جەنگی عەرەب ئیسرائیل (١٩٤٨)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-09-23:52:00 - کۆدی بابەت: 8956
جەنگی عەرەب ئیسرائیل (١٩٤٨)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی عەرەب ئیسرائیل یان شەڕی ساڵی ١٩٤٨ (بە ئینگلیزی: 1948 Arab–Israeli War، بە عەرەبی: حرب ١٩٤٨) شەڕێک بوو لە خاکی فەڵەستین لە نێوان شانشینی هاشمیی ئوردن، شانشینی میسڕ، شانشینی عێراق، سووریا، لوبنان و شانشینی سعودیە لە دژی میلیشیا چەکدارەکانی زایۆنی لە فەڵەستین هەڵگیرسا، کە لە ڕێکخراوەکانی پاڵماچ، ئیرگون، هاگانا، ستێرن و خۆبەخشە جوولەکەکانی دەرەوەی سنووری داگیرکراوی فەڵەستین بەدەستی بەریتانیا پێکهاتبوو.

لە ١٩٤٨ شانشینی یەکگرتوو داگیرکاریی خۆی لە فەڵەستین واز لێ هێنا، بەو پێیەش هێزەکانی بەریتانیا لە ناوچەی داگیرکراو ڕۆیشتن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیارێکی دەرکرد بۆ دابەشکردنی فەڵەستین بۆ دوو دەوڵەتی جوولەکە و عەرەبی، کە وڵاتانی عەرەبی دژایەتییان کرد و هێرشێکی سەربازییان دەستپێکرد بۆ دەرکردنی میلیشیا جوولەکەکان لە فەڵەستین، ئەمەش لە مانگی ئایاری ١٩٤٨ کە تا ئازاری ١٩٤٩ بەردەوام بوو. 

لە کاتی جەنگدا بەریتانیا بە نهێنی پلانی دانا بۆ داگیرکردنی کەناری ڕۆژاوا لەلایەن ئوردنەوە، بە هیوای نەهێشتنی ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی فەڵەستینی بە سەرۆکایەتی ئەمین ئەلحسێنی، کە سەرکەوتوو بوو و کاریگەریی بەریتانیای لە ڕۆژهەڵاتی ئوردن مسۆگەر کرد لە کاتێکدا ڕۆڵەکەیان دەرئەنجامێکی نەخوازراوی دروست کرد لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

داگیرکاری بەریتانی لە فەڵەستین

تا ساڵی ١٩١٤ فەڵەستین لە سنووری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوو، دوای ئەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی شانبەشانی ئەڵمانییەکان چووە ناو جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، هەموو زەویەکانی لە وڵاتانی عەرەبی لەدەست دا و بەریتانیا و فەڕەنسا بەپێی پەیمانی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠ و پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ جێگەیان گرتەوە. بەریتانیا و فەڕەنسا لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا رێککەوتنێکیان واژۆ کردبوو بۆ بەشکردنی زەوییەکانی عوسمانی و فەڵەستینیش لە نێو زەوییەکانی بەریتانیا بوو، بە پێی ڕێککەوتنی ئینگلیز و فەڕەنسا. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم، فەڵەستین تا ساڵی ١٩٤٨ ملکەچی دەوڵەتی بەریتانیا بوو.

دابەشکردنی فەڵەستین

لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٤٧دا، کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دابەشکردنی فەڵەستین بۆ دوو دەوڵەتی جوولەکە و عەرەبی (فەڵەستینی) و بەنێودەوڵەتیکردنی ناوچەی قودسی پەسەند کرد (واتە کردنی بە ناوچەیەکی نێودەوڵەتی کە سەر بە دەوڵەتێکی دیاریکراو نەبێت و لە ژێر دەسەڵاتی نێودەوڵەتیدا بێت)، و بڕیاری دابەشکردنەکە بەم شێوەیە بوو:

  • ٥٦%: بۆ جوولەکەکان.
  • ٤٣%: بۆ عەرەب.
  • ١%: ناوچەی قودس (ناوچەیەکی نێودەوڵەتییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراوە) بڕیارەکە سنوورەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی بەڵێندراوی لەخۆگرتبوو، هەروەها قۆناغەکانی جێبەجێکردنی و پێشنیارەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی ئابووری نێوان هەردوو دەوڵەتەکە خستەڕوو.

