تیپی مۆسیقای خانزاد

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-25-20:43:00 - کۆدی بابەت: 9163
تیپی مۆسیقای خانزاد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیپی مۆسیقای خانزاد یان تیپی مۆسیقای خانزادی کچان (بە ئینگلیزی: Khanzad Musical Band)، تیپێکی مۆسیقا بوو لە باشووری کوردستان کە هەموو ئەندامان، ژەنیاران و گۆرانیبێژانی ئافرەت بوون.

مێژوو

لە ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەولێر هونەرمەندی مۆسیقاژەنی کورد وریا ئەحمەد لەگەڵ کچە ژەنیارانی کورد دەستیکرد بە مەشقکردنی مۆسیقا، توانی لەماوەی ٣ تاکوو ٤ ساڵ لەڕێگەی ئەم کچە لاوانەوە تیپێکی بچووکی مۆسیقا دابمەزرێنێت. تیپی مۆسیقای خانزادی کچان، لە سەردەمی خۆی تاکە تیپی مۆسیقا لە کوردستان و هەموو عێراق بوو کە سەرجەمی ژەنیارەکان و گۆرانیبێژانی ئافرەت بوون. ئەم تیپە لە فێستیڤاڵی هونەری گۆرانی کە لە ئاستی عێراق بەڕێوەچوو بەشداربوو، ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە سەرسامی تیپەکە بوون و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەکە دەستخۆشییەکی زۆریان ئاراستەی ئەندامانی تیپەکە کرد.

تیپی مۆسیقای خانزاد لە ساڵی ١٩٨٢ بەشداری (فێستیڤاڵی دووەمی هونەری کوردی) لە هەولێر کرد. لە ساڵی ١٩٨٣ کۆمەڵێک گۆرانیشی بۆ تەلەڤزیۆنی کەرکووکی ئەوکات تۆمارکرد، بەم هۆیەوە ناوبانگی دەرکردەوە. هەروەها لە بەرنامەی (هەرجارەی لە پارێزگایەک) لە تەلەڤزیۆنی عێراق بەشداریانکرد، چەندین گۆرانییان لەو بەرنامەیە پێشکەشکرد، وەکوو:

  1. هەی مینە عەمرم مینە
  2. هۆپ زندان و هۆپ زندان
  3. دەک نەمینێم ئەلەزە
  4. ئایشۆکی دەلالی دبلا وابی هەروابی
  5. وەزتازەممە وەزتازەممە
  6. خان ئەمیری
  7. لەگەڵ گۆرانیی پەشیمانی لە هۆنراوەی گۆران بە ئاوازی وریا ئەحمەد و وتنی کۆرس

ناوی تیپەکە

تیپەکە بە خانزاد ناونراوە. خانزاد یەکێک لە ئافرەتە ناسراوەکانی مێژووی کورد بووە، کە بۆ ماوەیەک میری میرنشینی سۆران بووە. هاوسەرەکەی خانزاد بە ناوی میر سلێمان بەگ لەلایەن دوژمنانی ژەهرخوارد کراوە و کوژراوە، خانزاد لە ساڵی ١٥٩٧ لە شاری بەغداد ڕۆیشتووە و لە میرنشینی سۆران دەسەڵاتی میرایەتیی گرتووەتە دەست.

داخرانی تیپەکە

لە ساڵانی هەشتاکانی زایینی جەنگ لە نێوان ئێران و عێراق هەڵگیڕساو و دەوڵەتی دیکتاتۆری حیزبی بەعسی عێراق (سەدام حسێن) فشاری خستەسەر وریا ئەحمەد، کە سروود و گۆرانی بۆ حیزبەکە و دیکتاتۆرەکەی بڵێن. لەدوای ئەم فشارانە وریا ئەحمەد وازی لە تیپەکە هێنا. لەدوای ئەو، چەند هونەرمەندێکی تر لە شوێنی ئەو چالاک بوون کە یەکێکیان شێرزاد عوزێری بوو، بەڵام هیچکامیان بەرهەمێکی وایان نەبوو و لەدوای ماوەیەک تیپەکە داخرا و لە چالاکی وەستا.

ئەندامان

  • شەعائع تاریق، ئامێری ئۆرگ
  • سۆزان فایەق، کەمان
  • ڕێزان حەمید، کەمان
  • ڤیان قاسم، کلارنێت
  • نادیە ئامێری ئۆکۆردیۆن
  • سۆزان حەمید ئامێری ئیقاع
  • سەراب، ئامێری گیتار
  • وەردە، دەف
  • ناسکە عزەدین مەحیەدین، فلووت
  • ڤیان فایەق، ئامێری گیتار، گۆرانیبێژ

لە ئەندامانی چالاکی تیپەکە دەتوانرێت ئاماژە بە (ڤیان فایەق و ناسکە عیزەدین محێدین) بدرێت. ڤیان فایەق کە ژەنیاری ئەمێری گیتار و هەروەها گۆرانیبێژ بوو لە زۆربەی چالاکیانی گرووپەکە بوونی هەبوو. ناسکە عیزەدین محێدین دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی موسڵ بەشی میوزیک بوو، کە وەکوو ژەنیاری ئامێری فلووت بەشداری چالاکییەکانی تیپپەکەی دەکرد، لە سەرەتای چالاکییەکانی تیپەکە لە ساڵی ١٩٨٠ ئەندامی تیپی مۆسیقای خانزادی کچان بوو.


سەرچاوەکان



362 بینین