گزیکردن

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-04-10-01:34:00 - کۆدی بابەت: 8195
گزیکردن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گزیکردن یاخود (قۆپیکردن)  (بە ئینگلیزی: Cheating)، بریتییە لەو کردەیەی کە تێیدا کەسێک بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە هەڵسوکەوت دەکات بۆ بەدەستهێنانی هەندێک سوود، گزیکردن تاوانێکە کە بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ شوێنێکدا پاساوی بۆ ناهێندرێتەوە، کە دەکرێت بە چەندین شێوە ئەنجامبدرێت، وەک وەرگرتنی زانیاری لە کاتی تاقیکردنەوە، وەرگرتنی ئەرکەکان لە یاداشتی کەسێکەوە بە بێ پرسی خۆی. 

هۆکارەکانی وازهێنان لە گزیکردن

١- دەبێت لەوە تێبگەیت کە تەنانەت ئەگەر لە تاقیکردنەوەکاندا دەریش بچیت، بەهۆی ئەوەوە نەبووە کە زۆر هەوڵتداوە، زۆرینەی خەڵک هەست بە تاوان دەکەن دوای ئەوەی گزی دەکەن، ئەمەش وا دەکات کە هیچ کات هەستی شانازیکردنی خودت لەلا دروست نەبێت، بیهێنە بەرچاوت، ئەگەر لە کاتی گزیکردندا بگیرێیت، ئەوا سزا دەدرێیت و لە هەموو ساڵی خوێندندا دەردەکرێیت.

٢- لەبیرتبێت بە پێچەوانەی ئەوانی دیکە، تۆ هیچت نەکردووە بۆ بەدەستهێنانی نمرە، ئەگەر لە تاقیکردنەوەیەکدا گزیت کرد، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە تاقیکردنەوەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبیت لەسەری، لە ئەنجامدا تۆ بۆ تاقیکردنەوەکان تەنها پشت بە گزیکردن دەبەستیت و هیچ هەوڵێکی دیکە نادەیت بۆ فێربوون و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز.

٣- پێداچونەوە بە یاداشتنامەکەتدا بکە و باشترین هەوڵی خۆت بدە و لە هەڵەکانتەوە سوود وەربگرە، پێداچوونەوە بە تێبینیەکانتدا بکە بە شێوەیەکی ڕۆتینی، ئەوە یارمەتیت دەدات بۆ بیرخستنەوەی وانەکان بە شێوەیەکی خێراتر و باشتر، ئەگەر بەبەردەوامی سەیری تێبینیەکانت بکەیت، هەمیشە ئامادە دەبیت بۆ هەر تاقیکردنەوەیەک، تەنانەت ئەگەر ئەوە کویزێکی زۆر گەورە و لە ناکاویش بێت.

٤- دەبێت بزانیت کە ئەگەر لە تاقیکردنەوەیەکدا خراپبوویت، بۆ تاقیکردنەوەی دواتر زیاتر هەوڵبدەیت، ئەگەر نمرەکانت لە بابەتێکی دیاریکراودا دابەزین، دەبێت ئەمە ببێتە هۆی هاندانت بۆ ئەوەی بۆ جاری داهاتوو بە سەختی هەوڵبدەیت، کەواتە خۆت لە گزیکردن بەدوور بگرە و بەسەختی کار بکە.

٥- بەبیر خۆتی بهێنەرەوە کە ئاساییە ئەگەر هەمیشە نمرەی بەرز نەهێنت، تاقیکردنەوەکان تەنها تاقیکردنەوەن و کۆتا شتی ژیان نیین، چونکە ئەوان هەرگیز ئێمە ئامادە ناکەن بۆ تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە، کە مانەوەیە لە ژیان، بۆیە ئاساییە ئەگەر هەمیشە نمرەی بەرز بەدەست نەهێنیت.

٦- دەبێت بزانیت کە ئەگەر لە کاتی گزیکردندا گیرایت، ئەوا سفر وەردەگریت، ئەگەر لە کاتی تەماشاکردنی کاغەزی کەسێکی دیکە بگیرێیت ئەوا سفر وەردەگریت لە تاقیکردنەوەکاندا، ئەمە جگە لەوەی کە لەلایەن یاسا و دایک و باوکتەوە بە توندی سزا دەدرێیت.

