غەزەڵی فیراق - جەلال مەلەکشا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-27-12:29:00 - کۆدی بابەت: 9191
غەزەڵی فیراق - جەلال مەلەکشا

ناوه‌ڕۆك

غەزەڵی فیراق

شاعیر: جەلال مەلەکشا

بەرهەم: شیعرەکان

هۆنراوە: غەزەڵی فیراق

ئەگەر چی زەخمی دڵ ناسۆرە قەد داوای دەوا ناکەم
بە داوی شیوەن و ناڵین مەگەر دولبەر بە داوا کەم

نەماوە باوی عیشق و ناوی دڵ، بازاڕی دڵداری
سەری خوم هەڵگرم دەرچم بڕۆم و ڕوو لە سەحرا کەم

ئەوندەی دڵشکاندم یاری دڵڕەق شەرتە وەک مەجنوون
لەمەولا روو لە قیبلەی کەعبەتۆلعوششاقی لەیلا کەم

غوبار و تۆزی ئاوێنە بە ئاوی روون نەبێ ناچێ
مەگەر من هەر بە مەی فیکرێ بە حاڵی رۆحی شەیدا کەم

وتی زاهید: کە پەیمانە بە بەردی تۆبە بشکێنە
بڵا بمرێ ڕەقیبی سەگ سفەت من کاری وا ناکام

دەڕۆم، ئەم کافرستانە بە جێ دێڵم، خودا بیکا
لە شاری عاشقاندا دەلبەرێکی تازە پەیدا کەم

لە سەر رێبازی خوێنی حەزرەتی پەروانە چەن خۆشە
بە هێزی ئاوری شەم شوڕشێ مەستانە بەرپا کەم

فەراقی تۆیە تەقدیرم، هەتا رۆژی حەشر گیانە
مەگەر تا نەفخی سووری عاشقان هەر شین و واوا کەم

بە ماچێ ئاوری دڵ رەنگە دامرکێ بەڵام هەرگیز
لە رێی ئیشقا ئەگەر بمرم تەقازای ناڕەوا ناکەم

غەزەل بەر تەسکە بۆ هاواری عاشق خۆزگە ئەمتوانی
لە هیجران و فیراقی گوڵ فوغانێ بولبول ئاسا کەم!


سەرچاوەکان



207 بینین