بۆ بەهاری ١٩٤٦ - بەختیار زێوەر

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-02-02:09:00 - کۆدی بابەت: 8473
بۆ بەهاری ١٩٤٦ - بەختیار زێوەر

ناوه‌ڕۆك

بۆ بەهاری ١٩٤٦

بەرهەم: دیوانی بەختیار زێوەر
هۆنراوە: بۆ بەهاری ١٩٤٦
 
ئەرێ لە تەختی بەندەنا
بووە بە مێرغوزار
لە دۆڵ و شیو و چەمەنا
ڕەوانە جۆیبار
لە مێرگ و دەشت و گوڵشەنا
شەماڵی بێ قەرار
چییە چ باسە گوڵ ڕوان
بەدەستە چەشنی ئاهوان
بە ڕاز و عیشوە و و دوان
هەموو لە دەوری شار
ئەڕۆن بە کەیف و بێ جەخار
***
ئەرێ مەلانی زەرد و سوور
لە بۆشیی ئاسمان
هەموو بە دەنگی پڕ سروور
بە شەو یا بەیان
چییە کە دێنەوە لە دوور
بە دەستەی بێ وچان
لە بن چیاوە کانیاو
بە ڕەنگی شیری تازەساو
جگەلەوەی ئەدا لە چاو
لە وەرد و ناو بەیار
بە پێچ و دەورە دێتە خوار
***
وەلێ بەهاری نازەنین
ئەکەوتە ناو وڵات
لە ئاسمان هەتا زەمین
ئەگۆڕێ کائینات
مەل و گوڵ و دڵی حەزین
هیوا پەیا ئەکات
لە هاژەهاگی ئاوی چەم
لە پێکەنینی گوڵ بە دەم
ئەبیسترێ و ئەڵێ بە جەم
کە دەستی کردگار
بە ڕێکی دەرئەخا نیگار
***
منیش هەموو دەمێ لەلام
بەهارە فەسڵی خۆش
بە نەشئەی دڵ و غەرام
ئەکەومە عەیش و نۆش
ئەمانە خۆشە بەڵام
لەکن سەری بەهۆش
بەرامبەری جیهان و ژین
لەبۆ ئەوەی کە باش بژین
ئەبێ بە هەوڵ و ڕاپەڕین
بە ڕەنج و ئیش و کار
بەهار بکەین بە دوو بەهار


سەرچاوەکان



191 بینین