تێکڕای ژیری (IQ) و زیرەکیی سۆزداری (EQ)

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-06-06-13:48:00 - کۆدی بابەت: 8921
تێکڕای ژیری (IQ) و زیرەکیی سۆزداری (EQ)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

‎زۆرینەی خەڵکی یەکەمین شتێک کە دەربارەی منداڵەکانیان دەیپرسن و بەلایانەوە گرنگە و شانازیی پێوە دەکەن، زانینی زمانێکی زیاتر، نمرەی بەرز و یەکەم بوونیانە لە پۆل و قوتابخانەکانیان. ‎ڕاستکردنەوەی ھەڵەیەک کە بەبێ ئاگایانە زۆرینەی باوانی منداڵەکان دەیکەن ئەوەیە ھەموو ھۆش و بیریان لای ئەوەیە چۆن منداڵەکانیان زمانێکی زیاتر فێر ببێت، چۆن ببێتە یەکەمی پۆلەکەیی و قوتابخانەکەی و نمرەکانی ھەمووی لە ئاستی باڵادا بێت..

‎ھەڵبەتە بۆ ھەریەکێک لە ئێمە ڕادە و ئاستی تێکڕای ژیری (IQ) ی منداڵەکانمان بۆ گرنگە، بەڵام گرنگیشە ڕادە و ئاستی زیرەکیی سۆزداری (EQ)ـی منداڵەکانیشمان بەلاوە گرنگ بێت و گەشەی پێبدەین. ‎پێویستە بزانین منداڵەکانمان چەندێک درک بە تواناکانی خۆیان دەکەن، چەندێک ھاوسۆزن، چەندێک توانای کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ھەڵچوونەکانیان و پەیوەندییەکی دروستی کۆمەڵایەتیان ھەیە. لەگەڵ ئەوەشدا چەندێک ھەست بە بەرپرسیاریێتی دەکەن و ئاشنان بە خۆیان و تواناکانیان.

پێناسەی زیرەکی

زیرەکی ئەو لێهاتووییەیە کە ڕێگەمان پێدەدات کێشەکان چارەسەر بکەین، لە دۆخی نوێ تێبگەین و بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ گۆڕینی بارودۆخەکان بکەین. لە ڕابردوودا تاکە ئامڕازی پێوانەکردنی زیرەکی تاقیکردنەوەکانی (IQ) بوو. لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، دەروونناسان بۆیان دەرکەوت کە تاقیکردنەوەکانی (IQ) بەس نین بۆ ئەوەی وێنەیەکی تەواوی زیرەکی ببەخشن، بۆیە (EQ) داھێنرا.

تێکڕای ژیری (IQ)

توانای زیرەکیی کەسێکە، پەیوەندی بە بەدواچوونی فیکرییەوە هەیە. وەک توانای فێربوون، تێگەیشتن، لەبەرکردن، پێشبینیکردن و گواستنەوەی زانیاری. تێکڕای ژیری (IQ) ئەو نمرەیەیە کە لە تاقیکردنەوەکانەوە وەرگیراوە کە کرداری مەعریفی، توانا ئەکادیمییەکان، تێگەیشتنی لۆجیکی و ناسینەوەی شێوازەکان تاقی دەکاتەوە. ئەو تاقیکردنەوانە بە تاقیکردنەوەکانی (IQ) ناودەبرێن و چەندین ساڵە لەلایەن پزیشکی دەروونییەوە ئەنجام دەدرێن. بەشێوەیەکی ئاسایی (IQ) سەرکەوتنە ئەکادیمییەکان پێوانە دەکات و لە ئەنجامدا لە توانای هەڵبژاردنی پیشەدا ڕەنگ دەداتەوە.

زیرەکیی سۆزداری (EQ)

‏(EQ) هێمایە بۆ "سۆزداری" یان "زیرەکیی سۆزداری" ئەم چەمکە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1990دا ڕەوایەتی زانستیی بەدەستهێنا. لەبەر ئەوەی ئەم بوارە تا ڕادەیەک تازەیە، بۆیە زۆرێک لە دەروونناسان بە شێوەیەکی جیاواز پێناسەی دەکەن و پێناسەی جێگیری نییە. وردترین پێناسەی (EQ)، بە پێی دەروونناسانی زانکۆی یەیڵ، بریتییە لە: "بریتییە لە دەستەیەک لە چوار توانای پەیوەندیدار: هەستکردن، بەکارهێنان، تێگەیشتن، و بەڕێوەبردنی هەستەکان."