بە گشتی زایۆنییەکان پێشوازییان لە پرۆژەی دابەشکردن کرد و عەرەب و فەڵەستینیەکان هەستیان بە نادادپەروەری کرد. کۆمکاری ڕزگاری نیشتمانی کە گرووپێک بوو لە ئیمیل حەبیبی و ئیمیل توما و عەرەبەکانی تر کە حیزبی شیوعی فەڵەستینیان بەجێهێشتبوو، تاکە بزووتنەوەی عەرەبی فەڵەستینی بوو کە بانگەشەیان بۆ قبوڵکردنی پلانی دابەشکردنەکە دەکرد.

جەنگ

چڕی شەڕەکە دوای بڕیاری دابەشکردنەکە لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٨ پەرەی سەند و سوپای ڕزگاری بە سەرکردایەتی فەوزی قاوقچی پێکهێنرا، تا مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٨ ڕێکخراوەکانی ئیرگوون و ستێرن پەنایان بردبووە بەر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، لە ٤ـی کانوونی دووەک، ناوەندی حکوومەت لە یافا بۆردمان کرا و ٢٦ هاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی کوژران و لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤٨، چەکدارە نائاساییەکانی فەڵەستین بینای بارەگای ئاژانسی جوولەکەکانیان لە شاری قودس تەقاندەوە و ١١ جوولەکە کوژران و ٨٦ کەسیش بریندار بوون.

لە ١٢ی نیسانی ١٩٤٨ کۆمکاری عەرەبی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی سوپای عەرەبی بۆ فەڵەستین و کۆمیتەی سیاسی پشتڕاستی کردەوە کە پێش کشانەوەی بەریتانیا لە ١٥ی ئایاری داهاتوودا سوپاکان ناچنە ژوورەوە.

یەن گوریۆن یێگال یادینی بە بەرپرسیاری دروستکردنی پلانێک بۆ ئامادەکاری بۆ دەستێوەردانی عەرەبی ڕاگەیەندراو دانرا. شیکارییەکەی یێگال یادین بە پلانی دالێت هاتە دەرەوە کە لە مانگی نیسانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. "پلانی دالێت" پلانێک بوو تێیدا ڕێکخراوی هاگانا لە پێگەی "بەرگری"ـەوە بەرەو پێگەی "هێرشکردن" ڕۆیشت.

حکوومەتی بەریتانیا بڕیاریدا لە نیوەی شەودا لە نێوان ١٤ بۆ ١٥ی ئایاری ١٩٤٨ کۆتایی بە دەسەڵاتی بەریتانیا بهێنێت لە فەڵەستین لە ژێر فشاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە داوای لە بەریتانیا کرد کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بەسەر فەڵەستیندا بهێنێت. 

کاژێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ١٤ی ئایار، ئەنجوومەنی زایۆنیستی جوولەکە لە تەل ئەبیب ڕایگەیاند کە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە نیوەی شەودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پێش ئەم ڕاگەیاندنە ڕاوێژکاری نێوان نوێنەری بزووتنەوەی زایۆنیستی موشێ شارەت و حکوومەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو بەبێ ئەوەی حکوومەتی ئەمریکا بەڵێنی دان بە دەوڵەتدا بنێت. بەڵام لە ڕاستیدا چەند خولەکێک دوای ڕاگەیاندنی نامەی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمریکا هاری ترومان پەیامی دانپێدانانی بڵاوکردەوە. یەکێتیی سۆڤیەتیش دوای سێ ڕۆژ دانی بە دەوڵەتەکەدا نا.

سەرکردایەتی زایۆنی لە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە خۆی لە پێناسەکردنی سنوورەکانی دەوڵەت بەدوور گرت، لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتبوو کە دەوڵەتەکە لەسەر خاکی "ئێرێتس یسرائیل" دەبێت بە واتای خاکی فەڵەستین. بەیاننامەکە دەستبەجێ بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دراوسێ. لە ٢٦ی ئایاری ١٩٤٨ بە فەرمانی دەیڤید بن گوریۆن سەروەزیرانی حکوومەتی کاتیی ئیسرائیل، سوپای بەرگریی ئیسرائیل دامەزرا.

