گەشەی ئابووری

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-21-22:22:00 - کۆدی بابەت: 9117
گەشەی ئابووری

ناوه‌ڕۆك

گەشەی ئابووری چییە؟

گەشەی ئابووری (بە ئینگلیزی: Economic Growth، بە عەرەبی: النمو الاقتصادي) چەمکێکی ئابووری فراوانە بریتییە لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری ئابووری، بە بەراورد لە نێوان کاتێک بۆ کاتێکی تر،  دەتوانرێت بە شێوەیەکی ڕووکەش یان ڕاستەقینە بپێورێت. بە شێوەیەکی نەریتی گەشەی ئابووری بە پێی چەمکی تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی (GNP) یان تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی  (GDP) دەپێورێت و هەندێک جاریش پێوانە جێگرەوەکان بەکاردەهێنرێت.

تێگەیشتن لە گەشەی ئابووری

گەشەی ئابووری کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر چۆنیەتی ئاستی ژیانی خەڵک هەیە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان داهات زیاد دەکات، بەکارهێنەران دەتوانن کاڵا و خزمەتگوزاری زیاتر بەدەستبهێنن. داهاتی زیاتر و بەرهەمهێنانی زیاتر کاردەکەن بۆ زیادکردنی بەرهەم، هەروەها بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی خێرا گەشەکردنی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی. زۆری بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەران سوود لە دەرفەتی کارکردن وەربگرن، هەر بەم هۆکارەش حکوومەت دەتوانێت داهاتی باج بەکاربهێنێت بۆ خەرجکردنی لە خزمەتگوزارییە گشتیەکاندا، ئەمانە تەنها چەند نموونەیەکن لە کاریگەرییە بەرچاوەکانی گەشەی ئابووری لەسەر ئاستی ژیانکردن.

سەرچاوەکانی گەشەی ئابووری

گەشەی ئابووری و فراوانبوونی تواناکانی بەرهەمێنان لە گۆڕانی تەکنەلۆجی و کەڵەکەبوونی سەرمایەوە سەرچاوە دەگرێت. بە شێوەیەکی گشتی دوو سەرچاوەی سەرەکی گەشەی ئابووری هەیە لەوانە گەشەی قەبارەی هێزی کار و گەشەی بەرهەمهێنانی (بەرهەم لە کاتژمێرێک کارکردندا) هێزی کار. هەریەکەیان دەتوانن قەبارەی گشتی ئابووری زیادبکەن بەڵام تەنها گەشەی بەهێزی بەرهەمداری دەتوانێت تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و داهات زیادبکات. لە بنەڕەتدا پەیوەندییەک هەیە لە نێوان بەرهەمهێنانی ئێستە و گەشەی ئابووری لە داهاتوودا. بۆ ئەوەی وڵاتێک بتوانێت بەکارهێنەری زیاتر لە داهاتوودا بەدەستبهێنێت، پێویستە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کەم بکەنەوە، ئەو بەکارهێنەرانەی کە ئێستا دەستبەرداربوون دەرفەتی تێچووی گەشەی ئابوورییە.

چوار سەرچاوەی گرنگی گەشەی ئابووری:

  • سەرچاوە سروشتییەکان زەوی، کانزاکان، سوتەمەنییەکان، شوێنێکی گونجاوی جوگرافی، چەندایەتی و چۆنیەتییان.
  • سەرچاوە مرۆییەکان دابینکردنی هێزی کار و چۆنیەتی هێزی کار.
  • سەرمایەی فیزیایی و هۆکار و گۆڕانی تەکنەلۆجی ئامێر، کارگە، ڕێگاوبان، چەندایەتی و چۆنیەتییان.
  • هۆکارە ڕێکخراوەییەکان سیستمی بانکی، سیستمی یاسایی و گرنگترینیان سیستمێکی باشی چاودێری تەندروستی.

گەشەی ئابووری بەهۆی باشتربوونی چەندایەتی و چۆنیەتی ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنانەوە دروستدەبێت کە وڵاتێک لە بەردەستیدایە ئەوانیش کار، سەرمایە، زەوی و ڕێکخستنن، بە پێچەوانەشەوە ڕەنگە داکشانەوە ڕووبدات ئەگەر چەندێتی و چۆنیەتی هەر یەکێک لە ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان دابەزێت.

 نموونەیەک لەسەر گەشەی ئابووری

هەردوو وڵاتی ئەی و بی دوو وڵاتی جیاوازن، توانای بەرهەمهێنانی وڵاتی ئەی پێنج هێندەی وڵاتی بییە، وڵاتی ئەی تەنها یەک بەش لە چوار بەشی سەرچاوەکانی بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە تەرخاندەکات، لە هەمان کاتدا وڵاتی بی یەک بەش لە سێ بەشی سەرچاوەکانی بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە تەرخاندەکات، لە کاتێکدا هەردوو وڵاتەکە گەشەی ئابووری ئەزموون دەکەن بەڵام وڵاتی بی ئەزموونی فراوانبوون و گەشەی ئابووری خێراترە لە وڵاتی ئەی. ئەگەر وڵاتی بی بەردەوامبێت لە تەرخانکردنی سەرچاوەکانی بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە لەوانەیە بتوانێت بە تێپەڕبوونی کات بە ئاستی توانای بەرهەمهێنانی وڵاتی ئەی بگات، ئەگەر گەشەی ئابووری خێرا کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بێت دەتوانێت وڵاتێکی گەشەسەندوو بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو.

سوودەکانی گەشەی ئابووری

گەشەی ئابووری بە واتای زیادبوونی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و زیادبوونی بەهای بەرهەم و داهات و خەرجییە نیشتیمانییەکان دێت، لە بنەڕەتدا سوودی گەشەی ئابووری بریتییە لە ئاستی بەرزی ژیانکردن، داهاتی بەرزتر، توانای تەرخانکردنی سەرچاوەی زیاتر بۆ بوارەکانی چاودێری تەندروستی و پەروەردە.

  • داهاتی زیاتر
  • باشترکردنی دارایی حکومەت
  • کەمکردنەوەی هەژاری
  • پەروەردەیەکی باشتر
  • زیادبوونی تێکڕای تەمەنی چاواڕوانکراو


سەرچاوەکان



3328 بینین