یان بەشێوەیەکی ڕوونتر و ئاسانتر: ئاماژە بە توانای تاک دەکات بۆ دەربڕینی هەستەکان، ناسینی تواناکانی خۆی (خودناسی)، توانای بەڕێوبردنی ھەڵچوونەکان، توانا و لێھاتوویی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ھاوسۆزیی لەگەڵ ھاوڕێ و کەسانی تردا.

نەک تەنها هەستەکانی خۆمان، بەڵکوو ئەوانەی دەوروبەریشمان. ئەندامانی خێزان، هاوکاران و منداڵەکانمان. لەبەر ئەوە، زیرەکیی سۆزداری کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی ئێمە ھەیە لە دایکوباوکایەتی، کارکردن، قوتابخانە و پەیوەندییەکان. ئەنجامەکانی زۆربەی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا ئەنجامدراون، ئاماژە بەوە دەکەن کە زیرەکیی سۆزداری کاریگەری بەسەر سەرکەوتن لە تاقیکردنەوە، فێربوون و پیشەدا ھەیە.

جیاوازیی نێوان تێکڕای ژیری (IQ) و زیرەکیی سۆزداری (EQ)

‎تێکڕای ژیری (IQ) زیرەکییەکە خواپێداوە و دیاریکراوە، زیرەکییەکە بەدەست ئێمە نییە. توانای فێربوون، لەبەرکردن، تێگەیشتن، گواستنەوەی زانیاری و توانای پێشبینیکردن. ئەو پێوەرانەن کە دەتوانین ڕادەی تێکڕای ژیری (IQ) منداڵەکانمانی پێ بزانین.

‎زیرەکیی سۆزداری (EQ): ‎جیاوازترە لە تێکڕای ژیری و مرۆڤ دەتوانێ خۆی گەشەی پێ بدات لە منداڵەکەیدا. ‎لە زیرەکیی سۆزداری (EQ)، بەھۆی کۆمەڵێک مامەڵەوە لەگەڵ منداڵەکان پێمان دەڵێت: زیرەکیی سۆزداری منداڵەکە (EQ) تاکوو چ ڕادەیەکە. هەروەها پێمان دەڵێت کە ئەو منداڵە لە داھاتوودا کەسێکی سەرکەوتوو و لێھاتوو دەبێت یاخوود نا. ‎ناسینی تواناکانی منداڵ خۆی (خودناسی)، توانای بەڕێوبردن و کۆنتڕۆڵی ھەڵچوونەکان، توانا و لێھاتوویی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ھاوسۆزی لەگەڵ ھاوڕێ و کەسانی تردا کۆمەڵێک پێوەرن کە ڕادەی زیرەکیی سۆزداری منداڵەکەی پێ دیاری دەکرێت.

‎کاتێک منداڵێک تێکڕای ژیری (IQ) بەرزە و زیرەکیی سۆزداری (EQ) نزمە منداڵێکە لە داھاتوودا لەوەیە سەرکەوتوو بێت، بەڵام خۆشحاڵ نابێت و چێژ لە ژیانیدا بەپێی پێویست نابێت، چونکە زیرەکیی سۆزداری کاریگەری تەواوەتی لەسەر چێژ و دڵخۆشی منداڵەکان ھەیە لە داھاتوودا، بەڵام کاتێک منداڵێک زیرەکیی سۆزداری (EQ) بەرزە منداڵێکە چێژ و خۆشی لە ژیان و پەیوەندییەکان دەبینێت و شاد و خۆشحاڵە. ‎ئەگەریش منداڵەکە ھەم تێکڕای ژیری (IQ) و زیرەکیی سۆزداری (EQ) بەرزبوو ئەوە منداڵێک دەبێت ھەم چێژ لە ژیان دەبینێت و ھەم سەرکەوتوو دەبێت.

ڕادەی نزمیی تێکڕای ژیریی (IQ)، بە واتای ئەوە نایەت کە تاک ناتوانێت کوالێتییەکی بەرزی ھەبێت لە ژیانیدا. بەشێکی زۆری باوانی منداڵەکان بەبێ ئاگایی تووشی ھەڵە بوونە و بێ ئاگان لێی ئەویش شانازیکردنیان بە تێکڕای ژیری (IQ) و پشگوێخستنی زیرەکیی سۆزداری (EQ) منداڵەکانیانیان.

