خەمۆکی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-03-30-22:49:00 - کۆدی بابەت: 8089
خەمۆکی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆرینەی خانمان پێش و لەماوەی سوڕی مانگانەدا گۆڕانکاری زۆر دێت بەسەر جەستە و دەروونیاندا، خەمۆکیش یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە لە کۆمەڵێک خانمدا ڕوودەدات لەو ماوەیەدا حاڵەتێکی زۆر باوە بەتایبەت پێش تەمەنی نائومێدی و تەمەنەکانی نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵی، هەموو ئەو گۆڕانکاریی و ئازارە جەستەییانە هۆکارێکن تاکوو خانمەکە زیاتر خەمۆک ببێت، ٪٧٠ـی خانمان کۆنیشانەی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە (PMS)ـیان هەیە و کە چەند نیشانەیەکی جەستەیی و دەروونین و توندتر لەو حاڵتە بریتییە لە بێزاری پێش سوڕی مانگانە (PMDD) کە ٪٣ بۆ ٪٨ـی خانمان ئەمەیان هەیە و کۆمەڵێک نیشانەی هاوبەشی هەیە لەگەڵ PMS دا بەڵام نیشانەکانی زۆر توندترن و جیاوازترن وەک:

  • خەمۆکی توند، دڵەڕاوکێ و زوو زیزبوون
  • ترسی لەناکاو
  • گۆڕانکاری زۆر لە ڕەفتاردا
  • گریانی بەردەوام
  • بێزاری لە ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە

هۆکارەکان

هۆکارێکی تایبەت بەتەواوی ڕوون نییە و بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە هۆڕمۆنەکان کاریگەری سەرەکییان هەیە لەسەر خانمەکە، لە نیوەی دووەمی سوڕی مانگانەدا گۆڕانکاری دێت بەسەر ڕێژەی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆندا کە ئەمەش کاردەکاتە سەر ڕێژەی سیرۆتۆنین، سیرۆتۆنین هۆڕمۆنێکە کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی خواردن و خەو و ڕەفتاری کەسەکان، کەمی ڕێژەی سیرۆتۆنین دەبێتە هۆی هەستکردن بە تووڕەبوون و دڵتێکچوون و تێکچوونی خەو، هەروەها خەمۆکی، کە نیشانەکانی ئەمانەن:

  • دڵەڕاوکێ
  • تووڕەیی
  • بیرچوونەوە
  • گریانی زۆر
  • کەمی حەزی سێکسی
  • خەوی زۆر یاخود کەم
  • کەمبوونەوە یاخود زیادبوونی حەزی خواردن 
  • دڵتێکچوون
  • ماندوویەتی و بێتاقەتی

بۆچی خەمۆکی لە کاتی سوڕی مانگانەدا توندتر دەبێت؟

جیا لە کۆنیشانەی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە، خەمۆکی لەماوەی کەوتنە سەرخوێندا لەوانەیە زۆر خراپتر ببێت بەهۆی ئەوەی کە دووچاری بێزاری پێش کەوتنە سوڕی مانگانە بوویتەتەوە، بەجۆرێک ئەم خەمۆکییە کاردەکاتە سەر خانمان کە ژیانی ڕۆژانەیان لێ تێک دەچێت و بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە.

کاریگەریی خەمۆکی لەسەر سوڕی مانگانە

لەوانەیە خەمۆکی ببێتە هۆی وەستانی سوڕی مانگانە یاخود تێکچوونی سوڕی مانگانە، لەکاتی خەمۆکی و دڵەڕاوکێدا ژێرلانک تێکدەچێت، ژێرلانک هەموو ئەو ڕژێنانە بەرهەمدەهێنێت کە لە ژێرمێشکەڕژێندا کۆدەکرێنەوە، ژێرمێشکەڕژێن ڕژێنێکە کە ڕۆڵی هەیە لە ڕێکخستنی فەرمانی هێلکەدانەکان، هەر تێکچوونێک لە هێلکەدانەکاندا دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشە لە بەرهەمهێنانی ئیسترۆجین و هێلکە داناندا و لە ئەنجامدا تێکچوون و وەستانی سوڕی مانگانەی لێ دەکەوێتەوە.

