جیرارد پیکێ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-06-03:23:00 - کۆدی بابەت: 8916
جیرارد پیکێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیرارد پیکێ بێرنابیۆ (بە ئینگلیزی: Gerard Pique Bernabeu, بە عەرەبی: جيرارد بيكيه). یاریزانێکی پیشەگەری هێڵی بەرگری یانەی بارشەلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیایە. لە ٢\٢\١٩٨٧ لە شاری بارشەلۆنەی وڵاتی ئیسانیا لەدایکبووە. بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی نەوەی خۆی دادەنرێت.

ناوی تەواوەتی جیرارد پیکێ بێرنابیۆ
ناوی کورتکراوە پیکێ
بەرواری لەدایکبوون ٢\٢\١٩٨٧
شوێنی لەدایکبوون بارشەلۆنە، ئیسپانیا
باڵا ١٩٤ سانتیمەتر
شوێنی یاریکردن دڵی بەرگری

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

بەپێی ئەوەی پیکێ لە شاری بارشەلۆنە لەدایکبووە سەرەتاکانی ژیانی وەرزشی لە یانەی بارشەلۆنەی منداڵان دەستپێکردووە. 

مانچستەر یونایتد

پیکێ لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە کرد. لە سەرەتای وەرزی ٢٠٠٤-٢٠٠٥ زیاتر لەسەر کورسی یەدەگ دەبینرا بەڵام پاش ئەوەی توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، وەکوو یاریزانێکی سەرەکی یاری کرد و لە ساڵی ٢٠٠٥ گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ یانەی مان یونایتد درێژکردەوە.

گەڕانەوەی بۆ بارشەلۆنە

لە ١٧\٥\٢٠٠٨ گرێبەستێکی ٤ ساڵی بە بڕی ٥ ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ یانەی بارشەلۆنەدا کرد. پیکێ دەربارەی گەڕانەوەکەی ووتویەتی: هەرگیز بڕوام نەدەکرد بگەڕێمەوە بۆ یانەی منداڵیم بەڵام زۆر دڵخۆشم لەم یانەیە و هەوڵی تەواوەتی دەدەم. لە ٢٧\٥\٢٠٠٩ و لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکاندا بارشەلۆنە ڕووبەڕووی یانەی پێشووی پیکێ مانچستەر یونایتد بوونەوە کە تیایدا بارشەلۆنە بە ئەنجامی ٢-٠ یارییەکەیان بردەوە و نازناوەکەیان بەدەست هێنا. لە ٢٦\٢\٢٠١٠ پیکێ گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠١٥ درێژکردەوە. لە ٧\١٢\٢٠١٠ پیکێ بۆ یەکەمجار لە یارییەکدا ئەرکی کاپتنی پێبەخشرا. لە ساڵی ٢٠١٠-٢٠٢٢ پیکێ لە یانەی بارشەلۆنە بەردەوام بووە و بە نزیکەیی لە هەموو یارییەکاندا سەرەکی بووە. توانیویەتی بە بەردەوامی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و چەندین نازناو لەگەڵ یانەکەیدا بەدەستبهێنێت و لە بەردەوامیدایە وەک چۆن لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ساڵی ٢٠٢١ وتی: تا بتوانم کەوا وەکوو یاریزانێک بەردەوام بم، خزمەتی بەرشە دەکەم و پاش ئەوەی درکم کرد کە چیدی ناتوانم وەکوو یاریزان بەردەوام بم، وەکوو دەستەیەکی بەڕێوەبەرایەتی بەژداری دەکەم و لە خزمەتکردنی بەرشە ناوەستم.

مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

لە سەرەتادا پیکێ لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی بۆ خوار تەمەن ١٩ ساڵان بەژداری دەکرد پاشان لە ٦\٢\٢٠٠٩ وەکوو یاریزانێکی پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەی بەنگهێشتکرا و یەکەم یاری فەرمی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی ئەنجامدا. لە جامی جیهانیی ٢٠١٠ و کاتێک هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامەکەی بەدەستهێنا پیکێ بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە وەکوو یاریزانێکی سەرەکی بەژداربوو و ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد. لە ساڵی ٢٠١٨ وازهێنانی خۆی لە تۆپی پێ لەسەر ئاستی هەڵبژاردە ڕاگەیاند.

شێوازی یاریکردن

پیکێ بەرگریکارێکی تەواوە کە ڕۆڵی سەرکردەیەک دەبینێت. بەهۆی توانای جەستەیی و باڵایەوە بە یەکێک لەو یاریزانانە دادەنرێت کە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ لێدانی سەر، بە درێژایی یاریکردنی زۆربەی گۆڵەکانی لە ڕێی لێدانی سەرەوە تۆمارکردووە. سەرەڕای ئەوەی پیکێ لە دڵی بەرگریدا یاری دەکات بەڵام بەهۆی توانای بڕیاردان و هێمنییەوە وەکوو بەرگریکارێکی ناوەند توانای یاریکردنێکی بەهێزی هەیە.

ژیانی تایبەتی

پیکێ لەناو خێزانێکی کەتەلانیدا گەورەبووە. باوکی بازرگانە، دایکی پزیشکە و باپیریشی پێشووتر جێگرەوەی سەرۆکی یانەی بارشەلۆنە بووە. لە ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ گۆرانیبێژی کۆڵۆمبی شاکیرا چوونە پەیوەندی خۆشەویستییەوە و ٢ منداڵیان بەیەکەوە هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢ بەهۆی خیانەتی پیکێوە جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند. پیکێ سەرەڕای ئەوەی یاریزانێکی سەرکەوتووە بازرگانێکی زۆر سەرکەوتووشە. خاوەنی چەندین کۆمپانیای سەرکەوتووی وەرزشە کە تیایدا پێداویستی وەرزشی دەفرۆشن و پەخشی وەرزشیش دەکەن. پیکێ خاوەنی یانەیەکی ئیسپانییە بە ناوی یانەی ئەندۆرایە کە لە خولی ژمارە سێی ئیپسانیا یاری دەکات و لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی کە خەونی سەرەکی پیکێ کڕینەوەی یانەی بارشەلۆنەیە، لەخۆی ڕادەبینێت کە ببێت بە سەرۆکی یانەکە و چەندین سەرکەوتن و نازناوی بۆ یانەکە دەستەبەر بکات.


سەرچاوەکان



313 بینین