قەبزی لە منداڵی تازە لەدایکبوودا 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-14-18:02:00 - کۆدی بابەت: 8246
قەبزی لە منداڵی تازە لەدایکبوودا 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قەبزی لە منداڵی تازە لەدایکبوو (بە ئینگلیزی: infant Constipation) بەگشتی ئاساییە لە منداڵی خوار تەمەن یەک ساڵدا، بەڵام دەبێتە هۆی نیگەرانی دایک و باوک، منداڵی تازە لەدایکبوو هێشتا ڕیخۆڵەکانی بەباشی گەشەیان نەکردووە و فەرمانەکانیان نائاساییە.
تەنانەت ئەگەریش منداڵەکە قەبزی نەبێت، پێچدان لە خۆیان و سووربوونەوە لەکاتی پیسایی کردندا زۆر ئاساییە و هەمیشە نیشانەی قەبزی نییە.

پیسایی کردنی منداڵی تازە لەدایکبوو

پیسایی کردنی منداڵی تازە لەدایکبوو پەیوەستە بە چەند خاڵێکەوە:

جارەکانی پیسایی کردنی

لە ڕۆژ و هەفتەکانی سەرەتادا منداڵی تازە لەدایکبوو پیسایی کردنی زۆرە و لەوانەیە هەموو ڕۆژێک چەند جارێک دایبییەکەی بگۆڕیت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کاتێک منداڵەکە گەورەتر دەبێت پیسایی کردنیشی کەمتر دەبێتەوە.
زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان دوو مانگ یاخود زیاترە پیسایی کردنیان جارێک یاخود چەند جارێکە لە ڕۆژێکدا، لەوانەیە هەندێک منداڵیش لەو تەمەندا چەند ڕۆژێک جارێک پیسایی بکات یاخود هەفتەی جارێک، ئەگەر منداڵەکەت خواردنی باشە و بەباشی گەشە دەکات ئەوا پیسایی کردنی کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نییە.

خواردن

شیری دایک

ئەگەر تەنها شیری خۆت دەدەیت بە منداڵەکەت، لەوانەیە هەموو ڕۆژێک پیسایی نەکات و ئەمەش نیشانەی قەبزبوونی منداڵەکە نییە، جەستەی منداڵەکە تەواوی ماددە خۆراکییەکانی ناو شیرەکە هەڵدەمژێت و بڕێکی کەمی دەنێرێت بۆ ڕیخۆڵەکان.
دوای شەش هەفتەی سەرەتا لەوانەیە منداڵ هەفتەیەک تا دوو هەفتە پیسایی نەکات.
ئەو دایکانەی شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان پێویست ناکات نیگەران بن چونکە هەر منداڵێک شیری دایکی بخوات بە دەگمەن تووشی قەبزی دەبێت.

شیری وشک

ئەگەر لەگەڵ شیری دایکدا منداڵەکە شیری وشکیش بخوات، ئەوە منداڵەکە ئاساییە لە ڕۆژێکدا تاکوو چوار جاریش پیسایی بکات یاخود چەند ڕۆژ جارێک پیسایی بکات

خۆراک

دوای ئەوەی منداڵ وردە وردە کەوتە خۆراک خواردن ئەوکات کاتی دەوێت تاکوو بزانیت منداڵەکەت کام خۆراکی پێ دەکەوێت و ڕیخۆڵەکانی با ناکات پێی، یاخود کام خۆراک دەبێتە هۆی قەبزی یان سکچوونی، هەموو ئەمانە پەیوەندییان هەیە بە کۆئەندامی هەرسی منداڵەکە و وەڵامدانەوەی بۆ ماددە خۆراکییەکان.

ڕەنگ و شێوەی پیسایی

کاتێک پیسایی منداڵەکەت ڕەنگ و شێوەی جیاوازی هەیە نیشانەی نیگەرانی نییە و ئاساییە، بەگشتی پیسایی منداڵ ڕەنگی، زەرد، سەوز، قاوەییە، بەپێی ئەو خۆراکانەی کە منداڵەکە دەیخوات لەوانەیە هەندێک کات ڕەنگی پیسایی بگۆڕدرێت بۆ، سپی، سوور، ڕەش، بەڵام ئەم ڕەنگانە ئەگەر هۆکارەکەیان خۆراکێکی تایبەت نەبێت ئاسایی نین و دەبێت سەردانی پزیشکی پێ بکەیت.

