بیڵی ئایڵش

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-03-14:31:00 - کۆدی بابەت: 8487
بیڵی ئایڵش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بیڵی ئایڵش (بە ئینگلیزی: Billie Eilish) گۆرانیبێژێکی ئەمریکییە، لە ١٨\١٢\٢٠٠١ لە لۆس ئەنجلسی سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە، ماگی بایرد کە دایکی بیڵییە مامۆستا و ئەکتەرێکی بەتوانایە و باوکیشی پاتریک ئۆکۆنێل ئەکتەرە و هەردووکیان بە هەمان شێوە مۆسیقاژەنن. بیڵی لە هایلاند پارکی لۆس ئەنجلس گەورەبووە.
دایک و باوکی بڕیاریاندا کە بیڵی و فینیێس کە برایەتی، لە ماڵەوە قوتابخانە تەواو بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کاتیان لەگەڵ بەسەر ببەن و منداڵەکانیان بتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن. دایکی توانییەتی یارمەتی بیڵی و براکەی بدات بۆ فێربوونی نەک تەنها مۆسیقا بەڵکو نواندن، وێنەکێشان و سەماکردنیش. 

بیڵی لەگەڵ ژینگەیەکی تەواو جیاواز لە هەرزەکارانی تر گەورە بووە و توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا ئەزموونێکی زۆر پەیدا بکات.  پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ گوێگرەکانیدا هەیە و بە یەکێک لە خۆشەوستترین گۆرانی بێژەکان دادەنرێت بەهۆی تێکەڵی و سادەییەکەیەوە، توانیویەتی جیاوازی لە ژیانی زۆر کەسدا دروستبکات و وەکو هاندەرێکی خۆیان بەپێی ئەوەی زۆرکەس لە ئێستادا بە خەمۆکییەوە دەناڵێنن و بیڵی توانیویەتی بیبەزێنێت.

ژیانی هونەری

لە ٢٠١٥ و کاتێک بیڵی ١٣ ساڵان بوو لەگەڵ براکەیدا بڕیاریاندا بەیەکەوە کار بکەن، براکەی شارەزایی هەبوو بەپێی ئەوەی خۆی لە باندێکدا بە ناوی (The Slyghtlys) کاری دەکرد و گۆرانی دەنووسی، لە ٢٠١٥ براکەی گۆرانیەک بە ناوی (ئەو تێکشکاوە - She’s Broken) و بیڵی گۆرانیەک بە ناوی (هیوام وایە - Fingers Crossed) بەرهەم دەهێنن و لە ساوند کڵاود (Sound Cloud) بڵاوی دەکەنەوە.
لە ١٨\١١\٢٠١٥ بیڵی گۆرانیەک بە ناوی (چاوە ئۆقیانووسییەکانی - Ocean Eyes) بڵاودەکاتەوە کە لەلایەن براکەیەوە نووسراوە و کاری لەسەر کراوە بەڵام بەخشیویەتی بە بیڵی کاتێک مامۆستای مۆسیقاکەیان فرێد دیاز داوای لێکردوون کە گۆرانیەک پێشکەش بکەن بۆ وانەکەیان، بیڵی و براکەی گۆرانیەکە لە ساوند کڵاود بڵاودەکەنەوە بە مەبەستی ئەوەی مامۆستاکەیان بتوانێت داگرتن (داونلۆد)ـی بکات بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە ماوەی دوو هەفتەدا چەندین سەدەها هەزار گوێگری دەبێت. لە ٢٠١٦ بیڵی توانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئاپڵ میوزیک و شانێڵ ببەستێت و هەر لە ٢٠١٦ گرتەیەک بۆ گۆرانی Ocean eyes دەکرێت و لەسەر کەناڵی یوتوبی بیڵی بڵاودەکرێتەوە و تاکو تاکوو ٢٠٢٠ نزیکەی ٣٩٤ ملیۆن گوێگری هەبووە.
بەهۆی سەرکەوتنەکانی Ocean eyes، لە ٢٠١٧ چەندین ڕیمیکسی بە ناوەکانی (ورچی ڕەش، خانووی زێڕ، گڵی بە ئاگا) بڵاوکردەوە. پاشان بەڕێوەبەری کارەکانی بیڵی گرێبەستێکیان لەگەڵ سپۆتیفای (Spotify) بەست، چەندین دەرکەوتن و ڕێکلامیان لە ڕێگەی کۆمپانیاکەیانەوە بۆ کرد و جیهانی مۆسیقا زیاتر و زیاتر بە بیڵی ئاشنا بوو. 
ئەلبوومی (کاتێک دەخەوین دەچین بۆ کوێ - When We All Fall Asleep Where Do We Go) لە ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە و لەلایەن سپۆتیفایەوە پشتگیری کرا و چەندین ڕێکلامی بۆ کرا و لە هەموو شوێنێک تەنانەت ڕادیۆکانیش دەبیسترا، ئەلبوومەکەی توانی یەکەمی ڕیزبەندی ٢٠٠ باشترین ئەلبوومی هەفتە لە ئەمریکا و بەریتانیا بەدەست بهێنێت و بوو بە یەکەم لەدایکبووی ٢٠٠٠ـەکان ئەلبوومەکەی ڕیزبەندی یەکەم بەدەست بهێنێت لە مێژوودا. لە ٧\٢٠١٩ ڕیمیکسێک بۆ گۆرانی (Bad Guy) بڵاوکردەوە کە گۆرانیبێژ جەستن بیبەریش تیایدا بەژدار بوو، توانی ڕیزبەندی باشترین گۆرانی هەفتە بەدەستبهێنێت و ڕیکۆردەکەی Lil nas بوەستێنێت. 
لە ٢٠٢٠ توانی خەڵاتەکانی (باشترین هونەرمەندی نوێ، ڕیکۆردی ساڵ، باشترین گۆرانی ساڵ و باشترین ئەلبوومی ساڵ) بەدەست بهێنێت.
لە ٣٠\٧\٢٠٢١ ئەلبوومی (لە هەموو کاتێک دڵخۆشتر - Happier Than Ever)ـی بڵاوکردەوە و لەناو ئەلبوومەکەدا تراکێک هەیە بە هەمان ناوەوە کە توانی ناسراوترین و گوێلێگیراوترین تراکی ئەلبوومەکە بێت.

ژیانی تایبەتی

بیڵی هەر لە منداڵیەوە ڕووەکی بووە و چەندین بڵاوکراوەی دژی خواردنی ئاژەڵەکان بڵاوکردۆتەوە. تا ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ دایک و باوکی دەژیا، پاشان بڕیاریدا لێیان جیاببێتەوە و بەتەنیا بژی. بیڵی ئاماژەی بەوە داوە کە خەمۆکی هەبووە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە بەڵام ڕاپەری ئەمریکی تێنتاسیۆن XXXtentacion یارمەتی داوە و بەپێی کات توانیوتەتی ڕزگاری ببێت و خەمۆکی ببەزێنێت.


سەرچاوەکان



552 بینین