زە ئۆردینەری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-08-17:49:00 - کۆدی بابەت: 8170
زە ئۆردینەری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زە ئۆردینەری (بە ئینگلیزی: The Ordinary) واتای ناوەکەی بریتییە لە (سادەکە)، کۆگەرییەکی چارەسەری پزیشکی ناسراو و کاریگەری بەرهەمەکانی تایبەت بە پێست دەگرێتەوە، کە شوێنی خۆی لە بە بەهاکردنی بەرهەمەکانی پێست و بازرگانی دروست لە بواری گرنگیدان بە پێستدا گرتووە،  ئەم بڕاندە ناوبانگێکی باشی هەیە لە سادەیی و ڕاستیی جۆرەکەیدا، ئەوەی کە وای لێکردووە پێشەنگ بێت تەکنەلۆجیا و شێوازە ئاشناکەی نییە، بەڵکوو دروستی و باشی بەرهەمەکانییەتی.
زە ئۆردینەری بڕاندێکە لە دەستەی پشتیوانی DECIEM کە ئەم دەستەیە وەک چەتری بڕاندەکان کاردەکات بۆ پێشکەوتنی کاریگەری بەرهەمەکانی جوانکاری، ئەم دەستەیە تایبەتە بە ماددەی کیمیایی و کیمیاییە زیندەییەکان، هەروەها پێشەنگی داهێنانن لە بڕاندەکانیاندا لە بواری پاراستنی پێستدا، لە بابەتی کاریگەری بەرهەمەکانی جوانکاریدا ڕووڕاستی دەگمەنە، تەکنەلۆجیا ئاساییەکان کە بە داهێنان وەسف دەکرێن و نرخە بەرز و سڕکەرەکان کڕیاری سەرلێشێواو کردووە.
زە ئۆردینەری ئامانجی هێنانی کاریگەری و ڕووڕاستییە بۆ بەرهەمی گرنگیدان بە پێست، هەروەها تەکنەلۆجیای ناسراو و نرخی گونجاو.
ئۆردینەری بە پێچانەوە سادە و بوتڵە ئاساییەکانی بەناوبانگە، ئەوەی گرنگە تیایدا بەرهەمەکانی و پێکهاتەکەیەتی نەک شێوازی پێچانەوە و ڕەنگ و شێوازی نوسینی سەر بوتڵەکانی.

مێژوو

دانانی بڕاندێکی جوانکاری لە خاڵی سفرەوە و گەیاندنی بە ئاستێکی بەرز کارێکی ئاسان نییە، لە ساڵی ٢٠١٣ کۆمپانیای DECIEM دەستی بەکارکرد کە واتای ناوەکەی ڕیزبەندی ژمارەکانە تاکوو دە، کە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەبوو کە لە بەرهەمەکانی جوانکاریدا هەیە، هەر لە سەرەتای دەست پێکردنیاندا بە دروشمەکەیان جیاوازی خۆیان دروستکرد، دروشمەکەیان بریتی بوو لە: (کۆمپانیای جوانکاری نائاسایی)، لە کاتێکدا کە زۆربەی پێی وابوو ئامانجی کۆمپانیاکە هەرگیز سەرناگرێت، بەڵام دامەزرێنەری کۆمپانیاکە بڕاندن ترواکس (Brandon Truaxe) دەیویست بیسەلمێنێت کە خەڵکی هەڵەن و دژی هەموو بارودۆخەکان وەستایەوە.
سەرنج خستنەسەر کڕیار و پێدانی زانیاری ورد لەسەر بەرهەمەکانیان وای لە کۆمپانیاکە کرد جیاواز بێت، هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕێکخستنی بەرهەمەکان هۆکاربوون بۆ خستنەبازاڕی بەرهەمە ناوازەکانی زە ئۆردینەری لە ساڵی ٢٠١٦، DECIEM دەستیکرد بە گەیشتن بە لووتکەی ناوبانگ، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە پیشەسازی هەژاند بە سەلماندنی ئەوەی کە باشی و کوالیتی بەرهەم بە نرخەکەی هەڵناسەنگێندرێت.

بەرهەمەکان

بەرهەمەکانی زە ئۆردنەری تایبەتن بە پاراستن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێست، یەکێکن لە کاریگەرترین بەرهەمەکان بۆ چارەسەری زیپکە و پەڵە و چەندین کێشەی تری پێست.
بەناوبانگترین و کاریگەرترین بەرهەمەکانی ئەمانەن:

پاککەرەوەی ڕووخسار

پاککەرەوەی سکوالەین (بە ئینگلیزی: squalene)

  • نرخ: لەنێوان ٥-١٥ دۆلار
  • جۆری پێست: بۆ هەموو جۆرە پێستێک گونجاوە
  • پێکهاتەی سەرەکی: سکوالەین گەردێکە وا لە پێست دەکات زیاتر شێدار و ڕۆشن و تەندروست بێت.

