نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B12

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-07-19:10:00 - کۆدی بابەت: 8929
نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B12

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڤیتامین B12 ماددەیەکی خۆراکی گرنگە، کە لەشی مرۆڤ بۆ پڕۆسەی گرنگی وەک دروستکردنی دی ئێن ئەی (DNA) و بەرهەمهێنانی وزە و فەرمانەکانی ناوەندە کۆئەندامی دەمار بەکاری دەهێنێت. ئەم ڤیتامینە لە زۆر جۆری خواردندا بوونی هەیە و تووشبوون بە کەمیی ئەم ڤیتامینە تا ڕادەیەک باوە، کە زۆرجار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خواردنی ژەمی سنووردار یان بەدهەڵمژین (بە ئینگلیزی: Malabsorption) یان هەندێک حاڵەتی تەندروستی یان بەرکارهێنانی ئەو چارەسەرانەی کاردەکەنە سەر ڕێژەی ئەم ڤیتامینە لە لەشدا. ڕێژەی ئاسایی ئەم ڤیتامینە لە لەشدا بریتییە لە سەروو 300 pg/mL، ڕێژەی سنوورداریشی دەکەوێتە نێوان 200–300 pg/mL، هەروەها ئەگەر ڕێژەکەی کەمتر بوو لە 200 pg/mL ئەوا بە کەمیی ڤیتامین B12 دادەنرێت.
لەبەر ئەوەی تاکوو تەمەنی مرۆڤ زیاد بکات لەشی توانای مژینی ئەم ڤیتامینەی لە خۆراکەوە کەم دەکات، کەمیی ڤیتامین B12 زیاتر لە کەسانی پێگەیشتوو و بەساڵاچواندا باوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە منداڵان و لاوان و خانمانی دووگیان و شیردەر تووشی کەمیی ئەم ڤیتامینە نابن.

باوترین نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B12

ماندوویەتی و شەکەتی

ئەگەر کەسێک تووشی کەمبوونەوەی ڤیتامین B12 بووبێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە هەست بە ماندوویەتی دەکات. خانەکانی لەشی مرۆڤ بۆ ئەوەی فەرمانەکانیان بە تەواوی ئەنجام بدەن پێویستیان بە ئەم ڤیتامینە هەیە، بەشێوەیەک کە کەمبوونەوەی ئاستی ڤیتامین B12 لە لەشدا دەتوانێت بەرهەمهێنانی ئاسایی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کەم بکاتەوە، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی خانەکانی لەش ئۆکسجینی پێویستیان پێ نەگات، چونکە یەکێک لە فەرمانەکانی خڕۆکە سوورەکان گەیاندنی ئۆکسجینە بە خانەکانی لەش. کەمیی ڤیتامین B12 یان ترشی فۆلیک دەکرێت ببێتە هۆی توشبوون بە جۆرێکی تایبەتی کەمخوێنی بە ناوی (کەمخوێنی مێگالۆبلاستیک)، کاتێک کەسێک تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت لەشی بڕێکی نائاسایی و زۆر و ناتەواو لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن و دی ئێن ئەی پەککەوتوو بەرهەم دەهێنێت.
کاتێک خوێنی کەسێک بە بڕی پێویست خڕۆکەی سووری تەندروستی تێدا نەبێت بۆ هەڵگرتنی ئۆکسجین بۆ شانەکانی لەش، ئەوکات هەست بە بێهێزی و ماندووێتی دەکات. گرنگە کە بزانرێت تەنانەت ئەگەر ئاستی ڤیتامین B12 ئاسایی بێت یان لە ڕێژەی سنوورداریشدا بێت، دەکرێت نیشانەی ماندووێتی یان نیشانەکانی تری پەیوەست بە کەمی ڤیتامین B12 دەربکەون.

زەردی یان بێ‌ڕەنگی پێست

نیشانەیەکی تر کە دەکرێت هۆکارەکەی بریتی بێت کەمیی ڤیتامین B12 بریتییە لە زەردبوون و بێ‌ڕەنگبوونی پێست، ئەو کەمخوێنییەی هۆکارەکەی بریتییە لە کەمیی ڤیتامین B12 هەروەک ئەو حاڵەتی کەمخوێنییەی کە هۆکارەکەی کەمیی ئاسنە، دەکرێت پێستی کەسی توشبوو زەرد و بێ‌ڕەنگ بکات، هۆکاری ئەم گۆڕانەی ڕەنگی پێست کەمیی خڕۆکەی سووری تەندروستی پێگەیشتووە لە لەشدا. 
هەروەها کەمیی ئەم ڤیتامینە دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە زەردوویی، کە کەسی تووشبوو ڕەنگی پێستی و بەشی سپیی چاوی دەگۆڕێت بۆ زەرد. ئەم ڕەنگە زەردە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بیلیروبینە (بە ئینگلیزی: bilirubin)، کە پاشماوەیەکە لە ئەنجامی تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکانەوە دروست دەبێت.