سوپای عەرەبی لە میسڕ، سووریا، عێراق، ئوردن، عەرەبستان و لوبنانەوە گەیشتنە فەڵەستین، هێزە عەرەبییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو کۆلۆنییە زایۆنیستیانەی لە فەڵەستین دامەزرابوون، هێزەکانی میسڕیش هێرشیان کردە سەر دوو شارۆچکەی کفار دارۆم و نیریم لە نەگڤ. بەهێزترین و گرنگترین بەرەکانی جەنگ، بەرەی ئوردن-ئیسرائیل بوو، سێ تیپی سوپای ئوردن لە ١٦ی ئایاری ١٩٤٨ لە ڕووباری ئوردن پەڕینەوە بۆ فەڵەستین، پاشان لەگەڵ تێپەڕبوونی جەنگدا بۆ چوار تیپ زیادیان کرد، ئەمە جگە لە چەندین هێزی پیادەی کەرتەکان. 

نزیکەی پەنجا ئەفسەری بەریتانی لە سوپای عەرەبی ئوردن خزمەتیان دەکرد، کە مەشق و ڕاهێنانی بەرزیان لەسەرشانبوو. بەوەش ڕەنگە سوپای عەرەبیی ئوردن لە ڕووی تاکتیکییەوە باشترین سوپای شەڕکەر بووبێت. چونکە سوپاکانی تر بەدەست لاوازییەکی توندەوە دەیانناڵاند، کە بڕیاردانی گرنگی ئاستی ستراتیجی و ئەنجامدانی مانۆڕی تاکتیکی بوو.

سوپای ئوردن سێ شەڕی گەورەی کرد، کە بریتی بوون لە: (بابولواد، لەطروون، قودس).

لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگدا توانی قودس و کەناری ڕۆژئاوا بە تەواوی بپارێزێت و زیانەکانی ئیسرائیلییەکان لەم شەڕانەدا زۆر گەورە بوون، سەروەزیرانی ئیسرائیل و دامەزرێنەری ئیسرائیل دەیڤید بن گوریۆن لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٨ لە پێش کنێسێت وتی: “ئێمە لە شەڕی بابلواد بە تەنیا بە سوپای ئوردن دۆڕاین دوو هێندە زیاتر لە کوژراوەکانمان لەوێ لەدەستدا”.

لە بەرەی باکووریش هێزە ئاساییەکانی لوبنان گوندەکانی ئەلمالیکیە و قودسیان لە جەلیلەی سەرەوە لە باشووری سنووری لوبنان گرت. شەڕەکان بەم شێوەیە بەردەوام بوون تا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستێوەردانی کرد و لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٤٨ ئاگربەستی سەپاند، لەوانە قەدەغەکردنی دابینکردنی چەک بۆ هەر یەکێک لە لایەنەکانی ململانێکان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی ئاشتیانە. دوابەدوای ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییە شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و سوپای عەرەبی وەستا، سوپای ڕزگاری بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەی جەلیل دا. ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٤ هەفتە دانرا. 

سەرەڕای قەدەغەکردنی پڕچەککردن یان ناردنی هەر ژمارەیەکی نوێ لە هێز بۆ بەرەکانی جەنگ، ئیسرائیل هەرگیز پابەند نەبوو بەم مەرجەوە و پەلەی کرد لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی، چونکە چەک بە شێوەیەکی بەرفراوان بەسەریدا ڕژێندرا، بەتایبەت فڕۆکەکان، هەروەها زۆرێک لە جوولەکەکانی ئەوروپا خۆبەخشانە بەشدارییان کرد بۆ ئەوەی بچنە بەرەکانی شەڕ.

لە ٨ی تەممووزی ١٩٤٨ سەرەڕای هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل لە هەموو بەرەکاندا دەستی بە شەڕ کردەوە. کاتێک جارێکی تر شەڕەکان دەستیان پێکردەوە، سوپای ئیسرائیل دەستی باڵای گرتەوە و شەڕەکان رێڕەوێکی جیاوازیان گرتەبەر و هێزە عەرەبییەکان تووشی زنجیرەیەک شکست بوون و ئیسرائیل توانی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی فەڵەستیندا بسەپێنێت. شەڕەکە لە ٢١ی تەمموزدا کۆتایی هات، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی بەسەر لایەنە شەڕکەرەکاندا کرد. عەرەب ئاگربەستی دووەمیان قبوڵ کرد کە دانپێدانان بوو بە شکست.

