دیسان چەمەن لە ڕەوزەیی خولدی بەرین ئەکا - بێخود

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-05-02-18:27:00 - کۆدی بابەت: 8477
دیسان چەمەن لە ڕەوزەیی خولدی بەرین ئەکا - بێخود

ناوه‌ڕۆك

دیسان چەمەن لە ڕەوزەیی خولدی بەرین ئەکا

شاعیر: بێخود

بەرهەم: دیوانی بێخود

ناوی شیعر: دیسان چەمەن لە ڕەوزەیی خولدی بەرین ئەکا

 

ناگا بە سەروی قامەتی ئەو شۆخە ئاهی من

ئەو لەنجەیەی سەبا بە قەدی یاسەمین ئەکا

بۆ دەفعی ژانەسەر ڕەشەڕێحانە یەک چڵی

کاری هەزار سەندەل و سەد موشکی چین ئەکا

ڕۆح بۆ نەکا فیدایی سەبا بوڵبوڵی فگار

هەر تاقە سروەیێکی دەوای سەد برین ئەکا

بولبول خەریکە تەوقی سەری هەڵکەنێ بە چنگ

گوڵچین کە دێتە باخ و تەمای گوڵ چنین ئەکا

زاهید کە سەیری پەرچەمی سونبوڵ ئەکا ئەڵێ

ئەم ڕشتە بادراوە لە حَبلُ المَتین ئەکا

هەر فەجری کازیبە و کە ئەشوبهێ بە زوڵفی یار

هەر سوبحی سادیقە و لە بەیازی جەبین ئەکا

هەر لالەیە و میسالی شەفەق سوور ئەچێتەوە

هەر ژاڵەیە و لە ئەنجومی چەرخی بەرین ئەکا

هەر بەردی جۆیبارە سپی و سافە وەک سەدەف

هەر شەونمە لە دانەیی دوڕڕی سەمین ئەکا

هەر یاکەریمی قومرییە تەئسیر ئەکا لە دڵ

هەر زیکری عەندەلیبە لە ناڵەی حەزین ئەکا

هەر تەیر و توورە وەک من ئەخوێنن لە خۆشیا

هەر باخەوانە ئارەزووی هەڵپەڕین ئەکا

ئەی باخەوان مەزانە کە زستان گەڕایەوە

موژدەم بەرێ کە بۆ چلە ئەم بەفرە شین ئەکا

ئەم شایی و سروورە لە شەوقی بەهارە، یا...

عەشقی گوڵێکە عەفووی هەموو موزنیبین ئەکا؟

زاتێکی وا بە ڕەحمە لە ڕۆژی شەفاعەتا

هەرچی جەهەننەمی هەیە جەننەتنشین ئەکا

ڕۆح فەرشی ڕێی کەسێکە کە مەجمووعی کائینات

بۆ پێی موبارەکی لە پەڕەی دڵ سەرین ئەکا

پێغەممەرێکە لێرەوە تا عەرشی ئیزەدی

تەییی ئەوەندە ڕێگە بە یەکدەم یەقین ئەکا

خورشیدی مەحز ئەگەر نییە یاران لە ئایەتا

ناوی شەریفی بۆچی خودا «یێ» و «سین» ئەکا

قوربانی ئەو خوایە کە تیفلێکی بێ پدەر

ساحێب سوپا و ڕایەت و تەخت و نگین ئەکا

قوربانی ئەو خودایە کە دوڕڕێکی وا یەتیم

بۆ شەوچرایی ئێمە لە ماء و لە طین ئەکا

ئیحیای مەسیح ئەگەر نەفەسێ بوو، جەنابی ئەم

تا ڕۆژی یَوْمَ یُنْفَخُ ئیحیایی دین ئەکا

حەسسان بە یادی قامەتی مەوزوونی ئێستەکەش

گەر تێ بگەی لە مەسرەعی ئاه و ئەنین ئەکا

چۆن خەتمی نەعتی ئەو بە من ئەکرێ کەوا خوا

هەر بەو ڕەسوولە خەتمی هەموو موڕسەلین ئەکا

بێخود لە فەیزی نەعتی علیه السّلام ەوە

هەرکەس کەلامی تۆ ببیێ ئافەرین ئەکا


سەرچاوەکان



219 بینین