شێوازی کردنە دەرەوەی پیساییەکە

هەندێک لە دایکان وادەزانن کە قەبزی لە منداڵەکەدا پەیوەندی هەیە بە شێوازی پیسایی کردنەکەیەوە و هەر جارێک کە منداڵەکەی پاڵی ناو و سووربوویەوە بە قەبزی دایدەنێن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە چونکە زۆرینەی منداڵەکان بۆ پیسایی کردن پەستان دەخەنەسەر ڕیخۆڵە و پاڵ دەنێن و پێیان وایە هەموو کاتێک تەنها دەتوانن بەو شێوەیە پیسایی بکەن چونکە هێشتا هیچ نازانن لەبارەی کۆئەندامی هەرسییانەوە.
هەروەها چونکە زۆرینەی ڕۆژەکە منداڵەکە خەوتووە و پاڵکەوتووە کاتێک دەیەوێت پیسایی بکات هیچ یارمەتیدەرێکی نییە و ناچارە خۆی پاڵ بنێت و پەستان دروست بکات.

باکردن

تەنها ٪٣٠ـی منداڵان بەشێوەیەکی گشتی تووشی قەبزی دەبن، بە زیادبوونی ئەم کێشەیە لەوانەیە با لە منداڵەکەوە بێتە دەرەوە و بەڵام هیچ پیساییەک نەکات، کاتێک ئەمە ڕوودەدات کرداری پیسایی کردن بۆ منداڵەکە قورس دەبێت.
هەروەها دەکرێت هاتنەدەرەوەی بای گەدە لە نێوان پیسایی کردنی منداڵەکەدا بێت و هیچ پەیوەندییەکی بە قەبزییەوە نەبێت، هەبوونی با لە منداڵاندا زۆر ئاساییە و بەگشتی زۆرینە هەیانە.

هۆکارەکان

نەخۆشی

ئەگەر منداڵەکەت نەخۆشە و بەوهۆیەوە حەزی خواردنی لەدەستداوە و هیچ ناخوات ئەوە کاردەکاتە سەر کۆئەندامی هەرسی، گۆڕانکاری لە سیستەمی خۆراکیەکەیدا وادەکات کە تووشی قەبزی ببێت، هەروەها قەبزی دەکرێت بەهۆی زیانی لاوەکی کۆمەڵێک دەرمانەوە دروست ببێت یاخود نەخۆشییەکانی غوددە لە منداڵاندا.

پیسایی نەکردن

لەوانەیە منداڵەکەت بەچەند هۆکارێکی جیاواز پیساییەکەی ڕاگرێت، کە دەکرێت بەهۆی ئەوەی ئازاری هەیە لە کاتی پیساییدا ڕایگرێت و نەهێڵێت کە بێتە دەرەوه، ئەگەر منداڵەکەت هەستیاری هەبێت بەرامبەر دایبی ئەوە ئازاری پیسایی کردنەکەی زیاتر دەبێت.

شیری وشک

کاتێک شیری وشک دەدەیت بە منداڵەکەت ئەگەری هەیە لە کاتی پێدانیدا کەمێک لە هەواش لەگەڵ شیرەکەدا بچێتە ناو گەدەی منداڵەکەوە، کۆئەندامی هەرس ئەم هەوایە بەشێوەی با دەکاتە دەرەوە، هەربۆیە ئەو منداڵانەی کە شیری وشک دەخۆنەوە دەرچوونی با لێیانەوە جارێک یاخود چەند جارێک لە ڕۆژێکدا ئاساییە، لەوانەیە تووشی قەبزی ببێت بەڵام زۆر نییە و ئەگەر منداڵەکەت بێتاقەت نییە پێویست ناکات نیگەران بیت.

خۆراکی تر

کاتێک دەست دەکەیت بە پێدانی خۆراکی جیاواز بە منداڵ کۆئەندامی هەرسیش گۆڕانی بەسەردا دێت، کێشەکانی گەدە و ڕیخۆڵە و باکردن دروست دەبێت و بەم هۆیەشەوە قەبزی دروست دەبێت، بۆیە دەبێت دایکان بزانن کە منداڵەکەیان چۆن خۆراکێکی پێ دەکەوێت.

کەمبوونەوەی ئاوی جەستە

ددان دەرهاتن، هەبوونی توێژی سپی لەسەر زمانی منداڵ (بۆقژە)، تووشبوونی میکرۆبی قوڕگ، سەرمابوون، تووشبوونی میکرۆبی گوێ، هەموو ئەمانە دەبنەهۆی نەمانی حەزی منداڵەکە بۆ شیر خواردن و لە ئەنجامدا منداڵەکە وشک دەبێتەوە و ئاوی جەستەی کەم دەکات، کەمی ئاوی جەستەش وادەکات پیسایی زیاتر ڕەق ببێت و نەیەتە دەرەوە.

