جەمال نەبەز

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-09-08:06:00 - کۆدی بابەت: 8577
جەمال نەبەز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەمال نەبەز (بە ئینگلیزی: Jamal Nebez، بە عەرەبی: جمال نبز) زمانزان، ڕۆژنامەنووس، مێژوونووس، نووسەر و وەرگێڕێکی کوردە، لە پەنجاکانی سەدەی بیست هەریەک لە شەریعەتی ئیسلامی و فەلسەفە و خواناسی و فیزیا و بیرکاری لە زانکۆی بەغداد خوێندووە. لە ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا لە بەرلین کۆچی دوایی کرد.

ژیان

لە ١٩٣٣/١٢/١ لە شاری سلێمانی لە خێزانێکی ناسراو لەدایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە و ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٥٠ کۆلێجی زانستی زانکۆی بەغدای تەواو کرد‌ووە و لە وانەکانی فیزیا‌ و بیرکاری پسپۆڕی وەرگرت.
شەش ساڵ وەک مامۆستا وانەکانی فیزیا‌ و بیرکاری لە قوتابخانە ئامادەییەکانی شارەکانی هەولێر‌ و کەرکووک‌ و بەغدا‌ و بەسڕە وتووەتەوە. ساڵانی (١٩٥٦-١٩٥٧) سەردانی وڵاتانی سووریا‌ و لوبنان‌ و ئێرانی کردووە و چەندین کەسایەتی فیکری‌ و ڕووناکبیریی کوردی لەو وڵاتانە بینی‌ و گفتوگۆی چڕی رووناکبیری لەگەڵ کردوون‌ و چەند بەرهەمێکی ئەدەبییان بە زمانی کوردی چاپکرد.

ساڵی ١٩٦٢ بەیەکجاری کوردستانی بەجێهێشت‌ و سەرەتا چووە سویسرا، دواتر لە وڵاتی ئەڵمانیا گیرسایەوە.

لە هەریەک لە زانکۆکانی میونخ، فۆرتسبۆرگ و هامبۆرگی ئەڵمانیا درێژەی بە خوێندن دا‌ و بەشەکانی زانستی ئسوڵی خوێندنی ئیسلامی‌ و ئێرانی‌ و زانستی سیاسەت‌ و ڕۆژنامەگەری و یاسای خوێند. دواتر وەک مامۆستای زانکۆ لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە‌ و ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستی‌ و پەیمانگاکانی زمان‌ و وەرگێڕان خزمەتی کرد. لە سەرەتای ژیانی لاوی‌ کە خوێندکاری زانکۆی بەغدا بووە، بایەخی بە نووسین داوە‌ و وتارە سیاسی‌ و کۆمەڵایەتییەکانی لە ڕۆژنامەکانی بەغداد بە زمانی عەرەبی بڵاو کردووەتەوە. د.جەمال نەبەز خاوەنی خەرمانێک بەرهەمی مێژوویی‌ و ئەدەبی‌ و زانستی‌ و ڕۆژنامەگەری‌ و زمانە‌وانییە. لەو بوارانەدا خزمەتێکی گەورەی بە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی کردووە.

کە لە شاری کەرکووک مامۆستای بیرکاری‌ و فیزیا بووە بە زمانی کوردی ئەو دوو وانەیەی وتووەتەوە‌ و یەکەم کەسیش بووە کە کتێبێکی بۆ وانەی فیزیا بە زمانی کوردی دانا‌ و ساڵی ١٩٦٠ بڵاوی کردەوە. لە ماوەی سێ ساڵدا لە هەریەک لە کەرکووک و هەولێر وانەی وتووەوە. دواتریش سێ ساڵ لە بەغداد و بەسڕە مامۆستا بووە. 

ساڵی ١٩٦٥ لە ئەڵمانیا کاتێک لە میونخ خوێندکار بوو، یەکیەتی نیشتمانیی قوتابیانی کوردی لە ئەورووپا دامەزراند، ئەمەش بە هاوکاری هەریەک لە هاوڕێکانی، بروسک ئیبراهیم و لەتیف عەلی. ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی ئەکادیمیای زانست و هونەری کوردی لە ستۆکهۆڵم کردەوە. لە نێوان  ساڵانی حەفتاکان و سەرەتاکانی ١٩٨٠کان، چەند پۆستێکی گرتە ئەستۆ. لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٧٢ وەک وانەبێژ لە زانکۆی ئازادی بەرلین لە پەیمانگای ئیتنیۆلۆجی کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٧٨ مامۆستای پەیمانگای فیقهی زمانی فارسی بووە. ١٩٧٢-١٩٧٦ کارمەندێکی زانستی بواری زانستی ڕۆژهەڵاتناسی بووە لە دامەزراوەی توێژینەوە ئەڵمانییەکان (Deutsche Forschungsgemeinschaft).  لە ساڵی ١٩٧٨ تا ١٩٨٢ وەک پرۆفیسۆری یاریدەری بابەتە ئیسلامی و فارسی و زمانە ئێرانییەکانی تر خزمەتی کردووە. لە ساڵانی ١٩٧٨ تا ١٩٨٣ وەک تاقیکاری وەرگێڕەکانی زمانی فارسی بووە لە بەرلین  لە  (Staatliches Institut für Dolmetscher und Übersetzer). هەروەها لە وەزارەتی ڕووناکبیری و زانستی باڤاری تاقیکاری وەرگێڕ و وەرگێڕانی کوردی بووە. لە ژیانیدا چەندین کاری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، وەک بەرهەمەکانی نیکۆلای گۆگۆل و ویلیام شکسپیر

