وڵاتی سوریا بەرزترە، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە گوندەکانەوە بۆ ناو شار و هەروەها لێشاوی کۆچبەرانی گەنجی سوریایە بە خاتری هەلی دامەزراندن و تەواوکردنی خوێندن، هەرچەندە وا بیردەکرێتەوە دانیشتوانی دیمەشق لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی سوریادا کەمی کردبێت.

گروپە ڕەگەزییەکانی ناو شارەکە

زۆربەی دانیشتوانی شاری دیمەشق عەرەبە سوورییەکانن، کوردەکان کەمینەترین نەتەوەی ناو شارەکەن و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 300,000 کەسە، هەروەها نەتەوە کەمینەکانی تر بریتین لە تورکمانی سوری، ئەرمەنی، ئاشووری، شەركەسيیەکان و کۆمەڵگەیەکی بچووکی یۆنانی، لەنێو کەمینەکانی شارەکەدا کۆمەڵگایەکی بچووکی فەلەستینیشی لێیە.

ئایین

ئایینی ئیسلام ئایینی سەرەکی شارەکەیە و زۆرینەی موسڵمانان لەسەر ڕێبازی سوننەن، لەکاتێکدا عەلەوییەکان و ئیمامەتییەکان ئایینی کەمینەی شارەکە پێک دەهێنن، عەلەوییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەی ئەلمەزە، ئەلمەزەی 86 و سوماریە دەژین. هەروەها ئیمامەتییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە نزیک شوێنە پیرۆزەکانی شیعە بە ناوی سەیدە ڕوقیە و سەیدە زەینەب دەژین، دەگوترێت زیاتر لە 200 مزگەوت لە شاری دیمەشقدا هەیە کە دیارترینیان مزگەوتی ئامەدە.

مەسیحییەکان نزیکەی 15% بۆ 20%ی دانیشتوان پێک دەهێنن، چەند بۆنەیەکی مەسیحی ڕۆژهەڵاتی بارەگایان لە دیمەشق هەیە، لەوانە کڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆکس، کڵێسای کاسۆلیکی سریانی و کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی ئەنتاکیا. ناوچە مەسیحییەکانی شارەکە بریتین لە باب توما، قەساع و غەسانی، هەریەکێک لەم شوێنانەش چەندین کڵێسایان هەیە، دیارترینیان کڵێسای کۆنی سەینت پۆل و کەنیسەی سانت جۆرجس كاتدرائيە لە باب توما، هەروەها 700,000 ئەندامی کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی ئەنتاکیا لە سوریا هەیە، کە بەشێکی زۆری دانیشتوانی مەسیحیین لەگەڵ 400,000 ئاشووری سریانی، 30 بۆ 100,000 ئەرمەنی و 350,000 هاوڵاتی کاسۆلیکی، هەروەها کۆمەڵگەیەکی بچووکی جوولەکەش بە ناوی (حارة اليهود) لە گەڕەکی جوولەکەکان هەبوو، کە پاشماوەی گروپێکی جوولەکەی کۆنی گەورەتری وڵاتی سووریایە، ئەگەر مێژووەکەیان نەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش پاشا دەیڤد ئەوا بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانییەکان.

کەشوهەوای دیمەشق

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری دیمەشق ئاووهەوایەکی وشکی ساردی هەیە، بەهۆی کاریگەری سێبەری بارانی شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی لوبنان و تەوژمە باوەکانی‌ زەریاوە، مانگەکانی وەرزی هاوین لە شاری دیمەشقدا درێژخایەنن و کەشوهەوا گەرم و وشکە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی شێ نزمە. هەروەها مانگەکانی وەرزی زستان سارد و تا ڕادەیەک باراناوییه، بەفریش بە دەگمەن دەبارێت، پاییزی شارەکە کورت و مامناوەندە، بەڵام گۆڕانی پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی زۆر لە مانگەکانی وەرزی پاییزدایە، بە پێچەوانەی وەرزی بەهار کە ڕاگوێزبوونی بۆ وەرزی هاوین زیاتر بەرەبەرە و جێگیرە. ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە نزیکەی 130 ملیمەترە و لە مانگی تشرینی یەکەمەوە تا ئایار دەبارێت.

چەند شوێنێکی سەرنج ڕاکێشی شاری دیمەشق

  1. مزگەوتی ئەمەوی دیمەشق
  2. شاری دێرین
  3. بازاڕی ئەلحەمیدیە
  4. کۆشکی عەزیم (کۆشکی ئەسعەد، پاشا ئەلعەزیم)
  5. مۆزەخانەی نەتەوەیی دیمەشق
  6. مەزاری سەلاحەدین
  7. ناوەندی دیمەشق
  8. ماڵی ئۆپێرای دیمەشق
  9. مزگەوتی ئومەوی
  10. چیای قاسیون
  11. کڵێسای سەینت حنانیا چاپێل
  12. هێڵی شەمەندەفەری حەجاز
  13. بازاڕی تەکیەی سلێمانی
  14. مزگەوتی سەیدە ڕوقیە
  15. پەیکەری سەلاحەدین
  16. خان ئەسعەد پاشا
  17. قەڵاکە
  18. بیمارستان ئەن نوری
  19. ڕووباری بەرەدەی
  20. کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی سوریی سەینت جۆرج
  21. شوورەی قەڵا
  22. سەنتەری نەتەوەیی بۆ هونەرە شێوەکارییەکان
  23. تەکییەی سلێمانی
  24. بازاڕی ئەلبزوريە
  25. دەروازەی کەوانەیی
  26. مۆزەخانەی سووپا
  27. بازاڕی ساروجە
  28. مزگەوتی یەلبوغا
  29. کڵێسای ئەرتۆدۆکسی ئەرمەنی
  30. پەرلەمان


سەرچاوەکان



795 بینین