سەمەرقەند

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-19-18:05:00 - کۆدی بابەت: 9080
سەمەرقەند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەمەرقەند (بە ئینگلیزی: Samarkand, بە عەرەبی: سمرقند). دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئۆزپاکستان و بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی ئاسیای ناوەڕاست، یەکێک لە شارەکانی ڕێگەی ئاوریشم و یەکێک لەگرنگترین شارەکانی ئێرانی کۆن دادەنرێت.

وڵات ئۆزپاکستان
دۆزینەوە سەدەی ٨ پێش زایین
ڕووبەر ١٢٣،٨ کیلۆمەتر دووجا
ژمارەی دانیشتوان ٥١٣،٥٧٢

مێژوو

بەهەمان شێوەی بوخارە، سەمەرقەند یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی ئاسیای ناوەڕاست کە دۆزرابێتەوە و خەڵکی تێدا نیشتەجێ بووبێت. کاتی دۆزینەوەی شارەکە بە تەواوەتی دیاری نەکراوە، بەڵام زۆربەی زانایان وای بۆ دەچن لە نێوان سەدەی ٧-٨ـی پێش زایینیدا دۆزرابێتەوە. لە ساڵی ٣٢٩ پێش زایینیدا ئەسکەندەری مەقدۆنی شاری سەمەرقەندی داگیر کرد. سەمەرقەند لای یۆنانییە کۆنەکان بە ماراکاندا ناسرابوو. دوای هێرشەکەی ئەسکەندەر شارەکە زیانێکی زۆری بەرکەوت، بەڵام بە فەرمانی ئەسکەندەر شارەکە بە شێوەیەکی ئەندازیاری یۆنانی دووبارە بنیادنرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسکەندەر بۆ یەکەم جار کولتوور و شێوازی یۆنانی بە ئاسیای ناوەڕاست ناساند. لە ساڵی ٢٦٠ زایینی ساسانییەکان سەمەرقەندیان داگیر کرد پاشان لە ساڵی ٥٣٠ زایینی لە شەڕی بوخارەدا تورکەکان سەرکەوتن و توانیان دەسەڵاتی سەمەرقەند بگرنە دەست. لە ساڵی ٧١٠ زایینی موسڵمانەکان سەمەرقەندیان داگیر کرد بەڵام دانیشتوانەکەی پەیڕەوکەری چەندین ئایینی جیاواز بوون لەوانە زەردەشتی، یەهودی، بوزی، مەسیحی و زۆربەی دانیشتوانەکەی پەیڕەوکەری ئایینی زەردەشت بوون. لە سەرەتادا دانیشتوانی شارەکە بەرپەچی عەرەبەکان بوونەوە، بەڵام دواتر زۆبەی دانیشتوان ئایینی ئیسلامیان قبوڵکرد و موسڵمانبوونی خۆیان ڕاگەیاند. پاشان لە ساڵی ١٠٤٠-١٢٠٠ و کاتێک دووبارە تورکەکان ئاسیای ناوەڕاستیان داگیرکرد سەمەرقەند بوو بە بەشێک لە هەرێمی قەرەخانید و وەکوو پایتەختی بەشی ڕۆژئاوای هەرێمەکە ناسرا. بە درێژایی دەسەڵاتی تورکەکان لە سەمەرقەنددا چەندین خوێندنگەی ئایینی و نەخۆشخانە و مزگەوت دروستکران. لە ساڵی ١٢٢٠ مەنگۆلەکان ئاسیای ناوەڕاستیان داگیر کرد و کاتێک هاتنە ناو شاری سەمەرقەندەوە بەشێکی زۆری شارەکەیان ڕوخاند و هەموو مزگەوت و شوێنە ئایینیەکانیان سووتاند. پاشان لە ساڵی ١٣٧٠ میر تەیمور سەمەرقەندی داگیرکرد و وەکوو پایتەختی ئیمپراتۆریەتەکەی دەستنیشانی کرد. بە درێژای دەسەڵاتی تەیمور زۆر گرنگی بە سەمەرقەند دەدا، چەندین وێنەکێش و ئاسنگەری بەتوانای هێنایە شارەکە و دووبارە شارەکەی بنیادنایەوە، ئەو کەسانەی لە ماوەی دەسەڵاتی تەیموردا سەردانی سەمەرقەندیان کردووە وتوویانە کە جوانیەکی بێوێنەی هەیە و بە یەکێک لە تایبەتترین شوێنەکانی زەوییان دانابوو. لە ساڵی ١٥٠٠ ئوزبێکییەکان دەسەڵاتی شارەکەیان گرتەوە دەست و محەمەد شەیبانی خان وەکوو دەسەڵاتداری شارەکە دەستنیشان کرا. بە درێژایی دەسەڵاتی محەمەد شەیبانی توانی چەندین خوێندنگەی ئایینی و مزگەوت لە سەمەرقەنددا دروست بکات و تاوەکوو ئێستا بوونیان ماوە، بە کۆمەڵێک شوێنی مێژوویی دادەنرێن. لە ساڵی ١٨٦٨ ڕووسیەکان ئۆزپاکستانیان داگیر کرد و سەمەرقەندیش یەکێک بوو لەو شارانەی داگیرکرا. پاشان کاتێک ئۆزپاکستان سەربەخۆیی ڕاگەیاند سەمەرقەند بەشێک بوو لەو شارانەی کە سەربەخۆ بوو. 