کۆچی دوایی

ڕۆژی ٢٠١٨/١٢/٨ لە بەرلینی پایتەختی وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

بەرهەمەکان

  • چیرۆکی گەرداوەکە (بە ئینگلیزی: "The Tempest") ھی نووسەری ئینگلیز ویلیام شێکسپیر، وەرگێڕدراوی جەمال نەبەز ساڵی ١٩٥٥
  • لالۆ کەریم؛ ڕۆمانێکی کوردییە لە ساڵی ١٩٨٦ لە ھەولێر
  • خوێندەواری بە زمانی کوردی لە ساڵی ١٩٨٧
  • نووسینی کوردی بە لاتینی
  • وەرگێران ھونەرە، چاپخانەی ژین
  • پالتۆ (بە ئینگلیزی: "The Coat") لە ساڵی ١٩٥٨ ھی نووسەری بەناوبانگ نیکۆڵای گۆگۆل
  • سەرەتای میکانیک و خۆمالەکانی ماددە
  • زمانی یەکگرتووی کوردی، ساڵی ١٩٧٩
  • ھەندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردی سۆسیالزم لە ساڵی ٢٠٠١
  • ڕۆژانی ئاوارەییم، لە سویس
  • کاژیک پێشخان و پاشخانەکانی، ساڵی ٢٠١٥
  • المستضعفون الکرد و أخوانهم المسلمون.
  • باسنامە.
  • بیری زانستانە یان لێدانی باڵۆرەی تڕڕ…م پڕڕ…م-پف ف.
  • بیری نەتەوەییی کوردی، نە بیری ‌قەومیەتی ڕۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایییە، چاپی دووەم.
  • بیرەوەریینامەی ئەو ڕۆژانەی جارەکی دیی ناگەڕێنەوە.
  • بەرکوڵێکی خەرمانی کوردناسیی لە ئەوروپا.
  • پێوەندارێتیی کوردی کورد کێیە و کورد بوون مانای چی؟
  • تصريحات هامة للمفکر الکردي جمال نبز.
  • جرتوفرتی ئەم دووایی یەی جەلال تاڵەبانی بۆ ڕێککەوتنی لەگەڵ بەعسیەکانی بەغدادا ١٩٨٤/١/٦.
  • جەمال نەبەز – کۆبەرهەم ٧.
  • چەند موحازەرەیەک دەربارەی زمانی کوردی و شێوەی وتنەوەی بۆ…
  • حول المشکلة الکردية.
  • خوێندەواری بە زمانی کوردی.
  • رۆژانی ئاوارەییم لە سوێسرە.
  • زمانی یەکگرتووی کوردی.
  • سەرنجێک لە چەند زاراوەیەکی تازە بەکار هاتوو و کۆڕی زانیاری کورد.
  • سەرەتای میکانیک و خۆماڵەکانی ماددە.
  • فەرهەنگۆکی زانستی: دەستنووس.
  • فەلسەفە و رامانی یارسانی لە فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردەواریدا.
  • گۆڕیننامه؛ رەوتی گۆڕین له گۆڕەپانی هزریی رامیاریی کۆمەڵگەی کوردەواریدا.
  • گۆڤاری نیشتمان.
  • لالۆ کەریم: چیرۆکێکە لایەک لە دەردی ژیانی کۆمەڵایەتیمان دەرئەخات.
  • من شێواندومە لێتان یان هەر خۆتانن سەرلێشێواو.
  • من شێواندوومە لێتان.. یان هەر خۆتان سەر لێ شێواون.
  • ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالی کورد.
  • نووسینی کوردی بە لاتینی.
  • هێندێک لە کێشە بنەڕەتیەکانی قوتابخانەی کوردیی سۆشیالیزم.
  • هەندیک زاراوەی زانستی.
  • هەولێرەکۆن پەنجا ساڵ لەمەوبەر (پاییزی ١٩٦٠ پاییزی ١٩٦١).
  • وشەنامەکی ئیتیمۆلۆژیای زمانی کوردی.
  • وەرگێڕان هونەرە.
  • کوردانی سەرگەردان و برا موسوڵمانەکانیان.
  • کوردایەتی؛ بزووتنەوە و بڕوا و رژێمە.
  • کوردستان و شۆڕشەکەی.
  • کۆبەرهەم ٦.
  • کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوە و یەکێتیی کورد کاژیک ١٩٥٩/٤/١٤ پێشخان و پاشخانەکانی.
  • الامير الکردي، مير محمد الرواندزي الملقب ب(ميري کۆرە)، ت: فخري شمس‌الدین.


سەرچاوەکان



635 بینین