(IQ) و (EQ) منداڵەکان چۆن دەپێورێن؟

‏(IQ) دەتوانرێت بە تاقیکردنەوەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و بەدەستهێنانی ئەنجامەکە بپێورێت. لە وتاری: "وتار"، لەو شێوازانە تێدەگەیت کە بەکاردێن بۆ پێوانەکردنی (IQ).

لەڕێگەی "free IQ test online"ـەوە پەرەدراوە بە تاقیکردنەوەی سەرھێڵی خۆڕایی (IQ)، کە ئەوە وەک تاقیکردنەوەی دەرھێڵی باو ڕاست نییە، بەڵام لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی گشتگیر و ئەزموونییە. بۆ وەرگرتنی تاقیکردنەوەی (EQ)، پێویست دەکات دەروونناسێک منداڵەکە ببینێت و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکات. (EQ)، بە شێوەی (IQ) ناتوانرێت بپێورێت. هیچ "ژمارەیەکی جادوویی" نییە کە بتوانێت منداڵەکەت پلەبەندی و ڕیزبەندی پێبکات لەگەڵ منداڵانی تردا.

بە پێی تێڕوانینی لە منداڵەکە، دەروونناس دەتوانێت خەمڵاندن بکات کە ئایا (EQ)ـی منداڵەکە بەرزە، ئاساییە یان نزمە. هەروەها دەتوانیت ئەو وێبسایتانە بدۆزیتەوە کە بەشێوازی سەرھێڵ ئەم پرسیارانە پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەوان وەک ئەو هەڵسەنگاندنە ورد نین، کە لەلایەن دەروونناسێکی پسپۆڕەوە بەشێوەی ڕووبەڕوو لەگەڵ منداڵەکەت ئەنجام دەدرێت.

کامیان گرنگترە، (IQ) یان (EQ

‎تێڕوانینی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی ئایا (IQ) یان (EQ) گرنگترە. ئەوانەی کە لایەنگیری (EQ) دەکەن دەڵێن: "(IQ) باڵا لە قوتابخانە دەربازت دەکات، بەڵام (EQ) بەرز چێژ و خۆشی بە ژیانت دەدات."

بێگومان هەردوو فاکتەرەکە گرنگن، بەڵام گرنگییەکە بۆ هەر تاکێک جیایە. کەواتە لە وەڵامی پرسیاری: "کامیان گرنگترە: (IQ) یان (EQ)؟" هیچ براوەیەکی ڕوون نییە. هەردووکیان گرنگن بۆ بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنگارییە هەمەجۆرەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.

ئایا دەکرێت (IQ) و (EQ) زیاد بکرێن؟

زیادکردنی (IQ)

سەبارەت بەزیادبوونی (IQ) هیچ کۆدەنگییەکی ڕوون لەنێوان زانایاندا بەدی ناکرێت، لێکۆڵینەوە نوێیەکان بە شێوەیەکی زۆرباش دەریدەخەن کە ئەگەری باشترکردنی(IQ)ـی منداڵەکان هەیە.

زیادکردنی (EQ)

زیرەکیی سۆزداری (EQ) توخمی بۆماوەیی هەیە و هەندێک لە دەروونناسان کاریگەری بۆماوەیی بە نزیکەیی 30٪ دەخەمڵێنن. هەروەها دەروونناسان لەو باوەڕەدان کە ئەوە توانایەکی بەدەستهاتووە کە دەتوانرێت لە ماوەی ژیاندا فێربێت و پەرەی پێ بدرێت. بۆ نموونە منداڵان زیرەکیی سۆزداری گەشە پێدەدەن لە ڕێگەی لاساییکردنەوە، چوونە ناوەوەی پەیامەکان و چاودێری دایکوباوکان، خوشکوبرا و گەورەکانی دیکە لە ژیانیاندا. بۆیە منداڵی بە یەکێک لە قۆناغە سەرەکییەکانی گەشەکردنی زیرەکیی سۆزداری دادەنرێت و لەو ڕووەشەوە باوانی منداڵەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە دانانی بناغەکان. تەنانەت ئەوانەی لە منداڵیدا کاریگەری باشی باوانەکانیان لەسەر نەبووە، دەتوانن زیرەکیی سۆزدارییان لە چوارچێوەی جۆراوجۆردا باشتر بکەن، وەک چارەسەری گرووپی، وۆرکشۆپ، چارەسەری دەروونی کەسی.

 

نووسین: شاجوان محەمەد، بیلال حەمە


سەرچاوەکان



1189 بینین