دڵکرد - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-01-23:41:00 - کۆدی بابەت: 8109
دڵکرد - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

دڵکرد

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: ئاوات و ڕەنج 

هۆنراوە: دڵکرد

هۆنراوەت بۆ ئەڵێم بەتام
پڕی بێ لە تەزووی ئارام

بریسکەی لێ بێ وەکوو ڕووت
ورشەدار بێ وەکوو یاقووت

تۆش هۆنراوەی وا هونەرچن
بهۆنەرەوە بۆ گەردن

***

هۆنراوەم هەیە، وەک کوڵم
گەشە ئەی نازداری دڵم

گیانەکەم من پێت ئەبەخشم
هۆنراوەی وا جوان و گەشم

تۆش دەمی بنێرە سەر دەم
با گەشتر بێ هۆنراوەکەم

***

ئەتدەمێ خۆشترین هەڵبەست
ئاو بزێنێتەوە دەمی هەست

خۆش بێ وەکوو چرپەی دەمت
لای بەرێ لە دڵتا خەمت

کەی تۆ بە تاسەوە مژیت
ئەڵێم ئەی هۆنراوە ئەژیت

***

هۆنراوە ئەڵیم بۆ باڵات
بۆ سنگی بەرزی بێ هاوتات

تۆش ئاوریشمی هۆنراوەی جوان
لەبەر کە ئەی پەریی ئاسمان

هەرچیم هەیە هۆنراوەی ورد
بەرهەمی شیرینی «دڵکرد»

ئەیبەخشم بە لار و لەنجەت
بە ناسکی دەست و پەنجەت

تۆی هۆنراوەی ژیانی من
ژیانی شیعرەکانی من


سەرچاوەکان



253 بینین