سەرئێشە

نەبوونی بڕی پێویست و کەمی ڤیتامین B12 لە لەشدا دەکرێت کاریگەری لاوەکی بخاتە سەر دەمارە کۆئەندام و ببێتە هۆی سەرئێشە. لە ڕاستیدا سەرئێشە لە منداڵان و پێگەیشتووانیشدا لە سەرووی هەموو نیشانە باوەکانی پەیوەست بە کەمیی ڤیتامین B12ـیە.
توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2019 لەسەر 140 کەس کە نیوەیان تووشبووی لاسەرئێشە (شەقیقە) بوون ئەنجامدراوە، ئەوەی سەلماندووە کە ئاستی ڤیتامین B12 لە ئەو کەسانەدا کە تووشبووی لاسەرئێشە بوون بە بەراورد بە ئەوانەی کە تووشبوو نەبوون کەمتر بووە.

نیشانەکانی خەمۆکی

ڤیتامین B12 پێویستییەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ناوەندە کۆئەندامی دەمار فرمانەکانی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام بدات، کەواتە کەمیی ئەم ماددە خۆراکییە دەکرێت کاربکاتە سەر باری دەروونی مرۆڤ. کەمیی ڤیتامین B12 بەشێوەیەکی تایبەت پەیوەستکراوە بە زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی
بوونی ئاستێکی کەمیی ڤیتامین B12 لە لەشدا دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی ترشێکی ئەمینی لە گۆگرد پێکهاتوو بە ناوی هۆمۆسیستین (بە ئینگلیزی: homocysteine)، کە ئەم ترشە ئەمینییە دەکرێت بە زیادکردنی پەستانی ئۆکسێنەر و زیانگەیاندنی بە DNA و لەناوبردنی خانەکانی لەش، ببێتە هۆی تووشبوون بە خەمۆکی.
لەگەڵ ئەوەشدا کەمیی یان نەبوونی بڕی پێویست لە ڤیتامین B12 دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە حاڵەتە دەروونییەکانی تری وەک شێتی.

کێشەکانی کۆئەندامی هەرس

کەمیی ئاستی ڤیتامین B12 دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە سکچوون و دڵتێکچوون و قەبزی و غازات و نیشانەی تری بوونی کێشە لە کۆئەندامی هەرسدا. ئەم کێشە تەندروستیانە کاردەکەنە سەر منداڵ و کەسانی پێگەیشتووش.
گرنگە کە بزانرێت هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بە ئەم نەخۆشییانە کەمیی ڤیتامین B12 نییە، بەڵکوو دەکرێت هەر کەسێک بە هۆکاری تر تووشی ئەم نەخۆشیانە ببێت.

کەمبوونەوەی سەرنج

لەبەر ئەوەی کەمیی ڤیتامین B12 بەشێوەیەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر ناوەندە کۆئەندامی دەمار، ئەو کەسانەی کە بە دەست کەمیی ئەم ڤیتامینەوە دەناڵێنن دەکرێت هەست بە خاوبوونەوەی چالاکی مێشک و بە قوورسی سەرنجدان بکەن. بەتایبەت کەسانی بەتەمەن مەترسی تووشبوونیان بە ئەم کاریگەرییە لاوەکییە زیاترە، چونکە مەترسی کەمبوونەوەی ڤیتامین B12 بەپێی زیادبوونی تەمەن زیاد دەکات. خۆشبەختانە ئەو کێشە دەروونیانەی کە بەهۆی کەمیی ڤیتامین B12 تووشی کەسەکان دەبن، دەکرێت بە بەکارهێنانی چارەسەری ڤیتامین B12 کەسانی تووشبوو هەست بە باش بوونەوە بکەن.

ئازار و هەوکردنی دەم و زمان

ئاوسانی زمان (بە ئینگلیزی: Glossitis) دەستەواژەیەکی پزیشکییە کە بۆ زمانێکی هەوکردووی سووربووەوەی بە ئازار بەکاردێت، دەکرێت هۆکاری تووشبوون بە ئەم حاڵەتە کەمیی ڤیتامین B12 بێت. ئەو کەسانەی کە ئەم ماددە خۆراکییەیان کەمە، ئاوسانی زمانیان دەکرێت ئاوسانی لینجە پەردەی دەم (بە ئینگلیزی: stomatitis) لەگەڵدا بێت، کە ئەم حاڵەتەش بە هەوکردن و ئازاری ناودەم دەناسرێتەوە.
لە کاتێکدا کە ئاوسانی زمان و دەم زیاتر لە ئەو کەسانەدا باوە کە تووشی کەمخوێنی پەیوەست بە کەمیی ڤیتامین B12 بوون، بەڵام دەکرێت بەبێ تووشبوون بە کەمخوێنیش تووشی کەسەکە ببن و نیشانەیەکی سەرەتایی بن بۆ کەمیی ڤیتامین B12.