نیشانەکان

ئەگەر منداڵەکەت تەنها بای لێ دەردەچێت و پیسایی ناکات، ئەوە ئەگەری هەیە کە تووشی قەبزی بووبێت و پێویستە ئاگاداری هەبوونی ئەم نیشانەی خوارەوە بیت:

  • گریان و بێتاقەتی زۆر
  • کەمبوونەوەی حەزی خواردن
  • پیسایی کەم کە هاتنە دەرەوەی ئاسان نەبێت
  • پاڵنانی نائاسایی و سووربوونەوە بەبێ ئەوەی پیساییەکە بێتە دەرەوە
  • پیسایەکە تۆپەڵ تۆپەڵی وشک و ڕەقە
  • هەبوونی پیسایەکی شل وەک سکچوون کە تێیدا پیساییەکی ڕەقی تێدایە
  • گرژبوونی توندی ڕیخۆڵەکان
  • ڕەقبوونی سکی

کەی پێویستە پەیوەندی بە پزشکەوە بکەیت؟

بەگشتی قەبزی ئاساییە و بەڕێگای خۆی لادەچێت بەڵام ئەگەر منداڵەکە هەر یەکە لەم نیشانانەی تری هەبوو، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پێ بکرێت:

  • ئەگەر منداڵەکە تازە لەدایکبووە و بە دەگمەن پیسایی دەکات.
  • ڕشانەوە
  • نەخواردنی خۆراک
  • گریانی زۆر
  • بای زۆری گەدە
  • چەمانەوەی منداڵەکە بۆ دواوە کاتێک کە ئازاری هەیە
  • هەبوونی خوێن لە کاتی زۆر پاڵناندا لە کۆمیدا
  • تا

چارەسەر

گۆڕینی شیری منداڵەکە

شیری دایک باشترین جۆری شیرە بۆ منداڵ، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت منداڵەکە هەستیاری بە شیری دایکی هەبێت بۆ ئەمەش دەبێت پزیشک بڕیار بدات دوای پشکنینی پێویست، هەروەها ئەگەر منداڵەکە شیری وشک دەخوات لەوانەیە پێویست بە گۆڕینی شیرەکەی بکات و ئەو شیرە نەگونجاو بێت بۆی، لەم کاتەشدا واباشترە پزیشک شیری گونجاوی بۆ دابنێت.

خۆراک

کاتێک منداڵ جگە لە شیر خۆراکی تری پێ دەدەیت، دەبێت ئاگاداری هەڵبژاردنی جۆرێکی خۆراکەکە بیت و سەرنج بدەیت بزانیت ئایا خۆراکێکی تایبەت نابێتە هۆی قەبزبوونی.
ئەو خۆراکانەی پێ بدە کە ڕیشاڵیان زۆر تێدایە.

سێو

کاتێک دەست دەکەیت بە پێدانی خۆراک بە منداڵەکەت سەرەتا سێوی پێبدە بەڵام بەبێ توێکڵەکەی، سێو کێشەی قەبزی ناهێڵێت.

زیادکردنی شلەمەنی

تاکوو تەمەنی شەش مانگی منداڵەکە شلەمەنی پێویست وەردەگرێت لە شیرەوە، دوای ئەوە وردە وردە ئاو و  کۆمەڵێک ئاوی میوەی فرێشی پێ دەدرێت، کە زیادکردنی ئەمانە منداڵەکە دەپارێزن لە قەبزی.

وەرزش

وەرزشکردن بە منداڵەکە و جووڵاندنی قاچی بۆ پێشەوە و سەرەوە بە مەبەستی جووڵەدان بە ڕیخۆڵەکانی.

شێلان

بەردەوام بە هێواشی سک و خوارەوەی سکی منداڵەکە بشێلە بەتایبەت کاتێک کە سکی ڕەق بووە، ئەمە یارمەتیدەرە تاکوو زووتر پیساییەکەی بکات.

گەرماوی گەرم

شۆردنی منداڵەکە لە گەرماوێکی گەرمدا یارمەتیدەرە تاکوو ماسولکەکانی سکی خاو ببنەوە.

شافی گلیسرین 

پزیشک شافی گلیسرینت بۆ دەنووسێت و هەڵیدەگریت بە منداڵەکەت بەمشێوەیە دوای نیو کاتژمێر یاخود کەمتر و زیاتر منداڵەکە پیسایی دەکات.

پاککردنەوە

لەم ڕێگایەدا پزیشک لە کۆمی منداڵەکەوە ئامێرێک دەکاتە ناوەوە، پێویستە سەرەتا ئامێرەکە کە لە شێوەی سۆندەیەکی باریکدایە چەور بکرێت و دواتر نزیکەی نیو ئینج لە نوکی ئامێرەکە دەکرێتە ناو کۆمی منداڵەکە، سرنجێکی گەورە دەهێنیت و دەیبەستیت لە سۆندەکە و دەبێت نزیکەی یەک بۆ سێ کەوچکی زەڵاتە ئاوی شلەتێنی تێدابێت، ئاوەکە بە ئارامی دەکەیتە ناو ڕیخۆڵەی منداڵەکەوە و دەبێت دڵنیابیتەوە لەوەی کە لەناو سرنجەکەدا بەهیچ شێوەیەک هەوا نییە و دواتر چەند خولەکێک چاوەڕێ دەکەیت تاکوو منداڵەکە پیساییەکە بکات، ئەگەر نەیکرد دەبێت دووبارە بکرێتەوە.


سەرچاوەکان



4210 بینین