ئەم پاککەرەوە بێ پێکهاتەی سابوونە پیسی و میکیاج لەسەر ڕووخسار لادەبات، بەبێ ئەوەی پێستەکە بسووتێنەتەوە یان وشکی بکاتەوە. لێکۆڵەران دەڵێن: "کاتێک بەکاری دەهێنیت زیاتر وەک کرێمێک یان شێدارکەرەوەیەکی چڕ دەردەکەوێت، هەروەها کاتێک بە ڕووخساردا بڵاودەکرێتەوە وەک سیرەمێکی چەور دەردەکەوێت"، ئەمەش واتای ئەوەیە لەدوای شۆردنی ڕووخسار نابێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەر هەست بە وشکبوونەوەی پێستی بکات.
چالاکترین پێکهاتەی ناو ئەم بەرهەمە سکوالەینە کە زیادکەرێکی تەواو شێدارکەرە، کاتێک بە بڕێکی باش بەکاربێت دەتوانێت ڕێگری لە زیانگەیشتن بە پێست بکات و هانی بەرهەمهێنانی کۆلاجین بدات.

ڕوونکەرەوە (تۆنەر)

گیراوەی ڕوونکەرەوەی ٧٪ ترشی گلایکۆلیک

  • نرخ: سەروو ١٥ دۆلار
  • جۆری پێست: بۆ هەموو جۆرە پێستێک، جگە لە پێستی هەستیار
  • پێکهاتەی سەرەکی: ترشی گلایکۆلیک، ترشی ئەمینی، ئالۆڤێرا

ئەم بەرهەمە ترشی ئەلفا هایدرۆکسی (AHA) لە شێوەی ترشی گلایکۆلیک تێدایە، کە ئەم پێکهاتەیە بەندی نێوان چینی دەرەوە و چینی دواتری پێست تێکدەشکێنێت، کە ئەمەش زیاتر پێست ساف و یەکڕەنگ دەکات، ترشی گلایکۆلیک بچووکترین جۆری ترشە ئەلفا هایدرۆکسییەکانە کە ئەمەش واتای ئەوەیە بەبەراورد بە ترشەکانی تر ئەم ترشە بەئاسانی دەچێتە ناو پێستەوە، لە ئەنجامدا وادەکات بەکارهێنەر کاریگەرییەکانی بەخێرایی هەست پێبکات.
بەکارهێنانی پێکهاتە چالاکەکانی وەک ترشی گلایکۆلیک و ئالۆڤێرا وەک تۆنەر، بە نیانی خانە مردووەکانی پێست لادەبات و وادەکات دەرکەوتەی پێست جوانتربێت و ڕوونتربێت، زۆربەری بەکارهێنەران شێوازی کاریگەری ئەم بەرهەمەیان لەسەر زیپکە و توندکردنەوەی پێست بەدڵبووە، بەڵام هەندێکیان باسیان لەوە کردووە کە زیانی بە پێستیان گەیاندووە، کەواتە هەمیشە باشترە کە پێش ئەوەی دەست بکەیت بە بەکارهێنانی ئەم بەرهەمە، لەسەر بەشێکی بچووکی پێشتت تاقی بکەیتەوە.

شێدارکەرەوە

هۆکارە شێدارکەرەوە سروشتییەکان + ترشی هایالورۆنیک

ئەم شێدارکەرەوەیە ئەو پێکهاتانەی (وەک ترشی هایالورۆنیک) کە بەشێوەیەکی سروشتی لە پێستدا بوونیان هەیە بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی شێداری و سافی ڕووکاری پێست، لە کاتێکدا کە ئەم بەرهەمە دەتوانرێت بۆ هەموو جۆرە پێستێک بەکاربێت، بەڵام بۆ پێستی چەور و زیپکاوی باشترینە چونکە شێدارکەرەوەیەکی سووکە بۆ پێست، نابێتە هۆی ئەوەی کە هەست بە دەرکەوتەی چەوری پێست بکرێت دوای بەکارهێنان.

ڕووپۆش (ماسک)

ماسکی ٢٪ ترشی سالیسایلیک

ئەم ماسکە ١٠ خولەکییە کاتێک هەفتانە جارێک یان دووجار بەکاربێت، بەشێوەیەکی کاریگەر کار لەسەر نەهێشتنی زیپکە دەکات، کاتێکی کەمی دەوێت و سوودێکی زۆری دەبێت، بەکارهێنەران باسیان لەوە کردووە کە دوای بەکارهێنانی ئەم ماسکە هەستیان بە بچووکبوونەوەی کونیلەکانی پێست و کاڵبوونەوەی پەڵەکانیان کردووە.

