هەڵوێستی گەورەکان لە کاتی شەڕکردنی منداڵەکاندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-20-23:44:00 - کۆدی بابەت: 8335
هەڵوێستی گەورەکان لە کاتی شەڕکردنی منداڵەکاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شەڕکردنی منداڵەکان حاڵەتێکی زۆر ئاساییە و هەموو منداڵێک شەڕ دەکات، هۆکاری شەڕەکان جیاوازە و زۆرجار لەسەر هۆکاری زۆر سادە و گەمژانە گەورەترین شەڕ دەکەن، بۆ نموونە خوشک و برا بچووکەکان لەوانەیە لەسەر ئەم هۆکارانە شەڕبکەن، کێ زووتر دەست بدات لە ئەوی تر، باوکمان کاممانی خۆشتر دەوێت، کاممان زووتر دابنیشین، هەموو ئەمانە و کۆمەڵێک هۆکاری تر ئاسایین و هەموو منداڵێک شەڕی لەسەر دەکات.

سوودەکانی

شەڕی منداڵ لەگەڵ ئەو هەموو کێشەیەدا کۆمەڵێک سوودیشی هەیه:

بونیادی کەسایەتی

کاتێک منداڵەکەت لە شەڕدا قسە دەخوات، یاخود لێدان دەخوات و دەیەوێت بەرگری لە خۆی بکات، یاخود دەیەوێت هەوڵی چارەسەری کێشەکە بدات هەموو ئەمانە هۆکارێکن تاکوو بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و بتوانێت کەسایەتییەکی بەهێز بۆ خۆی بونیاد بنێت.
بۆیە شەڕکردن ئاساییە و پێویستە ڕووبدات تاکوو منداڵ بتوانێت کەسایەتی خۆی بدۆزێتەوە.

تێگەیشتن 

سوودێکی تری ئەوەیە کە منداڵەکە دەتوانێت زیاتر لە خۆی و ژیان تێبگات و تواناکانی خۆی بۆ دەربکەوێت، بۆ نموونە هەمیشە کاتێک کە دەیەوێت یەکەم بێت و چەند جارێک دەیباتەوە، بەڵام جارێکیش دێتە پێشەوە کە ناتوانێت بیباتەوە و یەکەم بێت، بۆی دەردەکەوێت کە هەمیشە ناتوانێت بەوجۆرە بێت کە خۆی دەیەوێت.

دەبێت هەڵوێستی گەورەکان چۆن بێت؟

هانی مەدە بۆ کاری هەڵە

کاتێک منداڵەکەت شەڕ دەکات و بۆکسێکی لێ دەدرێت پێی مەڵێ کە تۆش دەتوانیت بۆکسێکی تری لێ بدەیتەوە، ئەمە هەڵەیە و منداڵەکەت فێری ڕق و تووڕەیی دەکەیت.

بابەتەکە گەورە مەکە

کاتێک دوو منداڵ شەڕ دەکەن تەنها ئەو ساتەیە و دواتر ئاشت دەبنەوە، بۆیە کاتێک دەبینیت منداڵەکەت لێی دراوە هێرش مەکەرە سەر ماڵی منداڵی بەرانبەر و بابەتەکە گەورە مەکە، چونکە لەمەدا تەنها شەرمەزاریت بۆ دەمێنێتەوە.
ئەوان منداڵن و شەڕکردن ئاساییە لە نێوانیاندا چونکە بەخێرایی لەبیری دەکەن بەڵام ڕەفتاری نەگونجاوی گەورەکان لەبیرناکرێت.

پشتگوێخستن

کاتێک دەبینیت دوو منداڵ شەڕ دەکەن دەبێت پشتگوێیان بخەیت، ئەویش بەو مەرجەی کە لە شەڕەکەیاندا لێدان و جنێوی تێدا نەبێت، کە لەم کاتەدا پێویستە ئاگاداریان بکەیتەوە، بەڵام زۆرینەی ئەم شەڕانە لەڕێگەی دەمە بۆڵەوەیە و قسەکردنی دایک و باوک تێیدا تەنها کارەکە قورستر دەکات.
هەندێک کات شەڕی منداڵەکان بۆ ئەوەیە گرنگییان پێ بدرێت و پێیان باشترە ئەگەر بەشێوازێکی نەرێنیش بێت هەر گرنگییان پێ بدرێت، بەڵام دایک و باوک گوێیان پێ نەدات و پشتگوێی بخات ئیتر ئامادە نین دووبارە شەڕ بکەنەوە.

پاراستنی یەکسانی

یەکێک لەو تەڵانەی کە لەوانەیە دایک و باوک بکەونە ناویەوە ئەوەیە کە بزانن ئایا کێ سەرەتا دەستی بە شەڕەکە کردووە و قسەی خراپتری کردووە، بەمەش بە شێوەیەکی نایەکسان سزای منداڵەکە دەدەن، گرنگە کاتێک منداڵەکان شەڕ دەکەن، پێکەوە سزا بدرێن و بەیەک شێواز بەمەش شەڕی نێوان منداڵەکان کەم دەکەیتەوە.

ڕێنوێنی بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارە

تەنانەت منداڵە زۆر بچووکەکانیش واتای شەڕنەکردن و دادپەروەری دەزانن، کاتێک منداڵەکانت شەڕ دەکەن فێری ڕێگاکانی چارەسەری کێشەکەیان بکە، چەند یاساییەکیان بۆ دابنێ.
بۆ نموونە منداڵەکانت فێربکە کە لەجێی گریانی زۆر و هاوار و لێداندا دانیشن و پێکەوە قسە بکەن و ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی کە دەیانەوێت.

پیاهەڵدان

کاتێک منداڵەکانت ئاشت دەبنەوە یاخود لەسەر شتێک ڕێکدەکەون و شەڕ ناکەن، دەست بکە بە پیاهەڵدان و دەست خۆشی لێکردنیان تاکوو بەردەوامبن لەسەر ئەم کارەیان.

ڕێنیشاندەرێکی باش بن

کاتێک خۆتان لە ماڵەوە بەردەوام شەڕ دەکەن و پێکەوە ناگونجێن، چۆن چاوەڕێ دەکەن منداڵەکانتان شەڕ نەکەن، دایک و باوک دەبێت ڕێنیشاندەری منداڵەکانیانبن.

خۆت کۆنترۆڵ بکە

کاتێک بەتەواوی منداڵەکانت تووڕەیان کردوویت هەوڵبدە خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت، منداڵ هەمیشە سەیر دەکات بزانێت دایک و باوک لە کاتی تووڕەبووندا چ جۆرە وەڵامدانەوەیەکیان دەبێت و چۆن ڕەفتار دەکەن.
هەوڵبدە خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت و بڕیاری خێرا نەدەیت، بە لووت هەناسەی قووڵ هەڵبمژە و بە دەم بیدەرەوە، کەمێک بچۆرە شوێنێکی کراوەوە و دواتر قسەیان لەگەڵ بکە.

هۆکارەکان بدۆزەرەوە

هەموو ئەو هۆکارانە بدۆزەرەوە کە منداڵەکانت لەسەری شەڕ دەکەن و دووریانخەرەوە، بۆ نموونە ئەگەر هەردووکیان لەسەر ڕەنگێکی تایبەتی کورسی شەڕ دەکەن، هەوڵبدە لەو ڕەنگە دوو کورسی بۆ هەردووکیان دابنێیت، یاخود مەهێڵە کەسیان لەسەر کورسی دابنیشن


سەرچاوەکان



808 بینین