مانگرتنی گشتیی ٢٠١٨ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-17-23:20:00 - کۆدی بابەت: 7994
مانگرتنی گشتیی ٢٠١٨ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مانگرتنی گشتیی ٢٠١٨ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (بە فارسی: اعتصابات سراسری کردستان) کۆمەڵێک گردبوونەوە و مانگرتنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا، لە بەرانبەر ڕووداوەکانی ڕۆژی شەممەی ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨ و مووشەکبارانکردنی ناوەندەکانی حیزبەکانی دیموکراتی کوردستان.

ڕووداو

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٠١٨/٩/٨ سێ بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن پەناهی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دران؛ چەند کاتژمێرێک دواتر، پێش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) و بە ڕووداوی ١٧ـی خەرمانان ناسرا.

ڕاگەیاندن

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بۆ ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی سێ لاوی کورد و پەلاماری مووشەکی هێزێکی سیاسی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، لەژێر دروشمی «من کەرامەتی نەتەوەییم دەپارێزم و لە ماڵ نایەمە دەرەوە» مان بگرن و دوکان و بازاڕ دابخەن.

مانگرتنەکە

  • زیاتر لە ٢١ شاری ڕۆژهەڵات، وەکوو شارەکانی: ورمێ، بۆکان، مەهاباد، سنە، شنۆ، سەوڵاوا، سەردەشت، پیرانشار، پاوە، سەرپێڵ، کەنگاوەر، سەلاس، جوانڕۆ، کرماشان، سەقز، دێولان، قوروە، دیواندەرە، بانە و مەریوان مانگرتنەکەیان ئەنجام دا و خەڵکی چوونەوە ماڵ و شەقام و بازاڕیان چۆڵ کرد. لە شاری بانە خەڵک و هێزەکانی پۆلیس ڕووبەڕووی یەک بوونەوە.
  • لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپییەکان لەبەردەم دەرگەی کونسوڵگەری ئێران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو.
  • لە باشووری کوردستانیش لەبەر دەرگای نەتەوە یەکگرتووەکان خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕی.

کاردانەوەکان

  • ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سوپاسی بەشداریی جەماوەری خەڵکی کرد.
  • خەڵک خۆشحاڵیی خۆیان لە سەرکەوتنی مانگرتنەکە دەربڕی.
  • ڕووداوەکە لە میدیا جیهانییەکان دەنگی داوە.

کاردانەوەی ئێران

  • کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بانگهێشتکردن و تەلەفۆن پەیوەندی بە بازاڕییان و خاوەن پیشەکانەوە کرد کە گەر بێتوو بەشداری لەم ناڕەزایەتییەدا بکەن مۆڵەتیان لێ دەستێندرێتەوە.
  • دواتریش هەوڵی دا لە ڕێگەی ڤیدیۆکردن و ڕەنگ کردنەوە، دوکانە داخراوەکان دیاری بکات و بەم شێوەیە هەڕەشە لە دوکانداران بکات. هەروەها هەوڵی دا بە زۆرەملی هەندێک دوکان بکاتەوە.
  • ناوەندەکانی ئاسایش هەر لەو پەیوەندییەدا زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتی مەدەنییان لە شارە جیاجیاکان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایگوێزتن؛ دەیان چالاکی مەدەنی دیکەشیان بۆ لێپرسینەوە بانگ کرد، وەک: عەلیڕەزا ئەحمەدی دەهرشید، خالید حوسەینی، موختار زراعی، موزەفەڕ ساڵح نیا، ئارام فەتحی، سۆران دانشوەر و موسلیم بەهرامی.


سەرچاوەکان



253 بینین