ڕەهێڵە - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-23-15:55:00 - کۆدی بابەت: 9132
ڕەهێڵە - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

ڕەهێڵە

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: دیاری

هۆنراوە: ڕەهێڵە

لەسەر کوڵمی ناسک... مردن
دەسی کرد، بە بەستە وتن

پەرچەمی تەڕ، ئاڵا لە مل
فرمێسکی ئەڕژا، لەگەڵ... کل

شار، پەرۆشی ڕەهێڵەی سەخت
(ڕێی گرتەبەر لەگەڵ ناوەخت)

پرچی تەڕی پەرش و شیرین
بەستەیەکی ئەوت غەمگین

با... ئەیدا لە پرچی سەرشان
ئەلەرزی وەک تەلی کەمان

ئەندامی لەش، گەردن، ناودەم
شۆڕ شۆڕ لێی ئەڕژا ئاو و خەم

باران ئەچوو، بەگژ... گڕدا
لافاو لەناو قەدی پردا

زریکو هۆوڕ چرای ڕەنگین
ئەگریان بەتاو... ئەلەرزین

ژنی بەژن و باڵا نازدار
ئەیپێچایەوە... جادەی شار

ئەینواڕییە ڕێی گۆڕستان
چاوی ژاکاو پڕ لە گریان

پووزی ناسک، کەمەری تەنگ
بە تکی قوڕاو ڕەنگا و ڕەنگ

کپ و غەمگین و مات: کۆڵان
لەپڕ، هەورێک، ئەیزریکان!

کارەکەری... جوان، وەکوو گوڵ
بەدەم گریانەوە، بە کوڵ

وتی: کوڕی کۆشک و تەلار
لاوی بێڕەحمی پارەدار

دەسی بڕیم و دوای ئەنجام
وەختێک کە، گەیشت بە مەرام

خۆی و دایکی دەریان کردم
وێڵ وێڵ... بەم دەردەیان بردم

بێ لانە، بێ کەس، بێ هاودەم
ئەی خوای هەور و باران چیبکەم؟! 

پەریی کچێنیمیان... مران
بووم بە ژن... منی بەسزمان

ئەی کۆرپەی (باوک تاوانبار)
لە ئێستەوە بگری بەزار!

***

هەژارێک فریای کەوت... قەشەنگ
وتی: ئەی ژنی شۆخ و شەنگ

تۆزێ ئاڵتون نەنیشتووە
لەم، دڵە پڕ ئارەزووە

ها، دڵم، هێلانەی تۆ بێ
جێی، ئەو، ڕووە، جوانەی تۆ بێ


سەرچاوەکان



187 بینین