پارێستیزیا لە دەست و قاچەکان

پارێستیزیا (بە ئینگلیزی: Paresthesia) دەستەواژەیەکی پزیشکییە کە بۆ پێناسەی هەستی سووتان یان سڕبوونی هەندێک بەشی لەش وەک دەست و قاچەکان بەکاردێت. زۆربەی ئەو منداڵ و پێگەیشتووانەی تووشی کەمیی ڤیتامین B12 بوون باسیان لەوە کردووە کە ئەم هەستەیان لە دەست و قاچەکانیاندا هەبووە. بە داخەوە کە ئەم نیشانەیەی کەمی ڤیتامین B12 لەگەڵ کۆنیشانەی نەخۆشی شەکرەی دەماری (بە ئینگلیزی: diabetic neuropathy) تێکەڵ دەکرێت، ئەم نەخۆشییە تێکشکانێکی دەمارییە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێنەوە تووشی کەسەکان دەبێت، دەبێتە هۆی بوونی ئازار و سڕبوونی دەست و قاچەکان.
ئەو کەسانەی کە تووشبووی شەکرەن دەرمانی مێتفۆڕمین (بە ئینگلیزی: metformin) بەکاردەهێنن، کە ئەمەش مەترسی تووشبوون بە کەمیی ڤیتامین B12 زیاد دەکات، لەبەر ئەوەی ئەم دەرمانە ڕێژەی مژینی ڤیتامین B12 لەلایەن لەشەوە کەم دەکاتەوە. لە ئەنجامدا زۆربەی پزیشکان پێشنیاری ئەوە دەکەن ئەو کەسانەی دەرمانی مێتفۆڕمین بەکاردەهێنن، ڕاستەوخۆ پشکنینی ڤیتامین B12 بکەن.

نیشانە و دەرکەوتەکانی تر

لەگەڵ ئەو نیشانانەی سەرەوەدا، کەمیی ڤیتامین B12 دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەت تری وەک:

  • گرژبوون و لاوازبوونی ماسولکەکان: کەمی ڤیتامین B12 بەشێوەیەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر هەست و کرداری دەمارەکان، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی گرژبوون و لاوازبوونی ماسولکەکان.
  • کەمی هاوسەنگی لەش: کەمیی هاوسەنگی نیشانەیەکی دەمارییە کە دەکرێت هۆکارەکەی کەمیی ڤیتامین B12 بێت، کە کەسی تووشبوو بە قورسی دەتوانێت بڕوات و هاوسەنگی لەشی ڕابگرێت.
  • کەمبوونەوەی توانای ڕەپبوون: ئەو پیاوانەی کە تووشی کەمیی ئەم ڤیتامینە بوون، دەکرێت لە کاتی جووتبووندا ئەزموونی کەمبوونەوەی توانای ڕەپبوونی چوکیان بکەن، کە ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ڕێژەی هۆمۆسیستین لە لەشدا.
  • تێکچوونی بینین: کەمبوونەوەی ڤیتامین B12 دەکرێت کاربکاتە سەر توانای بینین.

دیاریکردن

لەبەر ئەوەی نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B12 تایبەت نین بە نەخۆشییەک، دەکرێت زۆرجار پشتگوێ بخرێت یان دیاری نەکرێت. ئەگەر تۆ ئەزموونی هەر یەکێک لە ئەو نیشانانە دەکەیت کە لەسەرەوە باسکران، گرنگە کە سەردانی پزیشک بکەیت، بەتایبەت ئەگەر تۆ کەسێکیت کە:

  • ڕووەکخۆریت
  • تەمەنت لە 60 ساڵ زیاترە
  • دووگیان یان شیردەریت
  • حاڵەتێکی تەندروستیت هەیە کە کاردەکاتە سەر ئاستی ڤیتامین B12
  • دەرمانێک دەخۆیت کە کاردەکاتە سەر مژینی ڤیتامین B12 لەلایەن لەشەوە، وەک مێتفۆڕمین

کاتێک کە پزیشک دەربارەی نیشانەکان و دەرکەوتەکانت پرسیاری لێ کردیت، چەند پشکنینێکی خوێنت بۆ دەنووسێت وەک:

چارەسەر

دوای ئەوەی پشکنینت بۆ کرا و پزیشک ئاستی کەمیی ڤیتامین B12ی لە لەشتدا بۆدەرکەوت، لە ئەنجامدا گونجاوترین چارەسەرت بۆ دیاری دەکات. کە دەکرێت یەکێک لە ئەم چارەسەرانە بێت: دەرزی ڤیتامین B12، حەپی ڤیتامین B12، یان چارەسەری ئەو نەخۆشییەی کە بووەتە هۆی تووشبوونت بە کەمیی ڤیتامین B12.


سەرچاوەکان

705 بینین