شەرم شێخ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-30-17:58:00 - کۆدی بابەت: 8842
شەرم شێخ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

شەرم ئەلشێخ یان شەرم شێخ (بە عەرەبی: شرم الشیخ، بە ئینگلیزی: Sharm El Sheikh) شارێکی گەشتیاری وڵاتی میسڕە، دەکەوێتە باشووری سەر کەنار ئاوەکانی دەریای سووری پارێزگای باشووری سینا لە میسڕ.
گرنگی ناوچەکە شوێنی جوگرافییەکەیەتی، کە هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا لەسەر کەنار ئاوەکانی پارێزگای دوورگەی سینا و دەریای سوور لەنێوان هەردوو کەنداوی سوێس و عەقەبەوە پێکەوە دەبەستێتەوە.
ڕووبەری شارەکە 480 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 35 هەزار کەسە.
کەشوهەوای ناوچەکە گەرمەسێرە، هاوینی زۆر گەرمە و ڕادەی شێ تێیدا بەرزە، زستانی سارد و وشکە و ڕێژەی باران بارینی زۆر کەمە.

واتای ناوەکەی 

"شرم الشیخ" لە دوو بڕگە پێکهاتووە، لە زمانی عەرەبیدا "شرم" واتای کەنداو یان کەنار ئاوە، "شیخ" واتا سەرۆک عەشیرەت و خێزان یان سەرگەورە و دەسەڵاتداری ناوچە، لە ڕابردوودا شێخی هۆزێکی گەورەی گوندنشینەکان لەو ناوچەیە نیشتەجێ بووە و ناوچەکە بە "شرم الشیخ" - شێخی کەنداو" ناوبانگ بووە و هەر بەو ناوە ماوەتەوە.
هەروەها بە "مدينة السلام - شاری ئاشتی" ناسراوە بەهۆی ئەوەی شوێنێکە کە لە ڕابردوودا ژمارەیەک پەیماننامە و ئاگربەستی ئاشتی نێوان فەڵەستینی و ئیسڕائیلییەکانی تێدا بەستراوە.

مێژووەکەی

لە کۆندا ئەم ناوچەیە شوێنێکی دوورەدەست بووە و دانیشتوانی کەم بووە و زۆرینەیان کاری ڕاوەماسییان کردووە، بەڵام دوای جەنگ و نسکۆی عەرەبی و داگیرکردنی شارەکە لە ساڵی 1967 تاکوو ساڵی 1982 لەلایە ئیسرائیلەوە ئەم ناوچەیه بووژایەوە. لە ساڵی 1967 دوای هەڵگیرسانی جەنگی عەرەب و ئیسڕائیل، پاشان نسکۆ و شکستهێنانی عەرەب له فەڵەستین، ئیسرائیل ناوچەکەی داگیر کرد و تا سەرەتای هەشتاکان ناوچەکە لەژێر داگیرکاری ئەوان ماوەتەوە، دوای بەستنی "ڕێکەوتننامەی کامپ دەیڤد" و "پەیماننامەی ئاشتی" داگیرکارییەکە کۆتایی هات و شارەکە گەڕایەوە ژێردەسەڵاتی میسڕ.
لەو سەردەمەدا شەرم شێخ بووە ناوچەیەکی گەشتیاری و بووژانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی بەرژەوەندی خۆیانەوە ئیسرائیلییەکان بایەخێکی زۆریان بە کەرتی گەشتوگوزاری لە ناوچەکە دا، تەنانەت چەندان مۆڵگەی سەربازی و نیشتەجێبوونی تێدا بنیاتنرا.
بەهۆی پێگه گرنگەکەیەوە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکوو سەردەمی ئێستا زۆرێک لە لوتکە عەرەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا  کونگرە جیهانییەکان، کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتە عەرەبییەکان لەم شارە دەبەسرێت و ئەنجام دەدرێت.

کەرتی ئابووری 

بە شێوەیەکی سەرەکی بواری ئابووریی شارەکە بەند و پەیوەستە بە گشتوگوزاری ناوخۆیی و دەرەوەی وڵات، زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی گەشتوگوزار لەو بوارە لە شارەکە وەبەرهێنان دەکەن، هاوکات سەرچاوەی ئاوی و سامانی ماسی لە گرنگترین لایەنی ئابووریی شارەکەن ئاو و کەنداوەکانی ناوچەکه نزیکەی هەزار جۆر ماسی لەخۆدەرێت.

کەرتی گەشتوگوزاری

بەهۆی شوێنی جوگرافی و کشوهەواکەیەوە بووەتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری وڵاتی میسڕ، چەندان هاوینەهەواری گەشتیاری تێدا دروستکراوە و گەشتیاران لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە سەردانی دەکەن، ناوچەکە ناوەندێکە بۆ وەرزشە ئاوییە هەمەجۆرەکان نموونەی مەلەکردن، ژێرەمەلە و ژێرئاوکەوتن.
شارەکە فڕۆکەخانەی تایبەت بەخۆی هەیه لە ساڵی 1982 دروستکراوە و کارئاسنی گواستنەوە بۆ گەشتیاران کراوە، فڕۆکەخانەی شارەکە ڕێژەی 20%ـی جووڵە و چالاکییە فڕۆکەوانییەکانی میسڕ پێکدەهێنێت، کە ساڵانە توانای پێشوازی کردنی لە هەشت ملیۆن گەشتیاری هەیە. 
لە شارەکە بەندەری شەرم شێخ بوونی هەیە کە سەر بە بەندەرە سەرەکییەکانی سەر دەریای سوورە.
شەرم شێخ خاوەن دوو دوورگەیە بە ناوەکانی "تیران" و "سەنافیر" کە لە ناوچەکەدا دوو ناودارترین دوورگەن، هاوکات ناودارترین کەنداوی شارەکە "کەنداوی نیعمەیە" کە کەنداوێکی سروشتییە و دەکەوێتە نێوان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا.
شاری شەرم شێخ نزیکەی 200 میوانخانە و 2000 هاوینەهەوار، چێشتخانە، گازینۆ و باڕی لەخۆگرتووە.


سەرچاوەکان



529 بینین