نەیمار جونیۆر

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-13-19:23:00 - کۆدی بابەت: 8999
نەیمار جونیۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەیمار دا سیلڤا سانتۆس جونیۆر (بە ئینگلیزی: Neymar Da Silva Santos Junior, بە عەرەبی: نيمار جونيور). یاریزانی پیشەگەریی هێڵی هێرشبەریی یانەی پاریس سەینت جێرمان و هەڵبژاردەی بەڕازیلە. لە ٥ـی شوباتی ١٩٩٢ لە ناوچەی مۆگی داس کروزس Mogi Das Cruzesــی وڵاتی بەڕازیل لەدایکبووە. بە یەکێک لە باشترین و لێهاتوترین یاریزانەکانی جیهان دادەنرێت.

ناوی تەواوەتی نەیمار دا سیلڤا سانتۆس جونیۆر
ناوی کورتکراوە نەیمار
بەرواری لەدایکبوون ٥/٢/١٩٩٢
شوێنی لەدایکبوون مۆگی داس کروزس، بەڕازیل
باڵا ١٧٥ سانتیمەتر  
شوێنی یاریکردن باڵی هێرشبردن، سەرەڕمی دووەم، ناوەندی هێرشبردن

مێژووی یاریکردن لەگەڵ یانە

 نەیمار سەرەتای ژیانی وەرزشی لە ساڵی ٢٠٠٣ لە یانەی سانتۆس بۆ منداڵان دەستپێکرد. لە ٧/٣/٢٠٠٩ و کاتێک تەمەنی تەنها ١٧ ساڵان بوو یەکەم یاری فەرمی خۆی ئەنجامدا و لە یەکەم وەرزی یاریکردنیدا لە کۆی ٤٨ یاری ١٤ گۆڵی تۆمارکرد. لە وەرزی ٢٠٠٩-٢٠١٠ ئاستی نەیمار ئێجگار بەرزبووەوە، یانەکانی وێستهام و چێڵسی خواستیان لە گواستنەوەی نەیمار هەبوو بۆ ڕیزەکانی یانەکەیان بەڵام لەلایەن لۆس سانتۆس و نەیمارەوە ڕەتکرانەوە. لەم وەرزەدا نەیمار لەکۆی ٦٠ یاری ٤٢ گۆڵی تۆمارکرد و سێیەم باشترین یاریزانی ئەمریکای باشوور بوو. لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ خەڵاتی جوانترین گۆڵی ساڵی بەدەستهێنا. وەرزی ٢٠١١-٢٠١٢ خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەمریکای باشووری بەدەستهێنا. لەدوای ئەم وەرزە نەیمار ڕایگەیاند کە ساڵی ٢٠١٣ دواین ساڵی دەبێت لە یانەی لۆس سانتۆس و دەیەوێت پەیوەندی بە یانەیەکی ئەورووپییەوە بکات، پاشان لۆس سانتۆس ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو ئۆفەریان لەلایەن دوو یانەی گەورەی ئەورووپاوە بۆ گواستنەوەی نەیمار پێشکەشکراوە. گواستنەوە بۆ بەرشەلۆنە: لە ٢٧/٣/٢٠١٣ بە فەرمی بڵاوکرایەوە کە نەیمار پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە کردووە. نەیمار وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤ ئاستێکی بەرزی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا پێشکەش کرد. وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ نەیمار بە تەواوەتی لەگەڵ خولی ئیسپانیدا گونجابوو و لەگەڵ هاوپیشەکانی لیۆنێل میسی و لویس سوارێز نازناوی ئێم ئێس ئێن MSNـیان پێبەخشرا. نەیمار توانی لەگەڵ بەرشەلۆنەدا لەم وەرزەدا نازناوی خولی ئیسپانی و خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەستبهێنێت. لە وەرزی ٢٠١٥-٢٠١٦ نەیمار لەسەر ئاستە نایابەکەی بەردەوامبوو. لە وەرزی داهاتوودا و لە ٢/٤/٢٠١٧ گۆڵی ژمارە ١٠٠ـی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەدا تۆماکرد.

پەیوەندی کردن بە یانەی پاریس سەینت جێرمانەوە

لە ٨/٣/٢٠١٧ بەرشەلۆنە ڕایگەیاند کە نەیمار چیتر لەگەڵ یانەکەدا بەردەوام نابێت و پەیوەندی بە یانەی پاریسەوە دەکات. نەیمار بە گرێبەستێکی ٥ ساڵی بە بڕی ١٩٠ ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە یانەی پاریسەوە کرد. بە درێژایی وەرزەکانی ٢٠١٧-٢٠٢٢ نەیمار وەکوو یاریزانی سەرەکی لە پێکهاتەی یانەکەدا بەژداربووە بەڵام بەپێی ڕۆشتنی کات ئاستی دابەزیوە و دەوترێت کە نەیمار لە پاریس خولیای تۆپی پێی بەرەو کەمبوونەوە ڕۆشتووە. لە ٢١/٣/٢٠٢٢ گۆڵی ژمارە ۱٠٠ـی لەگەڵ پاریسدا تۆمارکرد و بوو بە سێیەم یاریزان لە مێژوودا کە بتوانێت ١٠٠ گۆڵ لەگەڵ ٣ یانەی جیاوازدا تۆماربکات. 

 مێژووی یاریکردن لەگەڵ هەڵبژاردە

 ٢/٧/٢٠١٠ و کاتێک نەیمار تەنها تەمەنی ١٨ ساڵان بوو بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیدا بۆ یارییەکی فەرمی هەڵبژاردەکەی بانگهێشتکرا. لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە نەیمار وەکوو یاریزانێکی سەرەکی هەڵبژاردەکەی لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا بەژداربووە و توانیویەتی جامی کۆپا ئەمریکای ٢٠١٩ لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەدەستبهێنێت.

شێوازی یاریکردن

نەیمار توانای یاریکردنی لە هەموو جێگاکانی هێرشبردندا هەیە. بە لێهاتوویی و توانای تێپەڕینی یاریزانەکان ناسراوە. نەیمار ناسراوە کە توانای گۆڵ دروستکردن و گۆڵ تۆمارکردنی هەیە و یاریزانێکە کە بە بەردەوامی تواناکانی دەسەلمێنێت.

 ژیانی تایبەتی

نەیمار خولیا و حەزی بۆ فووتساڵ و تۆپی پێی سەر شەقام کۆکردۆتەوە و لە تۆپی پێیدا پیشانی داوە. هەر لە منداڵییەوە باوکی پشتگیری کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی تواناکانی نەیمار پەرەیانسەند باوکی زۆر هانیدا و وەکوو بەڕێوەبەری کارەکانی کاری دەکرد.


سەرچاوەکان



1883 بینین