حەیدەر قوربانی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-09-21:41:00 - کۆدی بابەت: 8955
حەیدەر قوربانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەیدەر قوربانی (بە ئینگلیزی: heidar ghorbani، بە فارسی: حیدر قربانی) لە ٣١ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٣ لە کامیاران لەدایکبووە، بەندکراوێکی سیاسی کورد بوو کە لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سزای ٩٠ ساڵ زیندانیکردن سزادرا پاشان سزاکەی بە لەسێدارەدان گۆڕا و لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە سێدارە درا. بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی خەڵک، ھاوکاری لە کوشتنی سێ کەس لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و ھەروەھا ئەندامییەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. پارێزەری قوربانی ئەوی بە بێتاوان ناساند. ھەروەھا چوار مانگ پێش لەسێدارەدانی، سەدان کەس لە دانیشتووانی کامیاران و ھەورامان لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند، حەیدەر بێ تاوان سزا دراوە و داوایان کرد بڕیاری لەسێدارانەکەی ھەڵبوەشێندرێتەوە.

زانیاری گشتی

لەدایکبوون ٣١ی ئایاری ١٩٧٣ بزوەش، کامیاران، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
لەسێدارەدان ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ (٤٨  ساڵ ژیاوە) سنە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
گۆڕ سنە
پیشە دووکاندار
ئایین ئیسلامی سوننە مەزهەب
نەتەوە کورد
تۆمەتی تاوانباری بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی خەڵک، ھاوکاری لە کوشتنی سێ کەس لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و ھەروەھا ئەندامییەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران 

ژیانی تایبەتی

قوربانی لە ٣١ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٣ لە دێی بزوەش لە ناوچەی کامیاران لە دایکبووە. باوکی بە ناوی عەلی قوربانی، پێشمەرگە بوو کە لە ساڵی ١٩٨٠ لە شەڕێک لەگەڵ ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا. پێش دەستبەسەرکردنی لە شاری کامیاران دووکاندار بووە. هەروەها خاوەنی دوو منداڵە.

دەستبەسەرکردنی

حەیدەر قوربانی کە ڕۆژی ١٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ ژنبرایەکی بە ناوی مەحموود سادقی لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرابوون، چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بە وتەی کەسە نزیکەکانیان لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیدا بوون و لە ئاکامدا حەیدەر قوربانییان ناچار کرد کە لە کەناڵی ئینگلیزی پرێس تیڤی بە زۆرەملێ دان بە تۆمەتەکانیدا بنێت. حەیدەر قوربانی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی خەڵک، ھاوکاری لە کوشتنی سێ کەس لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و ھاوکاری و ئەندامییەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سزای سێدارەی بە سەردا سەپاند و ئەم سزایە ٢٨ـی کانوونی دووەمی ھەمان ساڵ بە فەرمی لە بەندیخانەی سنە ڕاگەیەندرا.

لەسێدارەدانی

حوکمی لەسێدارەدانی قوربانی بەنھێنی جێبەجێ کرا. سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ـی ئابی ٢٠٢٠ لەلایەن لقی ٢٧ـی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کرا و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند. ناوبراو کاتژمێر ١١ـی شەوی ١٨ـی کانوونی یەکەم گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لە کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ١٩ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا. ھەروەھا لە شاری سنە بە خاک سپێردرا و کاتژمێر پێنج بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە لەسێدارەدراوە و ھێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان بە بنەماڵەکەی نەدا بۆ دوایین جار تەرمەکەی ببینن.

 


سەرچاوەکان



254 بینین