زینۆن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-08-20:39:00 - کۆدی بابەت: 8566
زینۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زینۆن (بە ئینگلیزی: Xenon) توخمێکی کمیاییە و هێماکەی بریتییە لە Xe. گەردیلە ژمارەکەی دەکاتە 54. دەکەوێتە کۆمەڵەی گازە خانەدانەکەوە، توخمێکی چڕ و بێ‌ڕەنگ و بێ‌بۆنە. بە بڕێکی زۆر کەم لە بەرگەهەوای زەویدا بوونی هەیە. بەشێوەیەکی گشتی ناچالاکە، توانای چەند کارلێکێکی کەمی کیمیایی هەیە.

مێژوو

زینۆن بۆ یەکەمجار لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٨٩٨ لە ئینگلتەرا لەلایەن کیمیاگەری سکۆتلەندی (ویلیام ڕامزی) و کیمیاگەری ئینگلیز (مۆریس تراڤێرس)ـەوە دۆزرایەوە، ئەم دۆزینەوەیە ماوەیەکی کەم لەدوای دۆزینەوەی هەردوو گازی خانەدانی نیۆن و کریپتۆنەوە بوو. زینۆنیان لە پاشماوەی دوای هەڵماندنی پێکهێنەرەکانی هەوای شلەوە دۆزییەوە. ڕامزی ناوی زینۆنی لە دەستەواژەی یۆنانی xénon وەرگرتووە کە بە واتای نامۆ یان ڕێبوار دێت.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە 54
کۆمەڵە کۆمەڵەی 18 (گازە خانەدانەکان)
خول خولی 5
خشتۆک  p-block
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Kr] 4d10 5s2 5p6

فیزیایی

دۆخ (لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا) گاز
ڕەنگ بێ‌ڕەنگ
بۆن بێ‌بۆن
پلەی شلبوونەوە −111.75 پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان −108.099 پلەی سیلیزی
چڕی 5.894 g/L

کیمیایی

بۆ چەندین ساڵ وا بیردەکرایەوە کە زینۆن بە تەواوی ناچالاک بێت، ناچالاکی واتە توانای نەبێت لەگەڵ توخمەکانی تردا کارلێک بکات. تاکوو ساڵی ١٩٦٢ زانایەکی ئینگلیز بە ناوی (نیل بارتلێت) فلۆریدی پلاتینی زینۆنی بەرهەم هێنا (XePtF6)، بەم شێوەیەش بارتلێت بوو بە هاندەر بۆ کیمیاگەرەکانی تر تاکوو هەوڵی دروستکردنی ئاوێتەی تری زینۆن بدەن. کیمیاگەرەکان چەندین ڕێگایان دۆزییەوە بۆ دروسکردنی چەندین ئاوێتەی وەک دووانە فلۆریدی زینۆن (XeF2)، چوارە فلۆریدی زینۆن (XeF4)، شەشە فلۆریدی زینۆن (XeF6)، سیانە ئۆکسیدی زینۆن (XeO3) و ئۆکسیدی چوارە فلۆریدی زینۆن (XeOF4).

بوونی لە سروشتدا

بەرگەهەوای زەوی نزیکەی 0.1 بەش لە ملیۆنێک لە زینۆن پێکهاتووە. توێژینەوەکان ئەوەیان دیاری کردووە کە بەرگەهەوای هەسارەی مەریخ دەکرێت نزیکەی هەمان بڕ لە زینۆنی تێدا بێت. ئەم توخمە لە توێکڵی زەویدا بوونی نییە و نەدۆزراوەتەوە.

هاوتاکان

زینۆن نۆ هاوتای هەیە. هاوتا واتە ئەندامی خێزانی یەک توخم کە هەمان ژمارەی پڕۆتۆنیان هەیە، بەڵام ژمارەی نیوترۆنەکانیان جیاوازە، ژمارەی پرۆتۆن دیاریکەری توخمە و بۆ هەر توخمێک نەگۆڕە، بەڵام ژمارەی نیوترۆن دەکرێت لە جۆرەکانی هەمان توخمدا جیاواز بێت. نۆ هاوتاکەی زینۆن بریتیین لە: زینۆن-124، زینۆن-126، زینۆن-128، زینۆن-129، زینۆن-130، زینۆن-131، زینۆن-132، زینۆن-134 و زینۆن-136. هاوتاکان بەپێی بارستە ژمارەکەیان جیاوازن، ئەو ژمارە جیاوازانەی لە تەنیشت ناوی زینۆنەوە تایبەت کراون بە هەر هاوتایەک ئاماژەن بۆ بارستە ژمارەکەیان. 

بەکارهێنانەکان

  • زینۆن لە چەندین سەرچاوەی ڕووناکیی تایبەتدا بەکاردێت. کاتێک بەهۆی خاڵیبوونەوەی کارەباییەوە هان دەدرێت ڕووناکییەکی جوانی درەوشاوەی شین دەردەکات.
  • گڵۆپەکانی زینۆن لە دروستکردنی ئەو فلاشە ڕووناکی خێرایانەدا کە تایبەتن بە کاری فۆتۆگرافی، ئەو گڵۆپانەی کە تایبەتن بە پێگەیاندن و ئامادەکردنی خۆراک بەکاردێن. 
  • سیستمی ئایۆنەکانی ڕادان و پاڵنانی زینۆن لە زۆربەی مانگە دەستکرد و کەشتییە ئاسمانییەکاندا بۆ هێشتنەوەیان لە بۆشایی ئاسماندا بەکاردێت.
  • دووانە فلۆریدی زینۆن لە دروستکردنی 5-fluorouracil دا بەکاردێت، کە جۆرێکی دەرمانە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک جۆری نەخۆشی شێرپەنجە بەکاردێت.


'


سەرچاوەکان



935 بینین