لابەری کیمیایی پێستی مردوو

گیراوەی پاککەر - peeling ٣٠٪ ترشی ئەلفا هایدرۆکسی + ٢٪ ترشی بێتا هایدرۆکسی

ئەم بەرهەمە بە (ئۆردینەرییە سوورەکە) ناسراوە و بەناوبانگترین بەرهەمی کۆمپانیاکەیە، پاککردنەوەی کیمیایی ڕووخسار لە ماڵەوە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە بەتایبەت ئەو کەسانەی پێستێکی هەستاریان هەیە یان زیپکەی توندیان هەیە، ئەم بەرهەمە یارمەتی پاککردنەوەی کونیلە گیراوەکانی ڕووخسار و سافبوونی دەرکەوتەی ڕووخسار و ڕوون بوونەوەی دەدات، بەکارهێنەران باسیان لەوە کردووە کە دوای بەکارهێنان هەستیان بە وشکبوونەوەیەکی کەمیی کاتی ڕووخساریان کردووە، بەڵام ئەم وشکبوونەوەیە نەبووەتە هۆی هەستکردن بە سووتانەوە و زبربوونی ڕووخسار.

باشترین دژەزیپکە

١٠٪ نایاسینەماید + ١٪ زینک

  • نرخ: ٥ – ١٥ دۆلار
  • جۆری پێست: پێستی زیپکاوی
  • پێکهاتەی سەرەکی: نایاسینەماید (ڤیتامین B3)

بەکارهێنانی ١٠٪ ڕێژەی نایاسینەماید (جۆرێکە لە ڤیتامین B3 کە دەتوانێت یارمەتی پێست بدات بۆ دروستکردنی چینێکی بەهێزتری شێدار و کەمکردنەوەی سووربوونەوە و قەباری کونیلەکان و پەڵە)، ئەم بەرهەمە پەڵەی پێست کاڵ دەکاتەوە و دەرکەوتەی پێست جوانتر دەکات.
 
بەکارهێنەرانی باسیان لەوە کردووە کە ئەوەی لەم بەرهەمەدا دڵخوازبووە بە لایانەوە با ئاسانی هەڵمژینی بەرهەمەکە بووە لەلایەن پێستەوە، لەگەڵ ئەو کاریگەرییەی کە یارمەتیدەرە بۆ لابردنی خاڵەڕەشەکانی پێست، پێویستە ئەوە بزانرێت چونکە نایاسینەماید دەتوانێت کار لە بەهێزی ڤیتامین C بکات، بۆیە نابێت ئەم دوو بەرهەمە بەیەکەوە بەکاربێن.

چارەسەرکەری پێستی وشک

ترشی هایالورۆنیکی ئاوی

لە جۆری سووکی ترشی هایالورۆنیک دروستکراوە، ئەم سیڕەمە بەناوبانگە وا لە پێست دەکات ئاو کێش بکات و هەڵیبگرێت بەبێ ئەوەی کە ئەو دەرکەوتە کرێمییەی هەبێت کە بەرهەمەکانی تری ترشی هایالورۆنیک پێشتر هەیانبووە.
بەکارهێنەران باسیان لەوە کردووە کە ئەم بەرهەمە شێداری پێویست بە پێست دەدات بەبێ کزاندنەوەی، بەتایبەت بۆ کەسێک گونجاوە کە پێستی پێویستی بە شێدارکردنەوەی بەردەوام بێت بەتایبەت لە وەزی زستاندا.

دژەخۆر

کانزای پاڵێوکی تیشکی زیانبەخشی خۆر (SPF30) لەگەڵ دژەئۆکسانەکان

  • نرخ: ٥ – ١٥ دۆلار
  • جۆری پێست: هەموو جۆرێکی پێست
  • پێکهاتەی سەرەکی: ئۆکسیدی زینک، دووەم ئۆکسیدی تیتانیۆم، مۆردی تازمانیایی

ئەم دژەخۆرە کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە تیشکی زیانبەخشی خۆر و بێلایەنکردنی تەنۆلکە سەربەستەکان بەهۆی دژەئۆکسانەکانەوە، پێکهاتە زیادکراوەکانی مۆردی بەتامی تازمانیایی بە مەبەستی ‌هێورکردنەوەی پێست و ڕێگریکردنە لە سووربوونەوە و کزانەوەی پێست بۆ زیادکراوە.


سەرچاوەکان



1470 بینین