جوگرافیا

سەمەرقەند ڕووبەرێکی بچووکی هەیە. نزیکە لە هەر یەکێک لە شارەکانی بوخارە، تەشقەند و ٣٥ کیلۆمەتر لە سنووری تاجیکستانەوە دوورە. بە گشتی هاوینێکی گەرم و وشکی هەیە و زستانەکەی باراناوییە و بە بەراورد لەگەڵ زستانی وڵاتانی تردا تا ڕادەیەک پلەکانی گەرمی بەرزن.  

دانیشتوان

ڕاستە سەمەرقەند شارێکی وڵاتی ئۆزپاکستانە و زۆربەی دانیشتوانەکەی بە ئوزبێکی لە قەڵەم دەدرێن بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی بە بنەچە ئێرانین و هەندێک لە بەناو ئوزبێکییەکان تاجیکین، واتە زۆربەی دانیشتوانی سەمەرقەند لە بنەچەدا ئێرانی و تاجیکی (تاجیکستانی)ـن. لە ڕووی زمانەوە ٪٩٥ـی دانیشتوانەکەی بە ئوزبێکی قسەدەکەن و بە دیاریکراویش ئوزبێکی لاتینی.

ئایین

ئیسلام: زۆربەی دانیشتوانی سەمەرقەند موسڵمانن هەروەها هەندێک لە ناوچەکانی پەیڕەوی ئیسلامی شیعی دەکەن. ئیسلام لە سەدەی ٨ گەیشتە سەمەرقەند و سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا دانیشتوانی سەمەرقەند دژایەتی ئایینەکەیان دەکرد دواتر زۆربەیان موسڵمان بوونی خۆیان ڕاگەیاند. 
 
• مەسیحی: ئایینی مەسیحی پێش دروستبوونی ئیسلام هەبووە و پێش داگیرکردنی سەمەرقەند لەلایەن عەرەبەکانەوە بەشێکی دانیشتوانی سەمەرقەند مەسیحی بوون و زیاتر لە دوای سەربەخۆبوونی ئۆزپاکستانەوە چالاکییەکانی قەشەکان بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی ئایینەکە زیادی کرد.

شوێنە گرنگەکانی شارەکە

خوێندنگە ئاینییەکان مزگەوتەکان
ئولوغبێت بیبی خانوم
شیڕدار نەمزگاهـ
تیلا کاری حەزرەتی هیزیر
خۆجە ئەحرار و پەنجاب پەنجاب شیعە و خۆجا نیسبەتدار

 


سەرچاوەکان



635 بینین