شەڕەکە لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٩ کۆتایی هات، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل زۆربەی ناوچەی نەگڤی گرت و گەمارۆی ئەو هێزانەی میسڕی دا کە لە دەوروبەری فالووجە لە باکووری نەگڤ جێگیر بوون. دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، دانوستانەکان لە دوورگەی ڕۆدسی یۆنان بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ئیسرائیل لە لایەک و میسڕ و ئوردن و سووریا و لوبنان لە لایەکی تر دەستی پێکرد. چوار رێککەوتنی ئاگربەستەکە لە نێوان ٢٤ی شوبات تا ٢٠ی تەمموزی ١٩٤٩ واژۆ کرا، کە تێیدا هێڵی سەوز دیاری کرا، بەڵام عێراق ئاگربەستەکەی واژۆ نەکرد. لە ٧ی ئازاری ١٩٤٩دا ئەنجوومەنی ئاسایش پێشنیاری کرد کە ئیسرائیل وەک ئەندامێکی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکان قبوڵ بکرێت و لە ١١ی ئایاری ١٩٤٩دا کۆبوونەوەی گشتی ئەم ڕاسپاردەیەی پەسەند کرد.

پارسەنگی هێز

هێزە عەرەبەکان

شانشینی میسڕ زۆرینەی هێزە عەرەبەکانی لە ژمارەدا پێکهێنا، بەو پێیەی ١٠ هەزار سەربازی بە فەرماندەیی ئەحمەد عەلی ئەلمەواوی نارد، دواتر شانشینی هاشمیی ئوردن بە کۆی گشتی ٤٥٠٠ سەرباز لە ٤ بەتالیۆن و دوو تۆپی پاتری (بەگشتی ٨ تۆپی ٢٥ پاوەند) بە سەرۆکایەتی گڵۆب پاشا. شانشینی عێراق بە هێزێکی ٢٥٠٠ کەسی بە سەرۆکایەتی سەرتیپ محەمەد ئەلزوبەیدی بەشداری لە شەڕەکەدا کرد و هێزەکە لە ٢٩ی نیسانی ١٩٤٨ نێردرا بۆ ڕۆژهەڵاتی ئوردن. کە لە بەتالیۆنێکی پیادەی میکانیکی، دوو بەتالیۆنی پیادە، کەرتی زرێپۆش (٣٦ تانکی سووک)، کەرتێکی تۆپخانەی مەیدانی (١٢ تۆپی ٢٥ پاوند)، و پاترییەکی تۆپخانەی دژە فڕۆکە پێکهاتبوو.

سووریا بە هێزێکی ١٨٧٦ کەسی بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ عەبدولوەهاب ئەلحەکیم بەشداری کرد، پێکهاتەکانی هێزەکانی سووریا پێکهاتبوون لە تیپێکی پیادە (کە لە دوو کەرت پێکهاتبوو) و کەرتێکی پیادەی میکانیزەکراو (کە پێکهاتبوو لە لقێک لە ١٧ زرێپۆشی مارمۆن و لقێکی ١٧ زرێپۆش لە ٦ زرێپۆشی مارمۆن و ١١ زرێپۆشی ناوخۆیی دۆج و یەک لق لە تانکی ڕینۆ R-35 لە ١٣ تانک و لقێکی پیادەی گەڕۆک لە ١٤٠ سەرباز) لەگەڵ کەرتێکی تۆپخانەی ٧٥ ملم.