٧- ئەنجامدانی گزیکردن هەمیشە نابێتە هۆی بەدەستهێنانی نمرە و دەرچوون، هەندێک جار کاتێک دەتەوێت گزی بکەیت و وەڵامەکان لە کەسێکی دیکەوە وەربگریت، خودی ئەو کەسە خۆی بۆ تاقیکردنەوەکە ئامادە نەکردووە و هەموو وەڵامەکانی هەڵەیە.

چەند ڕێگایەک بۆ ڕێگەگرتن لە گزیکردن

- داواکردنی پەڕەی بەتاڵ (فایل): ئەمە زۆر ئاسانە، تەنها داوا لە قوتابیەکان بکە کە پەڕەیەکی بەتاڵ بەکاربێنن بۆ داپۆشینی وەڵامەکانیان کاتێک تاقیکردنەوەکەیان دەکەن، تەنها دڵنیابە لەوەی کە ئەوە لاپەڕەیەکی تەواو بەتاڵە و هیچ شتێک لەسەری نییە.

- پاکڕاگرتنی مێزی بەردەم قوتابیی: لە کاتی تاقیکردنەوەدا، داوا لە خوێندکارەکان بکەن کە مێزەکانیان بە تەواوی لە هەموو شتێک پاک بکەنەوە و جگە لە پەڕەی تاقیکردنەوە و پەڕەی بەتاڵ (فایل) و قەڵەم هیچ شتێکی دیکەیان لەبەردەست نەبێت، چونکە ئەگەر ڕێگەیان پێدرا کە کتێبەکان یان کەلوپەلەکانی تر لەسەر مێزەکەیان بهێڵنەوە، ئەوا تۆ تەنها دەرفەتێکیان بۆ ئەنجامدانی گزیکردن  بۆ دابین دەکەیت.

- ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی مۆبایل: لە کاتی تاقیکردنەوەدا، ڕێکاری زۆر تایبەت بە مۆبایلەکان هەیە، دەکرێت بە سادەیی داوا لە خوێندکارەکان بکەیت کە بە تەواوی مۆبایلەکانیان لابەرن یان تاکوو تاقیکردنەوەکە کۆتایی دێت لە شوێنێکی دیاریکراو دایانبنێن.

- پیاسەکردن بەناو هۆڵی تاقیکردنەوەدا: لەوانەیە بتەوێت تەنها لەسەر مێزەکەت دابنیشت و شتێک ئەنجام بدەیت، بەڵام یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ ڕێگەگرتن لە فێڵکردن یاخود گزیکردن ئەوەیە کە لە کاتی تاقیکردنەوەدا بەناو هۆڵی تاقیکردنەوە پیاسە بکەیت، یاخود بەلایەنی کەمەوە لە شوێنێکدا بوەستیت کە بتوانیت چاودێری هەموو لایەکی هۆڵی تاقیکرنەوەکە بکەیت، کاتێک بەناو هۆڵەکەدا دەگەڕێیت، شتەکان لەگۆشە جیاوازەکانەوە دەبینیت و زۆر زیاتر ئاگاداری ئەوە دەبیت کە چی ڕوودەدات.

- هەبوونی دوو شێواز (ڤێرژن) بۆ تاقیکردنەوەکە: بۆ تاقیکردنەوە گەورەکان، یان بۆ کاتێک کە قوتابییەکان زۆر نزیکن لە یەکەوە، دەبێت ڕەچاوی هەبوونی دوو شێوازی تاقیکردنەوە بکرێت، پێویست ناکات هیچ پرسیارێک دابنێیتەوە تەنها شوێنی پرسیارەکان لە پەڕەی تاقیکردنەوەکەدا بگۆڕە پاشان شێوازە جیاوازەکانی پرسیارەکان بدە بە هەموو قوتابییان.


سەرچاوەکان



1073 بینین