نیشانە تووندەکان

ئەم نیشانانە ٧ بۆ ١٠ ڕۆژ پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە دەست پێ دەکەن و تاکوو چەند ڕۆژێکیش دوای سوڕەکە بەردەوامن:

  • دەمارگیری و دڵەڕاوکێ
  • کۆنتڕۆڵ نەکردنی خوود
  • تێکچوونێکی زۆری ڕەفتاری
  • تووڕەیی و بەهەڵە تێگەشتن
  • دوورکەوتنەوە لە کۆڕ و کۆمەڵ
  • گریانی لەناکاو و هەستکردن بە خەمباری
  • نائومێدبوون و بیرکردنەوە لە خۆکوشتن
  • کێشەی کەمی سەرنجدان
  • تێکچوونی خەو
  • ماندوویەتی
  • تێکچوونی خواردن

چارەسەر

لە سەرەتادا نیشانەکانی خۆت بزانە و دەست نیشانی بکە و هەوڵبدە چارەسەر وەربگریت، دواتر چەند ڕێگایەک دەگیرێتە بەر بۆ چارەسەر:

دەرمانی هۆڕمۆنی

هەندێک کات لە حاڵەتە توندەکاندا پزیشک دەرمانی هۆڕمۆنی دەدات بە نەخۆشەکە، تاکوو نیشانە جەستەیی و دەروونییەکانی کەم بکاتەوە و کۆنتڕۆڵی بکات و ڕێگری بکات لە تێکچوونی هۆڕمۆنەکان، ئەم ڕێگایە بەدڵنییایەوە دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکیدا بێت و نابێت نەخۆش لەخۆوە دەرمان بەکاربهێنێت.

ژیانێکی تەندروست

  • ژیانێکی تەندروست یارمەتی کەمکردنەوەی خەمۆکی دەدات، ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک پیادەڕەوی و وەرزش بکە تاکوو دەروونت ئارام ببێتەوە.
  • دوورکەوتنەوە لەخواردنە شیرین و سوێرەکان و چەورییەکان، گرنگیدان بە خواردنی سەوزە و میوە و زۆر خواردنەوەی ئاو.
  • ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بخەوە و کاتی خەوت ڕێکبخە.
  • داوای یارمەتی بکە لە کەسانی تر کاتێک دەزانیت بارودۆخت باش نییە
  • لە هەموو ژەمێکتدا هەوڵبدە خواردنەکەت دەوڵەمەند بێت بە مەگنیسیۆم.
  • لەجێی سێ ژەمە خۆراکی قوورس، شەش ژەمی سووک بخۆ

یارمەتیدان

هەموو نیشانە جەستەیی و دەروونییەکان ئاسایین لە پێش و کاتی سوڕی مانگانەدا، بەڵام کاتێک ئەم نیشانانە زۆر توند بن و بەردەوامییان هەبێت و خراپتر ببن پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت، خەمۆکی یەکێکە لە نیشانەکان و کە دواخستنی چارەسەری زیانی زۆری هەیە، کاتێک هەست دەکەیت خانمێک تووشی خەمۆکی توند بووە و بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە و نائومێد بووە بەخێرایی ئەم ڕێگایانە ئەنجام بدە:

  • پەیوەندی بکە بە فریاکەوتنەوە
  • تاکوو کەسی شارەزا دێت لەلای نەخۆشەکەدا بمێنەرەوە
  • هەر جۆرە کەرەستە و دەرمانێکی لێ دووربخەرەوە کە بتوانێت بەوانە زیان بگەیەنێت بە خۆی
  • گوێ لە دەردە دڵەکانی بگرە و دڵی بدەرەوه


سەرچاوەکان



635 بینین