لوبنان بە دوو کەرتی پیادە بەشداری کرد، هەر کەرتێک لە ٤٥٠ سەرباز پێکهاتبوو، هەروەها هێزەکە بەتالیۆنێکی تۆپخانە و هاوەن و دۆشکەی لەخۆی گرتبوو، ٤ دەمانچە کالیبەری ١٠٥ ملم، ٤ زرێپۆش، ٤ تانکی سووکی ٧ تۆن، و گرووپێکی نەخۆشخانەی مەیدانی. ئەم هێزانە لە ناوەندەکانی گردبوونەوەکانیان لە سنووری باشووری لوبنان کۆکرانەوە، هێرشەکە لە ١ی ئایاری ١٩٤٨ دەستیپێکرد، ئەرکی فەرماندەییکردنی هێزەکانی لوبنان بە سەرتیپ فواد شەهاب سپێردرا.

شانشینی سعوودیە بە سەرکردایەتی سەرهەنگ سەعید بەگ ئەلکوردی و جێگرەکەی فەرماندە عەبدوڵڵا کوڕی نامی بەشدارییەکی بەهێزی کرد و ژمارەی ئەفسەر و ئەندامانی لەشکرەکە گەیشتە نزیکەی سێ هەزار و دوو سەد پیاو.

١- هێزی یەکەم لە ٢٧ی ئایاری ١٩٤٨ گەیشتە غەززە، کە لە ٢٧ ئەفسەر و ٣٣٩ پلە و پایەی تر پێکهاتبوو.

٢- هێزی دووەم لە ٣٠ی ئایاری ١٩٤٨ز گەیشتە غەززە و ١٩ ئەفسەر و ٣٥ پلەی تری لەخۆگرتبوو.

٣- هێزی سێیەم لە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٤٨ گەیشتە غەززە، و ١٠ ئەفسەر و ٣٢٩ پلەداری تری لەخۆگرتبوو.

سوپای سعودیە ٣٦ هاوەنی ٣ ئینچ و ٣٤ تۆپی براونینگ و ٧٢ دۆشکەی بافڵ و ١٠ دۆشکەی کالیبەری ٥٠ و ١٠ هانچیک و ٧٥٠ تفەنگی ٣٠٣ ئینچ و ١٠ زرێپۆشی لەبەردەستدا بوو، تەقەمەنی ئەم هێزەش بوو نزیکەی ٢١,٦٠٠ هاوەنی ٣ ئینچ و ١٦٥,٠٠٠ گوللە.

هەروەها سوپای جیهادی پیرۆز و سوپای ڕزگاری بەشدارییان لە شەڕەکەدا کرد، هەروەها کۆمکاری عەرەبی یەکەم هەنگاوی بۆ دابینکردنی پێداویستی بەرگری فەڵەستینییەکان لە ئەیلوولی ١٩٤٧ دا، لەوێ فەرمانی پێکهێنانی لیژنەی تەکنیکی سەربازی دەرکرد بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی فەڵەستینییەکان. بەپێی ڕاپۆرتێک تەواوی هێزی عەرەبەکان یەکسان نەدەبوو لەگەڵ هێزی زایۆنییەکان سەرەڕای ئەوەی داوا کرابوو عەرەبەکان "تەواوی هێزی خۆیان کۆبکەنەوە".

بەرەی ئیسرائیل

لە بەهاری ساڵی ١٩٤٧ بە پێی سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیل ژمارەی سەربازانی ڕێکخراوی هاگانا گەیشتبوویە نزیکەی ٤٥ هەزار و ٣٠٠ کەس کە نزیکەی دوو هەزار و ٢٠٠ کەسیان ئەندامی پالماچ بوون، کاتێک بڕیاری دابەشکردنی فەڵەستین درا بۆ دوو دەوڵەت، نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە جوولەکەکانی فەڵەستین و ٢٠ هەزار کەسی دیکە لە جوولەکەکانی ئەورووپا پەیوەندییان بە هاگاناوە کرد.

کاتێک شەڕ لە فەڵەستین هەڵگیرسا، ژمارەی هاگاناکان لە هەفتەی یەکەمی حوزەیرانی ١٩٤٨دا بەرزبووەوە بۆ نزیکەی ١٠٧ هەزار و ٣٠٠ کەس. لە ٤ـی ئایارەوە، لە ئەنجامی بەرزکردنەوەی تەمەنی دامەزراندن بۆ ٣٥ ساڵ نزیکەی ١٢ هەزار کەسی زیاد کرد بۆ ژمارەی سەربازان.


سەرچاوەکان



971 بینین